سەرەتا
هەڵبژاردنی ١٢ی مایس گۆڕواێکی گرنگە کە ئەگەری هەیە گۆڕانکاری بەرچاو بەدیبهێنیت. ئەمە هەم بەدیوی ئەرێنی و هەم بەدیوی نەرێنێش خۆی دەنوێنێت. لەبەرئەمە چەند سیناریۆیەک بۆ دۆخی پاش ١٢ی مایس پێشبینی دەکرێن. ئەم سیناریۆیانە لەنێوان دوو گریمانەی سەرەکی سەقامگیری و ناسەقامگیریدا پۆلێندەکرێن. هەندێک پێیانوایە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مایس عێراقێکی جیاواز دەخاتەوە و سەقامگیری سیاسی بەدیدەهێنێت. هەندێکیش دەڵێن لەپاش ١٢ی مایس سەردەمی ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق دەستپێدەکات.
عێراق بە سیستەمی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەمە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مایس رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت. هۆکارەکەشی ئەمەیە کە لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا نەخشەی سیاسی ناوخۆی عێراق بۆ خولێکی چوار ساڵە دەگۆڕدرێت. سەلکی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاری، قانوندانان و دادوەری دەگۆڕدرێن، سێ سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریدەکرێن، وەزیران و بەڕێوبەرە سەرەکییەکان و بەرپرسیاری دامودەزگا سیادییەکان دادەنرێن کە لەناو ئەمانەدا پۆلیسی فیدراڵی، هەواڵگری و دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی (ئەگەر دابنرێ) بۆ کورد گەلێک گرنگن.
پرسیاری ئەم پەڕەیە بەمشێوەیە دەخرێتەروو: گەلۆ ئەم هەڵبژاردنە لە عێراق سەقامگیری سیاسی دەستەبەردەکات و پایەکانی دەوڵەت دەچەسپێنێت یان نا؟ ئایا پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی پاش ١٢ی مایس چۆنچۆنی دەبێت؟
دوو گریمانە: هەڵبژاردنەکانی ١٢ مایس، عێراق بەرەو دۆخێکی جیاواز داژۆن. لێرە دوو گریمانەی سەرەکی هەن: یەکیان دەڵێ ئەم هەڵبژاردنە سەقامگیری لێدەکەوێتەوە و عیراق پایەکانی بەدەوڵەتبوونی خۆی دەچەسپێنێت. دووەمیشیان دەڵێت: نەخێر ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە فاکتەری بەرپابوونی ناسەقامگیری و سەرەنجام وڵات بەرەو بشێوی و پاشاگەردانی دەبات. لەنێوان ئەم دوو بژارەیەدا بڕیارسازی کوردستانی دەبێ حسابی سیاسی خۆی لەسەر خراپترین سیناریۆ بکات و بەدیلە ستراتیژییەکانی خۆی بەپێی ئەوە دیاریبکات.
بۆیە: گریمانەی ئەم پەڕەیەش دەڵێ بەپێی فاکت و پێداوە هەنووکەییەکانی ئەم عێراقە، گریمانەی دووەم زیاتر خۆی بەرجەستەدەکات.
بۆچی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە؟
کاتێک دەپرسین بۆچی جیاوازە، پێوەری پێواندنی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراقە. جیاوازییەکەش لێرەوە هەڵدەقوڵێت: جاران عێراق لەژێر وەسایەتی ئەمریکادا بوو. زۆربەی دەزگا سەروەرییەکانی تاڕادەیەک لە کۆنترۆڵی ئەمریکادا بوون. لە ٢٠١٢ ئەمریکا لە عێراق کشایەوە و لە ٢٠١٤ سەرلەنوێ گەڕایەوە عێراق، بەڵام گەڕانەوەی ئەمریکا لە ٢٠١٤ هەرگیز وەکو هاتنەناوەوەی ٢٠٠٣ نییە. ئێستا عێراق بە حیساب دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری هەیە کە ئەگەر هەیە بەیەکجاری شیعە بەسەریدا زاڵببێ و، دەستوەردانی ئەمریکاش تاڕادەیەک سنووردار دەبێت. هەروەها سێ گۆڕاوی جیاواز سەریانهەڵداوە:
یەکەمیان: ئەو فاکتەرەی کە نفوزی ئەمریکا دەپەستێوێ پرسێکە بەناوی: ئێران. ئەم ئێرانە لەڕێی گۆڕاوێکەوە عێراقی دەستەمۆکردووە کە پێیدەگوترێ حەشدی شەعبی. لەڕێی حەشدی شەعبییەوە دەستی خستووەتە ناو سکی عێراق و بە سوپایەکی بەدیلی تەریب دەوڵەتەکە کۆنترۆڵ دەکات. ئێران جاران تەنیا لەڕووی سیاسییەوە ئامادەگی خۆی نیشاندەدا و کەمتر لەڕووی سەربازییەوە خۆی دەنواند. بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی داعش و لەدوای فەتوای دیفاعی کیفایی سیستانی، ئەمڕۆ سوپایەکی تەریب کە٨٠% ی لەژێر نفوزی سوپای پاسداران و قەرارگای قودسدایە، لە عێراق باڵادەست بووە.
دووەمیان: گۆڕاوێکە بەناوی داعش. لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا دیاردەی تیرۆر نەگەیشتبووە ئاستی داگیرکردنی خاک و کۆنترۆڵکردنی خەڵک. لە ٢٠١٤ دا ئەم گۆڕاوە خۆی نواند و داعش سێیەکی خاکی عێراقی دەسخست و سیستەمی دەسەڵاتی خۆی تێدا پیادەکرد. بەقسەی هەندێک لە پسپۆڕان داعش دەوڵەتێکی تیرۆریستی دامەزراند کە هەتا ئەم ساتەش هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی خەریکی قەڵاچۆکردنییەتی. ئەم گۆڕاوە لاواز بووە بەڵام بنەبڕ نەبووە و ئەگەری بەهێز ئەمەیە: هەتا پرسی عەرەبی سوننە چارەسەرنەکرێ کە پرسی ناسنامە و سەروەرییە، لە ناوچە سوننەنشینەکاندا هێزی سەربازی بەناوی جیاواز سەرهەڵدەداتەوە.
سێیەمیان: پرسی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی دروسکردووە. ئەم پرسە هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی ناوچەیی هێنایەکایەوە و بەهۆکاری دەرەکی و ناوەکی رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە. لەمەشەوە عێراق بەزەبری سەربازی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکانی داگیرکردەوە. ئەم پرسە لەڕێی چەند هۆکارێکەوە بەشێوەی کاتی راگیراوە کە گرنگترینیان دەستوەردانی ئەمریکایە. بەڵام یەکێک لەو دینامیکیەتانەی کە ئەگەری هەیە لە دوای ١٢ی مایس بتەقێتەوە، پرسی ناوچە داگیرکراوەکانە.
ئەم هەڵبژاردنە بۆچی گرنگە؟
کاتێک دەڵێین ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەیە:
لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کە رۆژی ١٢ی مایس بەڕێوەدەچێت، بەپێی بۆچوونی گەلێک لە پسپۆڕان هەڵبژاردنێکی یەکلاکەروەی چارەنووسی دەبێت، چونکە نەخشەی سیاسی لەناوەوە یەکلادەبێتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەکیپێکی تازە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەستنیشاندەکرێن. بڕیارە ٢٤ میلیۆن و دووسەد هەزار عێراقی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٨ کورسی لە ١٨ پارێزگادا بەشداری بکەن. بەپێی دابەشبوونی رێژەی دانیشتووان لە پارێزگاکاندا بڕیارە بۆ هەر پارێزگایەک لە ٧ تاوەکو ٧١ پەرلەمانتار هەڵببژێردرێن.
لەم هەڵبژاردنەدا ٧٣٦٧ بەربژار بۆ دەسخستنی ٣٢٨ کورسی دەچنە ململانێوە کە لەناو ئەم ژمارەیەدا ٢٠١٤ کەسیان ژنن کە بەپێی قانوونی هەڵبژارنەکانی عێراق چواریەکی کورسییەکان بۆ خانمان دەبێت و رێژەی ٢٠١٤ لە کۆی ٧٣٦٧ بەربژێر رێژەی سێیەک پیشاندەدات. هەروەها لەم رێژەیەدا ٩ کورسی کۆتا بۆ کەمینەکانە: ٥ کورسی بۆ کریستیانەکان و ٤ کورسیش بۆ ئێزدی، سائیبە، شەبەک و کوردە فەیلییەکان دەبێت.
دیسان لەم هەڵبژاردنەنانەدا زیاتر لە ٢٠٤ گرووپی سیاسی و ١٣٤ حیزب لەتوێی ٢٧ ئیئتلافی هەڵبژاردنیدا بەشداریدەکەن و دەچنە رکابەرییەکی سەختەوە. ئەم رێژەیە خۆی دوو تایبەتمەندی هەڵدەگرێت: یەکەمیان ئەرێنییە و نیشانەی فرەیی سیاسی و کولتووری عێراقە، هەروەها نیشانەی فەزای کراوەی سیاسیشە. دووەمیان نەرێنییە و ململانێ بە فرەییەکی واوە کە سەرەنجام لەتوێی ململانێ و رکابەرییەکانی ناسنامە بەتایبەت ناسنامەی ئەتنی و مەزهەبیدا دەگیرسێتەوە، پاشاگەردانی لێدەکەوێتەوە، سەرەنجام سەر بۆ تۆخکردنەوەی کێشمەکێشی ئەتنی – مەزهەبی دەکوتێت و درزەکانی ناو عێراق دەکاتەوە.
سیناریۆکانی پاش ١٢ی مایس
بۆ دۆخی دوای ١٢ی مایس دەشێ چەند سیناریۆیەک بخرێنەڕوو. ئەم سیناریۆیانە لەنێوان دوو گریمانەی سەرەکی سەقامگیری یان ناسەقامگیری عێراقدا دەخولێنەوە. ئەمەش پەیوەندی بە دینامیکیەتە ناوخۆییەکانەوە هەیە. هۆکارەکەشی ئەمەیە کە بەیتی شیعی لە عێراق خەریکە قەڵشی شیرگیری تێدەکەوێت. بەیتی شیعە بەسەر دوو ئاراستەی ستراتیژی جیاوازدا دابەشدەبێت: یەکیان پێیوایە عێراق نابێ بەپێی سیستەمی ویلایەتی فەقێ بەڕێوەبچێ، ئەوی تریان دەڵێ ویلایەتی فەقێ بۆ عێراق گرنگە.
یەکیان دەڵێ نەجەف ناوەندی شیعەکانی جیهانە، یەکیان دەڵێ قوم خەریکە ئەم رۆڵە دەگێڕێت. یەکیان سیستانی بە مەرجەع دەزانێ و یەکیان خامنەیی. یەکیان پێیوایە عێراق نابێ ببێتە تەواوکەری ئێران و یەکیشیان دەڵێ ئێران نەبوایە عێراق کۆتایی پێدەهات. یەکیان دەیەوێ عێراق بگێڕێتەوە بۆ ناو زەمینە عەرەبییەکەی، یەکیشیان دەیەوێ عێراق بکاتە پردی پێکەوەبەستنەوەی هیلالی شیعە و بەسەر عێراقدا پڕۆژەی جیهانی شیعە لە سووریا و لوبنان کامڵ بکات. خراپییەکەش ئەمەیە کە هەردوو بۆچوونەکە چەکیان بەدەستەوەیە.
لەبەرئەمە: سیناریۆکانی پاش ١٢ی مایس بەپێی دوو دینامیکیەتی ناوخۆیی و دەرەکی دێنەکایەوە. ئەمەش لەدیوی ناوەوە لەلایەک پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعەوە هەیە کە لەنێوان دوو بۆچوونی ستراتیژی جیاوازدا یاریدەکات، دووەمیشیان پەیوەندی بە کێشەی ساختاری وڵاتەوە هەیە کە یەکیان دۆزی کورد بەتایبەت ناوچە داگیرکراوەکانە و ئەوەی دیکەشیان دۆزی عەرەبی سوننەیە. لەدیوی دەرەوەش کێشمەکێشەکانی نێوان دوو جەمسەری ئێران و عەرەبستان لەلایەک و ئێران – ئیسرائیل لەولا و ئێران - ئەمریکا لەلای دیکەیە. ئەمانە هەمووی لەپاش ١٢ی مایسدا رەنگدەداتەوە.
بەپێی ئەمە یەکەم سیناریۆ دەڵێت: هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مایس بە بێنەوبەرەیەکی زۆرەوە سەرەنجام حکومەتێکی ئیئتلافی بەپێی مۆدێلی ساڵانی پێشووی لێدەکەوێتەوە کە بەناو حکومەتی تەوافقی دەبێ کە تەن و سەری شیعەیە، بەڵام دەستوقاچی لە هەندێک گرووپی کورد و سوننە پێکدێت. ئەمەش لەسەر یەکخستنی دینامیکیەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەبێت. بەڵام ئەم حکومەتە ناتوانێ سەقامگیری بۆ ناو عێراق بگێڕێتەوە. بۆیە سیناریۆی حکومەتی ئیئتلافی و دیموکراسی تەوافقی لە ماوەیەکی مامناوەندیدا کۆتایی پێدێ و قەیرانی جیاواز رووی تێدەکەن.
سیناریۆی دووەم دەڵێت: پرۆسەی پێکەوەنانی حکومەت زۆر دەخایەنێت. سەرەنجام بە رێکەوتنی ناوماڵی شیعە حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی بە باڵادەستی شیعە بەشێواوی لەدایکدەبێ، کە هەوڵدەدا پرسەکانی وڵات بە زەبری هێزی سەربازی چارسەربکات. لێرەدا ئەم سیناریۆیە بەپێی مۆدێلی ئێرانی رێکدەخرێتەوە، بەڵام توانای دابینکردنی پرسە سەرەکییەکانی وڵاتی نابێ و قەیران و ئاڵۆزی باڵ بەسەر عێراقدا دەکێشێت. ئا لێرەوە دووریانەی عێراق خۆی دەردەخات:
عێراق لەسەر دووریانەدا وەستاوە: یان دەبێتە دەوڵەتی هاووڵاتی و دەوڵەتی هەموو پێکهاتەکانی بە کورد و سوننەوە و ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان دێتەکایەوە. یاخود عێراقێکی شیعە لەدایکدەبێ کە کار لەسەر تێزی بە ئەویترکردنی کورد و سوننە دەکات و، هەوڵی دەرپەڕاندنی ئەم دوو پێکهاتەیە لە ناوەندی دەسەڵات و سەروەری دەدات کە ئەمەیان کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
ئەزموونی 10 ساڵەی رابردوو و فاکتەکانی ئەم ماوەیە پێماندەڵێن: بۆچوونی دووەم ئەگەری جێگیربوونی بەهێزە. بۆیە بەپێی ئەم تێزە هەڵبژاردنەکانی ١٢ ی مایس سەقامگیری بۆ عێراق دەستەبەر ناکات، بەڵکوو دەبێتە سەرەتای مەینەتی و ماڵوێرانی زیاتریش.
هەڕەشەکان: هەرێمی کوردستان چی بکات؟
هەڕەشەکان بۆ هەرێمی کوردستان ئەمانەن:
یەکەم- هەڕەشەی یەکەم سەرکەوتنی پڕۆژەی ئێرانییە کە مۆدێلی حکومەتی زۆرینەی سیاسی بە باڵادەستی شیعەیە کە ئەگەری هەیە هەندێک گرووپی کوردی بە جیاواز شیرازەی تەبایی کوردی تێکبدەن و لەگەڵ ئەم حکومەتە بەناوی تەمسیلی کوردەوە بەشداری بکەن. ئەمە تانوپۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان دەترازێنێت. بەڵام ئەم سیناریۆیە بۆ کورد ئەو سوودەی هەیە کە رۆژئاوا تەنیا بژارەی کوردی بەدەستەوە دەمێنێت.
دووەم – هەڕەشەیەکی دیکە سەرکەوتنی پڕۆژەی ئەمریکایە: ئەمریکا دەیەوێ لەڕێی عەبادییەوە کابینەیەکی تەوافقی لە شیعە، کورد و سوننەی میانڕەوی لایەنگری رۆژئاوا پێکەوە بنێت.
عەرەبستان، بلۆکی خەلیجی و هەندێک وڵاتی سەرەکی عەرەبی پشتیوانی لەم پڕۆژەیە دەکەن. بەڵام سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە رۆڵی ستراتیژی کورد لاوازدەکات. ئەمریکا بایەخ بە عێراق دەدا و بەرە –بەرە پێگەی هەرێمی کوردستان دەپووکێتەوە. رێک سیناریۆی بیستەکانی سەدی رابردوو دووبارەدەبێتەوە کە بەریتانیا بەسوودی عێراقی ناوەندی حکومەتی شێخ مەحموودی پووکاندەوە و کوردی بەتەواوەتی پاشکۆی عێراق خست. پڕۆژەی ئەمریکا ئەگەر سەربگرێ پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لاوازدەکات.
بڕیارسازی کوردستانی دەبێ ئەم تەدبیرانە وەربگرێت: یەکەم – دەبێ دەستبەجێ کۆتایی بە پەرتەوازەیی و پچڕ – پچڕی گرووپە کوردستانییەکان بهێنێت. بەتایبەت سەرۆکوەزیران لەمڕووەوە دەبێ وەکو یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکاری لە کوردستان، ئەرک و پەیامی مێژوویی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ و بە کۆبوونەوەی ئاوارتە هەموو لیستە سەرکەوتووەکان کۆبکاتەوە و پێکەوە یەک فراکسیۆنی کوردستانی پێکەوەبنێن.
دووەم – دەبێ هەوڵبدرێ لە ناوچە داگیرکراوەکاندا رێژەی بەشداری هاووڵاتیانی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا دانەبەزێت. بۆ ئەمەش دەستخستنی زیاتر لە ٥٠ کورسی بۆ کورد بە سەنگی یەکلاکەرەوە لەقەڵەمدەدرێت.
لە پاش ١٢ ی مایسدا گرنگترین گۆڕاو بەریەک کەوتنی دینامیکیەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەپاش هەڵبژاردنەکانە کە کاریگەری لەسەر پێکەوەنانی حکومەت دەکات. لەبەرئەمە پێناچێ هیچ لیستێک زۆرینەی رەها بباتەوە. بۆیە لەناو ١٠ ئیئتلافی گەورەدا، چواریان بە تۆخی دەچنە رکابەرییەوە کە بریتین لە: لیستی نەسر – لیستی فەتح، لیستی دەوڵەتی قانوون و لیستی ئەلوەتەنییە. ئەمە رۆڵی کلیلی بە کورد دەبەخشێتەوە بەمەرجێک زیاتر لە ٥٠ کورسی بهێنێ و لەوە واوەتریش لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەکانەوە فراکسیۆنێکی کوردی یان کوردستانی یەکپارچە پێکەوەبنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ