هەڵبژاردن و پێوەرەكانی پاڵاوتنی پاڵێوراو

15-03-2018
ئیسماعیل حەمە عەلی خورماڵی
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

 
 پاڵاوتن بۆ هەر هەڵبژاردنێك پێویستی بە كۆمەڵە پێوەرێكی دیاریكراوە. پێوەرە سەرەكی و گشتییەكان لە دەستوور یان یاسادا دیاری دەكرێن، دەشێت لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە پێوەری تری لاوەكی دابنرێت بۆ پاڵێوراو. سەبارەت بە خودی ئەو پارت و قەوارانەش كە لیستی پاڵێوراوان پێشكەش دەكەن، هەندێجار مەرج و پێوەری تری سەربار دادەنرێت. لەدواتریشدا ناوی ئەو پاڵێوراوانە بەكۆمەڵە پرۆسێسێكدا دەبرێن بۆ ئەوەی متمانەیان پێبدرێت و بتوانن بەشداری پرۆسەكە بكەن، یاخود پاڵاوتنیان رەت بكرێتەوە.

مەرجەكانی پاڵێوراو لە عێراق و لە كوردستان

لە ماددەی (20) ی دەستووری عێراقدا هاتووە: "هاووڵاتیان، پیاوان و ژنان مافی بەشداربوونیان هەیە لە كاروباری گشتی، سوودمەند بن لە مافی سیاسی، لەوانەش مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن". هەروەها لە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (49) دا هاتووە: "مەرجە پاڵێوراو بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران، عێراقی بێت بەتەواوی شایستەیی (كامل الاهلیە)". لەبڕگەی (سێهەم)ی هەمان ماددەدا هاتووە: "مەرجەكانی پاڵێوراو و دەنگدەر و هەموو پەیوەندیدارەكان بە هەڵبژاردنەوە بە یاسا ڕێكدەخرێت". 

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان لە عێراق و كوردستان، بەم شێوەیە لەیاسادا باس لە مەرجەكانی پاڵێوراوان كراوە.

یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق:

سەرەڕای ئەو مەرجانەی لەدەنگدەردا هەیە، لە ماددەی (8)ی یاساكەدا هاتووە: 

یەكەم: عێراقی بێت و شایستەیی تەواوی هەبێت، (30) ساڵ تەمەنی تەواو كردبێت كاتی خۆپاڵاوتنی.

دووەم: یاسای ریشەكێشكردنی بەعس یان هەر یاسایەكی تری جێگرەوەی نەیگرێتەوە.

سێهەم: ڕەوشت و ناوبانگی باش بێ و بەهیچ تاوان و كەتنێكی ئابڕووبەر حوكم نەدرابێ.

چوارەم:

 أ- هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان هاوتاكەی بێت.
ب- لیستەكانی هەڵبژاردن بۆیان هەیە ڕێژەیەك زیاتر نەبێت لە 20%ی پاڵێوراوەكان تایبەت بكەن بە توێژەكانی تری كۆمەڵگا لە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاكەی.

پێنجەم: بەشێوەیەكی ناڕەوا لەسەر حسابی نیشتمان و ماڵی گشتی دەوڵەند نەبووبێت.

شەشەم: نابێت ئەندامی هێزە چەكدارەكان و دامەزراوە ئەمنییەكان بێت لە كاتی خۆپاڵاوتنیدا.

یاسای پەرلەمانی كوردستان – عێراق:

لە (ماددەی بیست و یەك)ی یاساكەدا مەرجەكانی پاڵێوراو بەم شێوەیە هاتووە:

پێویستە پاڵێوراو بۆ ئەندامێتی پەرلەمان ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدابێت:

1- لە هاووڵاتیانی كوردستان – عێراق بێت و لێی نیشتەجێ بێت.
2- تەواو و شیاو بێت و گەیشتبێتە تەمەنی بیست و پێنج ساڵ.
3- بەچاكی خوێندن و نووسین بزانێت.
4- بەجۆرە تاوانێك سزای بەندكردن نەدرابێ كە لە ڕەوشت و ئادابی گشتی و دەستپاكی لایدابێت.
5- بەجەریمەی كوشتنی دەسئەنقەست و دزی حوكم نەدرابێ.
6- لەو تاوانانەدا بەشداری نەكردبێ كە دەسەڵاتی سەركوتكاری لە كوردستان پلانی بۆ دانابێ یان ئەنجامی دابێ.

یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان – عێراق  

لە بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (چوارەم) ی یاساكەدا هاتووە: 

پێویستە پاڵێوراو بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنەكان ئەم مەرجانەی لێ بێتەدی:
1- پێویستە عێراقی بێت و بەتەواوی شیاو بێ و بیست و پێنج ساڵی لە تەمەنی لەكاتی خۆپاڵاوتنیدا تەواو كردبێ.

2- پێویستە بۆ پاڵێوراوی ئەنجوومەنەكانی پارێزگاكان و ئەنجوومەنی محەلیی قەزاكان بەلانیكەم بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاكەیان هەبێ و بۆ پاڵێوراوی ئەنجوومەنە خۆجێیەكانی ناحیەكانیش بوانامەی بنەڕِەتی یان هاوتاكەیان هەبێ.
3- پێویستە ڕەوشت و ناوبانگی باش بێ و بەهیچ تاوان و كەتنێكی ئابڕووبەر حوكم نەدرابێ.
4- پێویستە لە ڕۆڵەكانی یەكە كارگێڕییەكە بێت بەپێی تۆماری باری شارستانی یان بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ ماوەیەك لە (دە) ساڵ كەمتر نەبێ لێی دانیشتبێ بەمەرجێك نیشتەجێبوونەكەی بۆ مەبەستی گۆڕانكاری دیموگرافی نەبێت.
5- نابێ لە هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێ.
6- نابێ بەشداریی لەو تاوانانەدا كردبێ كە ڕژێمی بەعس نەخشەی بۆ كێشابوون یان جێبەجێی كردبوون.

ئەم خاڵانەی سەرەوە بەگشتی ئەو مەرج و پێوەرانەن كە لەیاسادا جێگیر كراون بۆ خۆپاڵاوتن بۆ هەریەك لەو هەڵبژاردنانەی لەعێراق و كوردستاندا هەن. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، مەرجەكان بەگشتی چوونیەكن و جەخت لەسەر پەسەندی خوڕەوشت و نەبوونی تاوان دەكەنەوە. تەنها لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان مەرجی نیشتەجێبوون لەخودی پارێزگاكە چەسپاوە، سەبارەت بە بڕوانامەش بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەكالۆریۆسە، تەنها 20% دەشێت ئامادەیی بێت. بۆ پەرلەمانی كوردستان تەنها نووسین و خوێندنەوەیە، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بڕوانامەی ئامادەییە.

قەوارەكان چۆن پاڵێوراوانیان دەستنیشان بكەن؟

سەبارەت بە پاڵێوراو لەهەر قەوارەیەك یان ئەگەر لیستی سەربەخۆ بێت، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدا بێت كە بۆ هەر پرۆسەیەك دانراون سەرەڕای كۆتای ئافرەتان. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ڕەچاوی چەند خاڵێكی تر بكەن بۆ سەركەوتنیان، لەوانە:

1- كەسی جەماوەری و خاوەن پێگە دیاری بكەن تا بتوانن زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوە.
2- پاڵێوراوان لەڕووی بڕوانامەو پسپۆڕییەوە هەمەجۆر بن، بۆ ئەوەی بتوانن لەداهاتوودا لە لیژنە هەمەچەشنەكاندا كار بكەن.

3- زۆر گرنگی بدرێت بەسەرۆكی لیست كە لەداهاتوودا دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆن، تا بتوانێت لەداهاتوودا نوێنەرایەتیەكی دروست و شایستەی قەوارەكە بكات.

4- لەڕووی فیكریەوە پێگەیشتوو بێت و توانای تێگەیشتن و پەیوەست بێت بەو ئامانجانەی كە قەوارەكە خستوویەتیەڕوو وەك بەرنامەی كاری لیستەكە.

5- ڕەچاوی دابەشبوونی جوگرافی بكرێت بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
6- رەچاوی حاڵەتی پێكهاتە و هەر دابەشبوونێكی تر بكرێت كە لەو ناوچەیەی هەڵبژاردندا بوونیان هەیە. 

7- لەدیاریكردنی پاڵێوراوەكاندا ڕاو سەرنجی ڕێكخستن و لایەنگران وەربگیرێت و بەڕێگای دیموكراسیانە كەسەكان دەستنیشان بكات، بۆ ئەوەی گەرموگوڕی و پەرۆشییان هەبێت بۆ هەڵمەت و كەمپینەكانیان.

پاڵێوراوان چۆن متمانە وەردەگرن؟

پاش ئەوەی لیستی پاڵێوراو و قەوارەكان لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە پێشكەشی كۆمسیۆن دەكرێن، كۆمسیۆن هەڵدەستێت بە پێداچوونەوەی بەڵگەنامەكان بۆ دڵنیابوونەوە لەسەرجەم بەڵگەنامەكان و ئەگەر كەموكوڕییەك هەبوو، قەوارەكە ئاگادار دەكرێت بۆ چارەسەركردنی. دواتر ئەو ناوانە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێن بۆ دڵنیابوونەوە و ڕاستاندنیان كە بەگشتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە بۆ بۆ بڕوانامەكان، وەزارەتی ناوخۆیە بۆ دڵنیابوون لە ئەستۆپاكی و نەبوونی سزا و تاوان. 

لەیاسادا (15) ڕۆژ دەستنیشان كراوە بۆ پرۆسەی وردبینی و بەدواداچوونی پاڵێوراوان، ئەگەری هەیە ماوەكە درێژ بكرێتەوە لەبەر زۆریی ژمارەی پاڵێوراوان یان هەر هۆكارێكی تر. دوای ئەوەی كۆمسیۆن وەڵامی فەرمی لایەنەكانی وەرگرتەوە، بەتایبەت دروستیی (بڕوانامەكان) و (ئەستۆپاكیان) لە نەبوونی سزا و تاوان وەك لە مەرجەكاندا هاتووە، ئەوكات كۆمسیۆن بەفەرمی ناوەكان بڵاودەكاتەوە و قەوارەكانیش ئاگادار دەكرێنەوە لە پەسەندكردنی لیستەكانیان.

ئەگەر پاڵێوراوێك یان زیاتر گرفتی هەبوو، ئەوا ئەو قەوارەیە ئاگادار دەكرێتەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی دیاریكراودا ئەو گرفتە چارەسەر بكات و بەپێچەوانەوە ئەو پاڵێوراوانەی كە بەڵگەنامەكانیان پەسەند نەكراوە یان ناتەواو بووە، لە پرۆسەكە دوور دەخرێنەوە. 

ڕیزبەندی پاڵێوراوەكان لە بنەڕەتدا بەو شێوەیە دەبێت كە لە لیستەكەدا پێشكەش كراوە، بەڵام ئەگەر پاڵێوراوێك یان زیاتر پەسەند نەكران لە لیستەكەدا ئەوا ڕیزبەندی پاڵێورەكان دەگۆڕێت و ناوەكان هەڵدەكشێن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لەئەنجامی لادانی پاڵێوراوەكانەوە دروستبوون.

*  بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمسیاران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە