هەنگاوێك بەبێ پارتی

15-08-2018
مەسعودی مەلا هەمزە
نیشانەکردن هەڵبژاردن پارتی یەکێتی
A+ A-
مەسعودی مەلا هەمزە

ئەنجامدان و نەدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ یەكێك لە گەرمترین بابەتەكانی ڕۆژە، كە قسەی جدی لەبارەوە دەكرێت، ئاماژە ڕوونەكان ئەوە دەڵێن كە بەشێكی زۆری لایەنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین، بەڵام نایانەوێ ئیعلانی بكەن! پرسیاری جەوهەری ئەوەیە كێ دەیەوێ هەڵبژاردن بكرێ و كێ نایەوێ؟ هۆكار چییە؟

ئەوەی ڕوون و ڕاشكاو و لەسەر زاری سەرۆك و جێگری سەرۆك حزبەكەی ڕایگەیاندووە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لەكاتی خۆیدا پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە بەرامبەردا یەكێتی لەسەر زاری لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ڕایگەیاند كە پێیان باش بووە هەڵبژاردن دوابخرێ.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش ڕایگەیاند کە گۆڕان بەنهێنی داوای لە یەكێتی كردووە هەڵبژاردن دوابخرێ، ئەمە جگە لە كێشە ناوخۆییەكان كە دەریدەخا ئەم حزبە ئامادەی هەڵبژاردن نییە (وەڵام و وەڵامكارییەكەی نێوان عەبدوڵڵای مەلا نوری و عەلی حەمەساڵح) باشترین بەڵگەی كێشەی ناوخۆیی گۆڕانن، ئەم قسەیە و نەبوونی مەیل بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لای بەشێك لە لایەنەكانی تریش بەدی دەكرێ، پرسیارە كە ئەوەیە ئەو هەموو لایەنە کە دەیانەوێ هەڵبژاردن دوابخرێ بۆ دواناخرێ؟!

دوایین پێشهات و ئەوەی لەسەر زاری بەشێك لە سەركردەكان و لە میدیاكان بڵاوكرایەوە تێبینی برێت ماكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكایە لەسەر كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كە چاودێران ئەم تێبینییە بە بەشێك لە ئاگاداركردنەوە دەبینن، چونكە ئێستا ئەوەی لای ئەمریكا زۆر گرنگە مەسەلەی دروستكردنی كابینەی تازەی حكومەتی عێراقە نەك شتی تر و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان و ئەوەندەی تر پەرتەوازەیی لایەنەكان.

ئەگەرچی هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی تەواو دیموكراسییە و پێویستە لە كاتی خۆیدا بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر زۆرینەی لایەنەكان لەگەڵ دواخستنین تەنها پارتی نەبێ، بۆچی ئەو لایەنانە دوایناخەن و هەنگاو نانێن بۆ دواخستنی؟

گومانی گەورە و سەرەكی ئەوەیە جگە لە یەكێتی بۆچی ئەم لایەنانە نایانەوێ بە ئاشكرا باس لە دواخستنی هەڵبژاردن بكەن، ئەمە جگە لەوەی كە پرسیاری گەورە دروست دەكا لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بۆچی ئەو لایەنانە بە تایبەت ئۆپۆزسێۆنەكان، یان دەتوانین بڵێین ئەوانەی لە حكومەت دەركران و ئەوانەشی لە خولەكی زیادكراوی یارییەكە كشانەوە ، نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێ، ئەم نەویستنە ترسە لە كەمبوونەوەی دەنگەكانیان یان شتی تر و هۆكاری تری هەیە؟

بەگشتی ئەگەر ئەم لایەنانە جدین لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن سیناریۆگەلی زۆر هەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە و سەرخستنی ڕای لایەنەكانی تر بەسەر ڕای پارتیدا، كە دواجار ئەم هەنگاوە وادەكا پارتی بێتە ژێر باری هەر هەنگاوێك كە ئەم لایەنانە بیهاوێژن و هەنگاوەكە دەرچەی یاسایی بێ بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە.

با بگەڕێینەوە بۆ زمانی ژمارەكان و حسابی كورسی ئەو لایەنانە بكەین كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان كورسیان هەیە، بە كورسییەكانی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكاتە زیاتر لەنیوەی كورسییەكانی پەرلەمان، ئەوەش مانای تەواوبوونی ڕێژەی یاساییە و ئەگەر ئەو لایەنانە بەجدی دەیانەوێ هەڵبژاردن دوابخەن، دەتوانن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و بەبێ پارتی ئەم كارە بكەن، بەڵام بۆ نایكەن؟
ئەو ئەزموونەی لایەنەكان لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم شكستی هێنا، ئەگەر ئەمجارەش ئەو لایەنانە هەنگاوێكی لەم شێوەیە بنێن و شكست بێنن، بێگومان بە تەواوی لایەنگرانیان بێ ئومێد دەكەن و لەدواجاردا یارییەكە لە بەرژەوەندی پارتی كۆتایی دێ، كە پێموایە ئەوە خاڵی جەوهەری ترسی لایەنەكانە لەو هەنگاوە.

بە شێوەیەكی گشتی و بەڕوونی دیارە، سەرجەم لایەنەكان دەیانەوێ ئۆباڵی دواخستنی هەڵبژاردن بخەنە ئەستۆی یەكتر، بەتایبەت یەكێتی، كە سەرجەم لایەنەكان دەیانەوێ و مەبەستیانە یەكێتی هەڵبژاردن دوابخا و ئەوان ئۆباڵەكەی بخەنە ئەستۆی یەكێتی، لە كاتێكدا پێموایە دۆخی یەكێتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆر لەبارترو گونجاوترە لە لایەنەكانی تر، سەرباری بوونی چەندان تێبینی جدی لەسەر دۆخی حزب و ڕۆڵی یەكێتی لە حوكمڕانی كوردستاندا.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە ئایا لایەنەكان مەیلەكەی خۆیان دەكەنە واقیع و بەبێ پارتی هەنگاو دەهاوێژن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، یان تەسلیمی ئەمری واقیع دەبن و دەچنە ناو پڕۆسەكەوە؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە