بەر لە چەند رۆژێک، دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا سەڵاحەدین خەلیل محەممەد تێپەڕی کە کەسایەتیی فرەزانست، ئەندازیار و رەخنەگری شێوەکاری و بەرهەمهێنەری نێوداری بەڵگەفیلم بوو. ئەو کەسەی کە هەندێک جار بۆ بینینی دەچوومە دیمەشق، ئەویش لە کەشێکی پڕ لە سام و نهێنی و وریاییەکی زۆردا منی دەبینی، تاوەکو ئەو رادەیەی لێیدەپرسیم: ئایا کەس بەدواتەوە نەبوو؟ لە ساڵانی کۆتاییشدا، دەیپرسی: ئایا مۆبایلەکەت داخستووە؟
بە هەر حاڵ، نووسین لەبارەی ئەو هاوڕێ ئازیزانەی کۆچیان کردووە کارێکی سەختە، بەڵام یادکردنەوەیان لە چوارچێوەی زیندووکردنەوەی هەندێک هەڵوێست دا پێویستە. سەختە چەند دێرێکی ناساندن بۆ کەسایەتییەکی رۆشنبیریی دەگمەن بنووسیت کە لە نزیکەوە ناسیوتە و بۆ ماوەی نزیکەی چارەکە سەدەیەک هاوڕێیەتیت کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەم بە چەند رستەیەکی وەک سەرەقەڵەم یادیان بکەمەوە.
سەڵاحەدین محەممەد ساڵی 1949 لە ناوچەی چیای کورمێنج (گوندەواری عەفرین) لەدایکبووە، ئەو کوڕی مامۆستا خەلیل محەممەد بوو، کە بە گوتەی خودی خوالێخۆشبوو سەڵاحەدین محەممەد، یەکەم کەس بووە لە چیای کورمێنج کە بڕوانامەی بەکالۆریای بەدەستهێناوە. واتە ئەو لە ژینگەیەکی کوردیی رەسەن و رۆشنبیردا پەروەردە بووە. لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا بۆ خوێندنی زانکۆ چووەتە تورکیا، بەڵام دوای ماوەیەک گەڕاوەتەوە و بووە بە خوێندکاری بەشی تەلارسازی لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی حەلەب. لەوێ بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مامۆستای هاوبەشمان، د.عەلائەدین لولەح، کە کەسێکی تووند و سەخت بوو، تووشی کێشە بوو، دەرچوونی لە زانکۆ تاوەکو ساڵی 1976 دواکەوت، سەرەڕای ئەوەی خوێندکارێکی زۆر زیرەک بوو و لێهاتوو بوو لە کاری دەستی و خاوەن دیدگایەکی دەگمەنی هونەری بوو.
بەهرەی لە بواری رەخنەی هونەری دا زیاتر لە دیزاینی تەلارسازی دەرکەوت؛ بۆیە ساڵانێکی زۆر لە بواری رەخنەی شێوەکاری دا نووسی و بەشداریی لە زۆر کۆنفرانس و سەمیناری نێودەوڵەتی دا کرد. هەروەها پشتیوانی و هاوکاریی گەشەکردنی ژمارەیەک لە گرنگترین هونەرمەندانی سووریا کرد، چونکە بەڕاستی بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێبازی رەخنەی هونەری دادەنرێت لە وڵاتانی عەرەبی دا.
تاوەکو ئەو رادەیەی رۆژێک نهێنییەکی سەبارەت بە خوالێخۆشبوو (عومەر حەمدی-مالڤا) بۆ درکاندم.. پێیگوتم: دەیناسیت؟ گوتم: نا. ئینجا گوتی: هونەرمەندێکی هەژاربوو ، بەڵام خاوەن بەهرەو توانایەکی گەورەی شێوەکاری بوو، هەژار بوو و وەک کرێکار لە هۆتێل (رەزوان) لە دیمەشق کاری دەکرد، لەڕووی ژیان و هونەری و راگەیاندنەوە پشتیوانیم کرد زۆر یارمەتیم دا تاوەکو سەرکەوت. بە چرپەیەکیشەوە گوتی: دەزانی من بووم لە رێگەی لێکۆڵینەوە رەخنەییەکانمەوە نازناوی "هونەرمەندی جیھانی"م لێنا؟ زۆر بە ئاسانیش بڵاوبووەوە! خوا لێیان خۆشبێت. منیش تەواو باوەڕم پێکرد، چونکە زۆر دڵسۆز بوو بۆ هاوڕێیەکانی، تەنانەت کاری لەوە زیاتر و گرنگتریشی کردووە. زوو چووە دیمەشق و بێسنوور خۆشدەویست، چووە نێو بواری میدیا و تەلەڤزیۆنەوە، نزیکەی ١٠٠ بەڵگەفیلمی بەرهەم هێنا، کە زۆریان خەڵاتی رێزلێنانیان بەدەستهێنا. ئەو بەڵگەفیلمانەی کە لە تەلەڤزیۆنی دیمەشق بڵاودەکرانەوە بایەخ و کاریگەرییان زۆر بوو. پێیگوتم رۆژێک عەبدولحەلیم خەدام، جێگری سەرۆککۆماری سووریا پەیوەندی پێوەکردووە و پێیگوتووە: "سەڵاح، فیلمەکانت باشن، بەڵام... خۆزگە بەبێ ئەم مۆسیقا کوردییە دەبوون".
ئەمەش نیشانیدەدات رژێمی بەعس لە سووریا چەند ترسی هەبوو لە هونەر و کولتووری کوردی. سەڵاحەدین محەممەد تەنیا میوزیکی کوردی تێکەڵی بەڵگەفیلمەکانی دەکرد، ئەوەش ببووە مایەی ترس بۆیان.
بایەخی بە هونەری کۆن و رۆژهەڵاتی دەدا، تابلۆ و وێنەکان، بەتایبەتی گرافیک؛ بە شێوەیەکی پیشەیی و بە ئامرازی ئەکادیمیی ورد مامەڵەی لەگەڵ دەکردن. حەزی لە وێنەگرتن بوو، چەندین کاری بۆ وەزارەتەکانی گەشتوگوزار و شوێنەوار و هەروەها بۆ مۆزەخانەی بەریتانی کردن. چەند کتێبێکی وێنەیی بڵاوکردنەوە، وەک کتێبەکەی سەبارەت دیمەشقی نوێ، واتە پڕۆژەی دوومەر. لە ساڵی 2015، کاتێک من لە هەولێر بووم، داوای لێکردم کارێکی بۆ بدۆزمەوە. ڤیزای هەرێمی کوردستانم بۆ وەرگرت و پلانم وابوو لە تۆڕی میدیایی رووداو کار بکات، تاوەکو بە ئازادییەکی تەواو بەڵگەفیلمەکانی بەرهەمبێنێ.
دواتر رای خۆی گۆڕی و گوتی: ناتوانم دیمەشق بەجێبێڵم، من ئالوودەی دیمەشق و ژینگەکەی بوومە. پاش ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، پەیوەندی پێوەکردم و داوای دابینکردنی ڤیزای چارەسەری کرد بۆ ئەڵمانیا. لەسەر داوای ئەو، داوای ئاسانکاریم کرد لە هاوڕێی هاوبەشمان کاک عەدنان موفتی ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. بە تەلەفۆن بۆ ماوەیەکی درێژ قسەمان لەگەڵ کرد، نەمانتوانی چارەسەرێکی خێرای لە دەرەوەی دیمەشق بۆ دابین بکەین، بەڵام کەڵەکەبوونی خەمەکان و دووکەڵی جگەرە سییەکانی بەتەواوی سووتاندبوو.
دوای چەند هەفتەیەک چووە نەخۆشخانەی (مواساتی خێرخوازی)، بەردەوام پەیوەندی پێوەدەکردم و قسەمان دەکرد و پلانمان دادەنا وەک ئەوەی هەردووکمان ساڵانێکی زۆرتر بژین. پاشان داوام لە ئەحمەدی کوڕم کرد، کە لە زانکۆی دیمەشق پزیشکیی دەخوێند، لە بەشی چاودێریی ورد سەردانی بکات و هەوڵبدات گرنگیی پێبدات. بەداخەوە زوو کۆچی دوایی کرد؛ پێش کۆچکردنی داوای لە ئەحمەد کردبوو کە بە زمانی کوردی قسەی بۆ بکات. وادیارە بیستنی مۆسیقای وشە کوردییەکان دوا ئاواتی بووە، چونکە لەنێو ژینگەی کارەکەیدا لێی بێبەش کرابوو.
ئێمەی بۆ خەمی لەدەستچوونی ئازیزان بەجێهێشت. سەڵاحی ئازیز زوو کۆچی دواییکرد لە دیمەشق، ئەو شارەی کە بە بێدەنگی خزمەتی کرد، لەبارەیەوە نووسی و بە راستگۆیی خۆشیویست؛ دیمەشقیش بە شێوازی خۆی پاداشتی دایەوە: لە پێناو بەردەوامبوونی شکۆمەندیی خۆیدا، سەڵاحی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ