پەیکەر بۆ پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز و د. جەمال ئەحمەد دروستدەکرێت

11-05-2019
رووداو @Rudawkurdish
پەیکەرەکان لە قۆناخی کۆتاییدان
پەیکەرەکان لە قۆناخی کۆتاییدان
نیشانەکردن پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز د. جەمال ئەحمەد رەشید
A+ A-

رووداو - سلێمانی

پەیکەرسازێکی شاری سلێمانی دوو پەیکەر بۆ هەردوو کەسایەتی کۆچکردوو، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز و د. جەمال ئەحمەد رەشید، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دروستدەکات، دەڵێ: کارەکانی لە قۆناخی کۆتاییدایە.

چێنەر نزار، پەیكەرتاش و خاوەنی پرۆژەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "پەیکەرەکان لە قۆناخی کۆتاییدان، بڕیارە پەیکەری پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز،  لەبەردەم میوانخانەی فەرەح و د.جەمال ئەحمەد رەشیدیش لەبەردەم نەخۆشخانەی منداڵان دابنرێن. 

چێنەر نزاری پەیکەرتاشێکی لاوی سلێمانییە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 پەیکەری بۆ کەسایەتییە جیاوازەکان دروستکردووە. 

د. جەمال ئەحمەد رەشید لە ساڵی 1944 لەدایکبووە و ساڵی 1968 کۆلێژی پزیشكی تەواوکردووە، سەرەتا وەک پزیشكی گشتی لەبواری منداڵان کاریکردووە و دواتر بووەتە پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و50 ساڵ چارەسەری منداڵانی کوردستان بەگشتی و منداڵانی شاری سلێمانی بەتایبەتی کردووە. 

رۆژی 4-9-2018 د. جەمال ئەحمەد رەشید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە ئەڵمانیا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایکرد. 

هەرچی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز، نووسەر و بیرمەندی نێوداری كوردبووە و مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەكێتیی كورد- كاژیك) و لەساڵی 1962ەوە لە ئەوروپا دەژی و خاوەنی زیاتر لە 60 كتێب و سەتان لێكۆلینەوەی زانستی و هزری و سیاسییە بە زمانەكانی: كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و ئەڵمانی. ماوەیەكی زۆر لە كوردستان، عێراق و ئەڵمانیا مامۆستا بووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە