ساڵی 2013 ساڵی ساغكردنەوە و سەلماندنی چارەسەرێكی نوێ بوو بۆ شێرپەنجە كە بە بەرگرییەچارەی شێرپەنجە (Cancer Immunotherapy) ناسراوە.
چیرۆكی بەرگی پێشەوەی دوایین ژمارەی گۆڤاری سایەنس (زانست) كە یەكێكە لە ناودارترین گۆڤارە زانستییەكانی دنیا، باس لەوە دەكات كە ئەم چارەسەرە خاڵی وەرگەڕانە لە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەدا. (http://news.sciencemag.org/breakthrough-of-the-year-2013)
بەگوێرەی گۆڤارەكە، (بەرگرییەچارە) بریتییە لە خستنەگەری سیستەمی بەرگریی لەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە. ئەم كارەش لە رێگەی 'خانەی تی' (T cell) ەوە ئەنجامدەدرێت. لێرەدا چۆنیەتی كاركردنی بایۆلۆجی ئەو خانەیە و كاركردنی بۆ كۆنترۆڵكردنی لووە شێرپەنجەییەكان باسناكەم لەبەر ئەوەی من پسۆڕ نیم لەو بوارەدا و ئەم نووسینەش شوێنی ئەوە نییە. بەڵام ئەوەی كە گرنگە لێرەدا باسبكرێت چیرۆكی ئەو چارەسەرەیە.
كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، چەند توێژەرێكی فەرەنسی بەبێ ئەوەی بیریان لەلای شێرپەنجە بێت، ئەو پرۆتینە وەرگرەیان دۆزییەوە كە لەسەر (خانەی تی) كاردەكات بۆ بەرگرتن لەكاركردنی ئەو خانەیە. لە كۆتایی هەشتاكاندا زانستكارێكی ئەمەریكایی ئەوەی دۆزییەوە كە ئەو پرۆتینە كاردەكات بۆ راگرتنی خانەی تی لەوەی كە كاری بەرگری بكات. بۆیە بیریكردەوە كە ئەگەر رێگە لەو پرۆتینە بگیرێت لەوەی رێ لە خانەی تی بگرێت، ئەوا خانە بەرگریكارەكان دەتوانن هێرش بكەنە سەر خانە شێرپەنجەییەكان.
لە ساڵانی نەوەتەكان توێژەرێك لە ژاپۆن وردیلەیەكی دۆزییەوە لە 'خانەی تی' مردوودا و ناوی نا مەرگی بەبەرنامە (PD1) كە وەك رێگرێكی دیكەی 'خانەی تی' ناسێنرا.
ساڵی 2006 یەكەم تاقیكردنەوەی ئەو چارەسەرە لەسەر 39 نەخۆش ئەنجامدرا كە پێنج جۆری جیاوازی شێرپەنجەیان هەبوو. ساڵی 2008 ئەنجامەكان خورپەبەخش بوون. پێنج لە نەخۆشەكان كە نەخۆشییەكەیان سەخت بوو، لووەكانیان بچووك بوونەوە. هەندێكیان لە ژیان بەردەوامبوون كە بڕوانەدەكرا لە ژیاندا بمێنن.
پایزی 2013، ئەو كۆمپانیایەی چارەسەرەكەی دروستكردووە رایگەیاند كە لەو 1800 نەخۆشەی ئەم جۆرە چارەسەرەیان وەرگرتووە، 22% یان دوای 3 ساڵ لە چارەسەرەكە هێشتا لە ژیاندا ماون.
بەگوێرەی گۆڤاری سایەنس، ئەم رێگەیە پەڕەیەكی نوێیە لە چارەسەری شێرپەنجەدا (تاوەكو ئێستا سێ رێگە هەبوون بۆ چارەسەری شێرپەنجە: نەشتەرگەری، چارەی كیمیایی، تیشكدانەوە). چارەسەری چوارەم هەنگاوێكی گەورەی دیكەیە لە پێشكەوتنی زانستدا بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن لە جیهاندا.
ئەوەی لەم چیرۆكەدا گرنگە ئەوەیە كە نزیكەی 30 ساڵ لە توێژینەوە و كۆششی زانستكاران لە سەرتاسەری جیهاندا و خەرجكردنی ملیۆنان دۆلار و هەزاران كاتژمێر كاركردن و بەشداری چەندین كارمەندی تاقیگەكان، ئاسۆیەكی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە هاتەبوون.
لە ئەنجامی بیركردنەوەی زانستی و توێژنەوە و میتۆدی زانستی، لە ئەنجامی تێگەیشتن لە چۆنیەتی كاركردنی خانەكانی لەش، لە ئەنجامی تێگەیشتن لە بایۆلۆجیا و كیمیا و بایۆكیمیا، بە هەوڵ و كۆششی زانستكاران و بەرهەمهێنەران، هەنگاوێك نرا و چارەسەرێكی نوێ هێنرایەبوون.
لەهەمان ساڵدا لە كوردستان، نەخۆشەكان موژدەی چارەسەرێكی یەكجاریی گەورە و كاریگەر و ئاسانیان پێدرا. چارەسەرێك كە پێویستی بە توێژینەوە و شەونخونی و ملیۆنان دۆلار نییە: میزی حوشتر.
دنیایەك هەیە كە تێیدا كەسانێك خولیای دۆزینەوەن، سەرقاڵی وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەكانن، خەریكی خوێندنن و ماندوودەبن لە پێناو باشتركردنی ژیان و ئاسۆی بەختەوەریی مرۆڤدا. دنیایەك كە تێیدا كەسەكان شەونخونی دەكەن، هەوڵەكانیان وێكدەخەن، زانین و توێژینەوە و دەستكەوتەكان لەگەڵ یەكدی ئاڵوگۆڕدەكەن. هەر یەكە لەلای خۆیەوە بەردێك دەخاتە سەر بەردێك بۆ گەیشتن بە چارەسەری باشتر و شیكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و دۆزینەوەی رێگەی نوێ. دنیایەكیش هەیە مرۆڤەكانی غەرقی خورافە و جۆرێك لە ئەدەبیاتن و بێباكانە بە میزی حوشتر و هەنگوین و رەشكە، بەڵێنی چارەسەری هەرچی نەخۆشییەكانی دنیا هەیە بە خەڵكی دەدەن. بەڵێنی ئەوەیان پێدەدەن كە خوێندنی قورئان و خواردنی رەشكە و هەنگوین و خواردنەوەی میزی حوشتری تێكەڵ بە شیر چارەسەرن بۆ سەرجەم نەخۆشییە زانراو و نەزانراوەكان.
خەڵكیش لەبەر ئەوەی بێهیوان، لەبەرئەوەی دەستیان راناگات بە سەرچاوەی دروست، لەبەرئەوەی سیستەمی پەروەردە و سیاسەتی وڵات خەڵكیان خستووەتە دۆخێكەوە كە لەبری زانست بڕوا بە خورافە بكەن، لەبری كیمیا و بایۆلۆجیا و دەرمانسازی، پەنا دەبەنە بەر دوعاكردن و خواردنەوەی میزی حوشتر.
ئەو دوو دنیایەی لەسەرەوە باسمكردن لەسەر ئەم هەسارەیەن. لەلایەك كەسانێك توێژینەوەی زانستی دەكەن و توانیویانە تەمەندرێژی و خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤ فەراهەم بكەن. لەلایەكی دیكەشەوە دنیایەك هەیە كە هەموو بەشدارییەكی بۆ مرۆڤایەتی و هەموو هەوڵێكی بۆ چاككردنەوەی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان كورتدەكاتەوە بۆ پەرداخێك میزی حوشتر و یەك دوو دوعا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ