بەغدا
بە کەلەجان و جۆش و خرۆشەوە هەموو هێزی خۆی داوە بەسەر گۆچانە داربەڕووەکەی دەستی دا بۆ ئەوەی گوشار لەسەر قاچەکەی کەم بکاتەوە. دەیویست بەو چاوانەی خۆی کەسێک ببینێ، ئەو کەسەی لە هەر چیرۆکێک دا ناوی هەبێ بە دوای دا ئەشکەنجەی دڕندانە و نامووسشکێنی و سەگی تەرمخۆر دێن. چاوەڕوانی ئەو دیدارە حەوسەلەی نەهێشتووە "پێم حەیف بوو بمرم و بەدەستی بەتاڵ بگەڕێمەوە بۆلای کەسوکارەکەم لە نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هەواڵەکەیان پێنەگەیێنم".
دووەمین و دوایین دانیشتنی دادگاییکردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی) لە کاژێر 9:30ی رۆژی 14ی ئایاری 2026 لە دادگای رەسافە لە شاری بەغدا دەستیپێکرد کە پڕۆسەکە لە چوارچێوەی کارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە و، لەوێ بەڕێوەدەچێت.
11 ساڵ پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی باشووری کوردستان لە ژێر نێونیشانی ئەنفال دا، دارا عەزیزی تەمەن 78 ساڵ کە ئێستا جوڵەی بە هاوکاری گۆچانەکەیەتی، لە بیابانەکانی سەماوەوە ( لە پارێزگای موسەننا) بە مۆڵەتی سەربازیی گەڕایەوە بۆ گوندەکەی بە ناوی (میرقاسم) لە ناوچەی کەلار (قەزایەکی پارێزگای کەرکووکە و خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی) و باسی هەبوونی قەڵایەکی "ئێجگار جوان و گەورە"ی بۆ خزمەکانی دەکرد لەو بیابانە کاکی بە کاکییەدا، کێ دەیزانی ئەوانەی بە حەپەساوی گوێیان بۆ دارا شل کردبوو لەو قەڵایەدا دەبنە قوربانی شۆڤێنیزمی بەعس.
لە گوندەکەی دارا عەزیز 161 کەسیان بردە بیابان و تەنیا دوو کەس گەڕانەوە! "کە ئێمە سەرباز بووین لەوێ دەیانگوت ئەم قەڵا گەورە جوانە بیانییەکان دروستیان کردووە و کاتێک هاتن و عێراقیان گرت لێرە دەمێننەوە"، بەڵام دارا لە کۆتایی ساڵی1988 دا بۆ هەمیشە قەڵا جوانەکەی بە نەفرەت کرد و ئەوانەش کە دروستیان کردبوو.
بە پێچەوانەی دانیشتنی پێشووی دادگا، ژمارەیەکی زۆرتر لە کەسوکاری قوربانیان، چالاکڤانانی بواری ئەنفال، بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە لە ناوچە جیا جیاکانی باشووری کوردستانەوە روویانکردبووە بەغدا بەبێ ئەوەی پرس و راوێژیان لەگەڵ هەڵسوڕێنەرانی کاروباری دادگا کردبێت.
(فەزیڵە محەممەد) لە هۆڵی دادگایە ، ئەو ژنەی کاتی ئەنفال کچێکی 15 ساڵ بوو، زۆر چەوسانەوەی بە دەست عەجاجەوە بینیبوو لە زیندانی نوگرە سەلمان. 8 خولەک بەر لەوەی بچینە نێو هۆڵی دادگە، لە (فەزیلە محەممەد)م پرسییەوە، دەمەوێ پێش دادوەر شێوازی سزادانی عەجاج لە تۆ ببیستم؟ داوای چ سزایەکت بۆ کردووە؟ گوشاری لە هزر و یادگەکەی نەکرد و بەلەز بەرسڤیدایەوە "نامەوێ لە سێدارە بدرێ، دەمەوێ زیندانی هەتاهەتایی بێت بەومەرجەی، رۆژانە یەک سەموونی رەق و پەرداخێک ئاوی نەشیاو بۆ خواردنەوەی پێبدرێت"، فەزیلە دەڵێ ئەوە دادپەروەرانە دەبێت .
بە هەمان شێوەی دانیشتنی یەکەم لە رۆژی 7ی ئایاری 2026، قەفەزی تۆمەتبار لە نێوەڕاستی دادوەران و شاهیدحاڵ و سکاڵاکاران و پارێزەراندا هەڵکەوتووە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەم جارە کورسییەکە کە رێگەدراوە (عەجاج)ی بێ ئۆقرە و سیس لەسەری دابنیشێت.
دەنگێکی دلێر و لەزگین وەک بەفرماڵ گرمەگرمی نێو هۆڵەکەی گسکدا: پیرۆز حوسێن، بابێتە ژوورەوە. ژنێکی گورج و گۆڵ هات و سوێندی خوارد بە راستگۆیی قسە بکات "من بە دەست ئەم عەجاجەوە زۆر گیرۆدەبووم. سەرباری برسێتی و تینوێتی بەردەوام بە کێبڵەکەی لێیدەداین".
هێندە بە ئاو و تاو دەیگێڕایەوە، هەروەک بڵێی تازە لە نوگرەسەلمان هەڵاتبێ و دەلیڤەی دادڤانیی بە نسیب بووبێ "پیرەژنێکی خزمم هەبوو دەستێکی بە یەک کێبڵی ئەم کابرایە شکا".
دادوەر: پیرۆز، تۆ پێشتر لە سکاڵانامەکەت باسی سەمیرە و فەزیلە محەممەدت کردبوون.
پیرۆز: بەڵێ، من ئەو دوو کچە بەستەزمانەم بینین، ئەوان خوشک بوون و عەجاج بە دەستی خۆی لە حەوشەی نوگرەسەلمان بە ئاسنێکەوە بەستبوونییەوە و لێیدەدان"، یادەوەریی زیاتر هاوکاری پیرۆزیان کرد "ئا، بیرمە دواتر سەمیرەی هەڵواسی و تاوەکو ئێوارێ ئەشکەنجەی دا".
دادوەر: لە کاتی دادگاییکردنی سەددام دا تۆ گوتبووت کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچان ..؟
پیرۆز: ناتوانم بڵێم بە چاوی خۆم دەستدرێژییەکەم بینیوە، بەڵام روون بوو کە کچان و ژنان دەستدرێژی دەکرایە سەریان. من ئەشکەنجەدانەکەیانم بینی.
پیرۆز، پێنج خوشک و برایەک و براژنێکی بێسەروشوێنکران لە ئەنفال دا . ئێستا دڵنیا و سەرحاڵە بەوەی پەیگیرێک هەیە گرنگی بەو چیرۆکە دەدا کە بە ئازارەوە بینیویەتی "داوای سزای شایستە بۆ ئەو تاوانبارە و قەرەبوو دەکەم".
عەجاج شپرزەتر بووە و بە نیگاکانی بە وردی رووخساری پارێزەرەکەی دەپشکنێت و بۆ هیوا دەگەڕێ، شەهد محەممەد لە دەرۆزەی ئەو تەماشایانەی عەجاج تێدەگات و داوای دەلیڤەیەک لە دادوەر دەکات.
-فەرموو.
"سەرۆکی بەڕێز، هەڵە تێگەیشتن هەیە و ئەمە کەسێکی دیکەیە و ئەمە ئەو عەجاجە نییە"، سەرم دەسووڕمێ کە شەهد بە بەرزکردنەوەی دوو وێنە سەرقاڵی فریودانی دادگایە و دەڵێ، وێنەیەکیان عەجاجی کەتە و چوارشانە و سمێڵ پڕ و ئەسمەرە و وێنەی دووەم ئەفسەرێکی لاوازتر و باریکەڵەیە "ئەگەر سەیری وێنەکان بکەی دەبینی ئەم دوو عەجاجە تێکەڵکراون، عەجاجی ئێرە لەم تۆمەتانە بێبەرییە".
بەڵام دادوەر ئەزموونی زۆری لەم بارەیەوە قەتاندووە و کەشەکە ناداتە دەست ئەم هەوڵە نوێیەی شەهد.
+ ئەوە کێیە دەیەوێ قسە بکات؟
-گەورەم، من ناوم ئەدیب ئەحمەدە.
+تۆ دەتەوێ شاهێدی بدەی، بەڵام ئایا تۆ پێشتر ناوت تۆمارکردووە بۆ قسەکردن؟
-نەخێر.
دوو کەسی دیکەش وەک ئەدیب رەتکرانەوە. ئەوان لە سەرەتاوە نە وەک سکاڵاکار و نە وەک شاهێدحاڵیش پەیوەندییان بە دادگەوە نەکردبوو.
کە رێباز غالب گەیشتە بەردەم مێزی قسەکردن و سوێندی راستبێژیی خوارد، دادوەر نەیهێشت سەری مەرکانەی دڵی بکاتەوە و تاڵاوەکەی لە بەردەم عەجاج رۆبکات. چیت بینی لە ئەشکەنجەی عەجاج؟ دەستدرێژی عەجاج بۆ سەر ژنان و کچەکان؟ گۆڕەبەکۆمەڵەکانیش؟
"جارێک تانکەرێک ئاوی پیسیان هێنا، منداڵێکی هاوڕێم کە لەوێ هەمیشە پێکەوە بووین لێی خواردەوە و دوو رۆژ دواتر کوشتی، هاوڕێیەکەی منی کوشت، هەروا چەند کەسێکی دیکەشی کوشت".
تووڕەیی لە نێو پێخەفی یادەوەریی رێباز دا خۆی گنخاندبوو، ئاخر ئەو تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بوو کە گیرابوو. رێباز، بە غەزەبەوە سەیری بەڕێوەبەری پێشووی دۆزەخەکەی دەکرد "پیرەژنێک هاواری ئاوی بۆ خۆی و منداڵەکەی دەکرد، لە تینوان کەنەفت ببوو، سوێند دەخۆم بە خوا ئەو پیرەژنە لە تینوان میزی خۆی خواردەوە!"
دادوەر: باشە ئێوە نەتاندەتوانی قسە لەگەڵ عەجاج بکەن؟
رێباز: بەڵێ دەمانتوانی، بەڵام ئەو بە قامچی وەڵامی دەدایەوە.
پیاوە تووڕە و تۆسن و رکونییەکە کە بە زمانی کێبڵ گفتوگۆی دەکرد، دوو مەتر لەولای رێبازەوە لە زیلەتبارترین رەوشی خۆیدایە. دەستەکانی وەک شۆڕەبی نێو ئاوی بە تەوژم دەلەرزن. ئەم لەرزین و هەژانە وانەیەکی خۆڕایین بۆ ئەوانەی ئێستا قەڵا و شۆرەت و نان و ئاویان بەدەستەوەیە.
دەکرا بە پارەی دوایینەهاتووی نەوت لەسەر ئاسەواری برینەکانی عێراق خۆشگوزەرانییەک بونیادبنرێ کە ترس لە دروستبوونەوە و هەڵکەوتنەوەی عەجاج بکرێتە دەستمایەی پاراستنی ئەو خۆشگوزەرانییە، بەڵام کام خۆشگوزەرانی، چەند چرکەیەک دوای گەواهینامە بە ئازارەکەی رێباز، کارەبای هۆڵی دادگەی پایتەخت کوژایەوە!
ئەو تاریکییە خۆشترین ساتی رۆژەکەی عەجاج بوو، مایکەکان لە دەنگ کەوتن و هۆڵەکە کپ و خامۆش بوو. هەرنەبێ گوێی لە دەنگی بێزارکەری چیرۆکی کردەوەکانی خۆی نەدەبوو. هۆڵەکە بە وزەی موەلیدەکان، دوای پێنج خوولەک جارێکی دیکە رۆشنایی بۆ گەڕێندرایەوە.
عەجاج تکریتی، لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، بۆ مێژووە هەژار و بێ دەوڵەتەکەی کورد کە لەڕووی بەڵگەنامە و شوێنپێهەڵگری جەللادەکانییەوە گیرۆدەی دەستکورتییەکی بە ئێشە، هێشتا زۆر ناوی دیکەی پشت پڕۆسەی ئەنفال ونن، بەڵام عەجاج یەکێکە لەوانەی کە تەونی مەینەتی هەزاران کوردی سیڤیل و بێ گوناهی کردووە. ئەو رۆژی 7 ی ئایار لە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا رووبەڕووی 26 سکاڵاکار بووەوە لەوانەی لە نووگرەسەلمان گەڕابوونەوە و، رۆژی 14 ی ئایار سێ سکاڵاکاری دیکە لە تەنیشتییەوە قسەیان کرد.
پێنج رۆژ دوای دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکەی عەجاج لەگەڵ هاوکارەکەم ئاری ئەمین چووین بۆ گوندەکەی رزگار شەمزین لە نزیک زنجیرە چیای خاڵخاڵان لە ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی ئەنفالکراون. لە رزگار شەمزینم پرسی، گرێیەکی ئاڵۆزم لە بارەی ئەو گۆڕانەی نێو نووگرەسەلمان هەیە.
-باشە ئەوانە تاک تاک نەمردوون؟
+بەڵێ.
-ئەی کەواتە بۆچی دادوەر لەبەغدا بەردەوام ناوی گۆڕی بەکۆمەڵی دەهێنا، مەگەر گۆڕی بەکۆمەڵ بە شۆفڵ دروست ناکرێت؟
+بەڵێ عەجاجیش گۆڕی بەکۆمەڵی هەیە.
-چۆن؟
+ رۆژێک خۆم شۆفڵێکم بینی هاتە نووگرەسەلمان و زۆر ئیشی کرد، چاڵی گەورەی دروستکرد و ئێسک و پرووسکەکان، ئەوانەی سەگ خواردبوونی لەو چاڵانە کۆکرانەوە.
-کەواتە زیاتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەیە لەوێ؟
+بەڵێ، بێگومان.
پۆلیسەکان دەرفەتی ئەوەیان پێدام پێیەکانم بخەمە نێو دادگە، قسەیەکی عەلی حوسێن، چاوەڕوانیی رێوشوێنە بێزارکەرەکانی دادگەی بیربردمەوە "نزا هەیە دوای 38 ساڵ وەڵام دەدرێتەوە"، کاریگەری قسەکەی لە شەپۆلەکانی رووخسارم دا دەبینێ و دەست بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەم دەکات کە لێم پرسیوە "چ نزایەک؟".
نزای سەرنگووم بوونی عەجاجی دڵڕەق. عەلی تەمەنی 10 ساڵ بووە کاتێک لە نووگرەسەلمان بووە. رۆژێک عەجاج بە کینەکێشی دەکەوێتە وێزەی و بە تووندی شەقی تێهەڵدەدات "خەریکی داپاچینی دایکم بوو، کاتێک ئۆقرەم لێبڕا و خۆم گەیاندە دایکم، بەربووە منیش".
عەلی پێیگوتم، دوای دارکارییەکەی عەجاج "پێستی پشتی دایکم داماڵرابوو".
"هەستە عەجاج"، دادوەر بە بیری هێنایەوە کە تۆمەتبارە بە برسیکردن، تینووکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و تاوانی مرۆیی دژی خەڵک لە نووگرەسەلمان، بەڵام ئەو نەپرینگایەوە و نەیارانە هەمووی رەتکردەوە "من 1982 لە کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانی دەرچووم. من هەرگیز نەچوومەتە نووگرەسەلمان و لەوێ بەرپرس نەبووم و تەنیا تاوەکو سەماوە رۆیشتووم".
عەجاج کە بەردەوام دەستەواژەی "گەورەم"ی بۆ دادوەر بەکاردێنێت، گوتیشی، من لە 25ی تەممووزی 1990 خانەنشین بووم و کێشەم لەگەڵ بەرپرسەکەم هەبوو. من هەرگیز ئەو تاوانانەم نەکردوون کە باس دەکرێن.
لە نێوان دادوەر و عەجاج دا، کاتێکی زۆر بە مشتومڕی تۆمەتبارکردن و خۆبێبەریکردن لەدەستچوو، سەرەنجام دادوەر داوای لە هاوکارانی کرد "ئەو شاشەیە هەڵبکەن با دانپێدانانەکانی خۆی ببینێتەوە"، عەجاج بە هەمان جلوبەرگەکەی ئێستای و نەعلەکانی پێیەوە براوەتەوە بۆ نێو ئەو قەڵایەی ساڵانێک تاکە فەرمانسەپێن و گەورەی ئەوێبوو. لەوێ تەنانەت ئاماژە بۆ شوێنی شاردنەوەی تەرمەکانیش دەکات کە یەکسەر دەبوونە ژەمی سەگەکان.
کەچی هێشتا سەختگیر و هاروژاوە "گەورەم لەژێر ئەشکەنجەدا ئەو قسانەم کردوون، من ئەو عەجاجە نیم، من تاوانبار نیم".
دادوەر: تۆ ناوت عەجاج ئەحمەد حەردان نییە؟
عەجاج: بەڵێ، من عەجاج ئەحمەد حەردانم.
دادوەر: کەسێکی دیکە هەیە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان بێت؟
عەجاج: کەسێکی دیکە هەیە ناوی عەجاجە.
بەڵام دادوەر، روونیکردەوە کە عەجاجەکەی بەردەمی پێشتر دانپێدانانی هەیە لەسەر تاوانەکانی.
"رۆژێک سەرخۆش بووم، ئافرەتێکی جوانی تەمەن 15نزیک بوو لێمەوە و پۆلیسەکانم راسپارد بۆم بێنن تاوەکو ژوورەکەم بۆ خاوێن بکاتەوە، دواتر دەرگام داخست و دەستدرێژیم کردە سەری و پەردەی کچێنی نەما". دادوەر زەنگی بۆ یادەوەریی عەجاج لێدا کاتێک ئەمەی بیرهێنایەوە.
بە یادی ئەو رۆژە گەرم و گڕەبارەی ساڵی 2008 لە شارەدێی رزگاری ژنێک بە گریانەوە پێیگوتم "ئای نامووسی کچ و ژن ئەو عالەمە تکیا لەو نووگرەسەلمانە، رەببی خوا سەرشۆڕ و نابودت بکات عەجاج"، نازانم ئەو ژنە بۆ کول و کۆڤانییەکەی چیرۆکی ژیانی ماوە یان نا، بەڵام دڵی من بووەتە مۆزەخانەی گریانەکەی ئەو. لە راستی دا یادەوەرییم تژییە لەو جۆرە هاوارانە، بەڵام ئەو دادوەرییە وەڵامگۆ و بەرسڤی ئارامبەخشی ئەو ئێسک و پرووسکانەشە کە سەگ گۆشتەکەی خواردن و چیرۆکەکەیان ئەمڕۆ سەری خاوەنی سەگەکان دەخوات.
پارێزەر ئەیاد کاکەیی، بە تێروتەسەلی باسی هەڵمەتی ئەنفالی کرد، لە گوندەکانەوە تاوەکو دەگاتە چاڵی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و قەڵاکەی عەجاج. پاشان بە بیری دادوەر و ئامادەبووانیشی هێنایەوە کە پێش ئەنفال، بە ترسناکترین چەکی کۆکوژی قەدەخەکراو لەم گەلە دراوە، ئینجا داوای دادپەروەریی کرد. سەری عەجاج بەشێکی بچووکی ئەو دادپەروەرییەیە کە دەتوانێ ئاگری دایساوی دڵی قوربانییەکان خەفە بکات.
با شتێکی سەیری ئەم دانیشتنەتان بۆ باس بکەم، عەجاج لە دوای دەستپێکردنی خوولی دووەمی دانیشتنەکە چیتر ئاوڕی بۆلای راستی خۆی نەدەدایەوە! ئاخر هەموو هیوا و چاوەڕوانییەکی ئەو لەلای راستە، شەهد محەممەد لەوێ دانیشتووە، ئەو ژنەی چیتر بە دەستەواژەکانی"ئەمە عەجاج نییە" و "سەرۆکی بەڕێز داوای چاوخشاندنەوە بە دۆسییەکەدا دەکەین" و "ئەفسەرێکی دیکە هەیە بەناوی عەجاج حەسەن ئەحمەد عەبدوڵڵا"، ناتوانێ ئۆخژن و ترووسکایی بۆ سارای وشکەڵاتووی دڵی عەجاج بگێڕێتەوە.
لە راستی دا ملەجیڕێ و خۆبێبەرییکردنەکانی عەجاج سوودیشی هەبوو. چونکە دادوەر ناچاربوو بەڕەی زۆرتر لەسەر رابردووە چەوسێنەرەکەی و لاپەڕەکانی ژیانی هەڵبداتەوە "گوێ بگرە عەجاج، تۆ ساڵی 1986(واتە دوو ساڵ پێش ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری نووگرەسەلمان)لە هەواڵگری ئەمنی عام کاری هەواڵگریت بەسەر حیزبی دەعوە، حیزبی شیوعی، پیاوانی ئایینیەوە کردووە و چاودێری تەلەفۆنەکانیانت کردووە و دواتر دەستگیردەکران و رەوانەی ئەمنی عام دەکران و لەوێ لەسێدارە دەدران".
عەجاج نایەوێ بمرێ. ئەو پیاوەی گرەوی لەسەر مردنی هەزاران کەس کردبوو پێیەکانی چیتر ناتوانن رایبگرن و کەلەشە تێکشکاو و هەترەشچووەکەی لەسەر کورسییەک راگرتووە، هەرچەندە شریتی مەرگی قوربانییەکان یەکە یەکە شپرزە و شلوێتری دەکەن، کەچی نایەوێ بمرێ و چەکی بەهێز و لاوازیشی تەنیا رەتکردنەوەیەکی رووتە.
دادوەر: عەجاج.
عەجاج: بەڵێ گەورەم.
تۆ تۆمەتبارکراوی بە برسیکردنی خەڵک، تینووکردنی خەڵک تاوەکو مردن، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان، ئەشکەنجەدانی خەڵک، تۆ تاوانی زۆرت بەرامبەر خەڵک کردووە. تۆ خۆت گوتووتە سەرەتا سێ هەزار کەسمان لە نووگرەسەلمان وەرگرت. ئەوانە ئەشکەنجەی زۆردراون و بەشێکیان سەگ تەرمەکانیانی خواردووە.
بەڵام عەجاج کە لە دوایەمین خوولەکەکانی پەلەقاژێدایە، دەست بۆ رستەیەکی دیکە دەبات "من چەند جار چوومەتە سلێمانی، چوومەتە ئەو ناوچەیە و کێشەش نەبووە، چونکە من ئەو تاوانانەم نەکردووە".
هەڤدژییەک لە نێوان قسەکانی عەجاج و پارێزەرەکەی دا دروستبوون. بەپێی قسەی دادوەر، پارێزەرەکەی پێشتر ئەو نووسراوەی بۆ دادگە بردبوو کە دەریدەخات عەجاج بەڕێوەبەری نووگرەسەلمان بووە.
دادوەری خانەنشین ئاسۆ سۆفی کە لە هەردوو دانیشتنەکەدا ئامادەبوو، پێیگوتم ئەو عەجاجەی دیکە کە سەرئەنجام نەبووە بەردەباز بۆ قوتاربوونی ئەم عەجاجە، دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی داوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هەڵمەتی ئەنفال "عەجاج ناوی 8 کەسی دیکەی داوە و لەمەولا کار بۆ دەستگیرکردنی ئەوانیش دەکرێت".
دادوەر هەموو بیانووەکانی عەجاج و پارێزەرەکەی وەلانا، دەستیکرد بە خوێندنەوەی بڕیاری کۆتایی. دەنگی هاوار و خۆشیی کەسوکاری قوربانییان باڵی بەسەر هۆڵەکەدا کێشا. پۆلیسەکان بە لەز قۆڵی عەجاجیان گرت و لە قەفەزەکە دەریانهێنا و بردیان. واژۆیەکی سەوزی لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی دانا.
یەکێک لە ژنە گەرمیانییەکان لەنێو ئەو جەنجاڵییەدا عەلاگەیەک خۆڵی لە بەردەم دەرگای هۆڵەکە داناوە. خۆڵی نووگرەسەلمان، بەرەنگاربوونەوەی زەنا زەنا و پاڵەپەستۆ لە هێزی کەسدا نەمابوو، تەنیا هێندە لێی تێگەیشتم کە خۆڵی نێو چاڵی یەکێک لە گۆڕەکانی شوێنی فەرمانڕەواییە بەسەرچووەکەی عەجاجە "وەی بەقوربانتان بم، مژدەتان دەدەمێ، خۆڵەکەشتان ماچ دەکەم".
بەغدا دوو رووداوی جیاوازی لە رۆژی 14ی ئایاری 2026 دا کۆکردبووەوە، یەکێک لە دادگا و ئەوی دیکەیان لە پەرلەمان. ئەوانەی دادگا قوربانییە کوردە ستەملێکراوەکانن و لەنێو هۆڵی دادگەدا باوەش بەیەکدا دەکەن و یەکتر رادەمووسن و شیرینی رەوینەوەی تارمایی بەڵاسازێکی نێو دۆڵابەکانی مێژووی نزیک، دابەش دەکەن. ئەوانەی پەرلەمانیش، بەربوونەتە وێزەی یەک بەهۆی ناتەباییان لەسەر ناوێک کە لە حکومەتە نوێیەکەدا بەرپرسیارێتی وەزارەتی ناوخۆ وەردەگرێت.
کەس نەڵێت ئەم دوو رووداوە چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە. ئێوە دەزانن کە هێشتا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانن و ژمارەیەک تۆمەتباری هەڵاتوو و نادیاریش هەن کە دەبێ تینوێتی ئەم قوربانییانە بشکێنن، هەڵدانەوەی گۆڕەکان و ساخکردنەوەی ناو و ناونیشانی ئێسکەکانیان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانیش ئەرکی ئەو سیاسییانەیە کە لەسەر پۆست و بەرژەوەندی حیزبی و کەسیی دەست دەدەنە یەخەی یەکتری نەک مافی قوربانییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ