پەیكەرێك بۆ مەلا عەلی

13-01-2014
هێمن عەبدوڵڵا
نیشانەکردن مەلا عەلیی كەڵەك
A+ A-

گرنگ نییە بزانین مەلا عەلیی كەڵەك شیر و مۆز دەداتە نەخۆشان یان شیر و میز، چونكە نەخۆش ئازادیی هەڵبژاردنی شێوازی چارەسەری خۆی هەیە، بەڵام گرنگە بزانین حكومەت چی دەكات بۆئەوەی مەلا عەلیی دیكە پەیدا نەبن؟ بۆچی وەك هەنگاوی یەكەمیش پەیكەرێك بۆ دۆزەرەوەی “شیرمیز” لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی دانانێت؟

مەلا عەلی دیاردەیەك نییە تازە دۆزرابێتەوە. دوو دەیە پێش ئێستا “بیردۆز”ە بەنێوبانگەكەی كە بریتی بوو لە بەكارهێنانی خورما و موو و رەشكە بۆ سكپڕبوونی ژنان، هەروەها بەكارهێنانی قورئان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی كوشندە، وێردی سەرزاری خەڵك بوو. مەلا عەلی دروست كاتێك دەركەوت كە سیستمی تەندروستی لە كوردستان لە خراپ خراپتر بوو، رێگەی مووسڵ و بەغدا لەبەر نەخۆشی كورد جمەی دەهات.

ئەوكات نەخۆش لە كوردستان لەبەر بێدەرمانی و بێپارەیی دەمرد. لەنێو ئەو هەموو دڵتەنگییەدا مەلا عەلیی كەڵەك لەڕێگەی خورافاتەوە ئومێدی دەدایە خەڵك بۆئەوەی نەمرن. بۆیەش نەخۆشی بێپارە و بێدەرمان و بێدەرەتان روویان تێدەكرد.

ئێستا دوو دەیە بەسەر پەیدابوونی دیاردەی مەلا عەلیدا تێپەڕیوە و دەنگی لە جاران زوڵاڵتر و خورافاتەكانی لە پێشتر بڕواپێكراوترن. ئەمڕۆ باسی خواردنەوەی شیرمیز دەكات، دوور نییە سبەی، وەكو پزیشكەكەی زوحاك، گێلاس و مێشكی گەنجان بكاتە دەرمان بۆ حوكمڕانان. بەڵام لەمەدا خۆ ئەوە مەلا عەلی نییە كە گوناهبارە، بەڵكو ئەوە حكومەتە كە رێگە خۆشدەكات بۆ پەیدابوونی جەنابی وەكو مامۆستا!

دوای دوو دەیە لە پەیدابوونی دیاردەی مەلا عەلی، هێشتاش نەخۆشی كورد بۆ سادەترین ئازار، رێی تاران و ئیستەنبوڵ و بومبای و عەممان دەگرێتەبەر.

دوو دەیەیە مەلا عەلی هەیە و نەخۆشی هەژار لە شەقامی پزیشكان لە هەولێر فێڵی لێدەكرێت و هەژارتر دەكرێت. پزیشك لە كوردستان چاوی نەخۆش دەردەهێنێت و وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت.  لە زانستی پزیشكیدا حاڵەتێك هەیە پێیدەڵێن “پلاسێبۆ ئێفێكت”. ماناكەشی ئەوەیە كە مادام نەخۆشێك بڕوای وایە بە فڵان دەرمان تەندروستیی باشتر دەبێت، كەواتە دەكرێ باشتر ببێت. لە دەرمانخانەكانی ئەوروپا زۆرجار حەبی رەنگاورەنگ دەدەنە هەندێك نەخۆش.

حەبەكان هیچ دەرمانێكیان تێدا نییە، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆش بڕوای بە كاریگەریی حەبەكە هەیە پێی چاكدەبێتەوە.

ئەو دەرمانانەی مەلا عەلیش بۆ خەڵكی دادەنێت دەكرێ “پلاسێبۆ ئێفێكت”یان هەبێت، بەڵام مخابن ئەو دەرمانانەی حكومەتەكەی ئێمە دوو دەیەیە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كەرتی تەندروستی دایاندەنێت تەنانەت “پلاسێبۆ ئێفێكت”یشیان نییە.

بەردەوامیی دیاردەی مەلا عەلیش بەڵگەی بەردەوامیی شكستی حكومەتە لەو بوارەدا. من وەزیری تەندروستی بم پەیكەرێك بۆ مەلا عەلی لەبەردەم وەزارەتخانەكەم دادەنێم، بۆئەوەی بەردەوام كە دەیبینم لەخۆم بپرسم: چی بكەین بۆئەوەی خەڵك پێویستیان بە ئێمە بێت نەك خورافات؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە