سەردەمى کورد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عوسمان رانیەیی
A+ A-
 
ئەگەر مێژوو ناوى هەندێک نەتەوە بە نەمریی سەدەکان و ناوى سەرکردەکانیان پەیوەست بکا، وەک ئەوەى قۆناغێک لە مێژووى بەریتانیا پەیوەستکراوە بە شاژنە ڤیکتۆریا و بە سەردەمى ڤیکتۆری دەناسرێت (1837 - 1901) یان ئەورووپا لەو هەڵسانەوە شارستانییەى بەخۆیەوە بینى لە سەردەمى رابوون (Renaissance - عصر النهضة) لە کۆتایی سەدەکانى ناوەڕاست و سەدەى چواردە تاکو سەدەى حەڤدە. بێگومان کوردیش دەتوانێ سێ دەیە و نیوى مێژووى رابردووى بەتایبەتى لەدواى راپەڕینى پیرۆز لە 5-3-1991 ناو بنێ (سەردەمى کورد).
 
سەردەمێک کە گۆڕانگارییەکانى ناوچەکە قۆناغێکى نوێیان لە بەرژەوەندیی کورد دروستکرد، بەهاتنە کایەى ئەزموونێکى حوکمڕانى لە باشوورى کوردستان، کە بنچینەکەى لەسەر گیانى شۆڕشگێڕی، هەستى نەتەوەیی، نەخشەڕێگاى خۆبەڕێوەبردن و نەرمینواندن لە سیاسەت هەڵچنرابوو، ئینجا بەرەو شەرعیەتى نێودەوڵەتى، لە چوارچێوەى دەستوورى نوێى عێراق لە 2003 کە تێیدا مافەکانى گەلى کوردستان چەسپێندران. 
 
ئاشکرایە خەباتى پڕ ماندوبوونى ئەو قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازە لە بەغدا، لە پێناو چەسپاندنى مافەکانى گەلى کوردستان بوو، کە سەرۆک مەسعود بارزانى و رەوانشاد مام جەلال رابەرایەتییان دەکرد. لەسەر بنەماى هاوسەنگییەکى پتەو لە سیاسەت، هاوبەشییەکى راستەقینەى دەستوورى لەگەڵ بەغدا، کرانەوەیەکى جیهانى بە رووى هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەى. لێرەوە دیپلۆماسییەتى جیاوازییەکان (پارادۆکس) کەوتە رۆژەڤ، لە پەرەپێدانى ئامادەیی کورد لە ناوەندە جیهانییەکان و سەرگۆڕەپانى سیاسیى نێودەوڵەتى و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکان لەگەڵ هێزە بەرژەوەند هاوبەشەکان لە چوارچێوەى پارێزگاریکردن لە گوتارێکى نەتەوەیی و عەقڵانى روون، بەرەو هێنانەدى خەونێکى لەمێژینەى کورد پشت ئەستوور بە کۆمەڵێک دەستکەوتى نیشتمانى راستەقینە.
 
ئەم هۆکارە پراگماتیانە، لەماوەى سێ دەیە و نیوى رابردوو، دۆزى کوردستانى لە پەراوێزبوونەوە گۆڕى بۆ یەکێک لە رەگەزە کاریگەرەکان، لە رێگەى رەگاژۆکردنى ئەزموونە دەستوورییەکەى و دروستکردنى هاوبەشییەکى راستەقینە لە پاراستنى ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریزم، پتەوکردنى پایەکانى دیموکراسى، گەشەکردنى ئابوورى، کرانەوەى هەرێمى کوردستان بە رووى جیهان، گواستنەوەى دۆزە رەواکەى لە گۆڕەپانى جەنگەوە بەرەو مەیدانە دیپلۆماسییەکان.
 
کاتێک سەرۆک بارزانى وەک پێشمەرگە و سیمبولى دژبەرى تیرۆریزم لە ناوەندە جیهانییەکان پێشوازى دەکرا. دواى ئەویش سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وەک کارەکتەرێکى ئاشتى و دروستکەرى ئارامى لە ناوچەکە و پێکهێنانى پردى پەیوەندییەکان لەنێوان گەلان و لایەنە ناکۆکەکان و کوژاندنەوەى پڕیشکەکانى ئاگرى شەڕ و کاولکارى ئەو رۆڵە گرنگەى بینى.
 
دواهەوڵەکانیشیان لەم چوارچێوەیەدا، رووداوەکانى ئەم دواییانە بوو لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان، کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى توانیان ڕێ لە کارەساتێکى مرۆیی گەورە بگرن، کە بەسەر کوردانى رۆژئاوا بێت، کاتێک سەرۆک بارزانى گەورەیی ناوبانگیی و قوورسایی پێگەکەى خستەوە خزمەت چاسەرکردنى ئاشتیانەى کێشەکە و لە دەرگاى گەورەترین پێگەى مەعنەوى جیهان لە (ڤاتیکان)ەوە داواى چارەسەرى ئاشتیانەى ئەو کێشەیەى کرد، ئەنجامەکەشى راوەستانى جەنگ و دروستبوونى پشتیوانیی و هاوسۆزییەکى جیهانى بوو بۆ چارەسەرى ئاشتیانەى کێشەکان.
لەناوخۆشدا هەوڵەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەئاکام گەیشتن لە کۆکردنەوەى گشت لایەنە ناکۆکەکان لە سەر یەک مێزى گفتوگۆ و دانوستان لە هەولێر، ئەنجامەکەشى پاراستنى ناسنامەى نەتەوەیی کورد بوو لە سووریاى تازە و گۆڕینى هەڕەشەکانى جەنگ بوو بەرەو ئامادەیی سیاسى بەرجەستە لە چوارچێوەى هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەکان، ئەمەش وایکرد دەنگ و دۆڵى جەنگ کپ ببێ و یەک دەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەیى کورد لەسەر ئاستى ناوخۆیی و جیهان دووبارە لەدایک ببێتەوە.
 
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر دەستپێکى ئەم رایەمان، کە سەردەمى ڤیکتۆرى بەتەنیا زەمەن نەبوو، بەڵکو حاڵەتێکى کاریگەربوو. رابوونى ئەورووپاش رووداوێکى راگوزەر نەبوو بەڵکو گۆڕانێکى ریشەیی بوو لە بووژانەوەى هۆشمەندى. بەهەمان شێوە دەتوانرێ قۆناغى ئێستاى کورد ناو بنرێت (سەردەمى کورد) قۆناغێک کە شاهێدى گواستنەوەى هێزە لە بەرهەڵستکارییەوە بۆ دەستپێشخەرى، لە پەرچەکردارەوە بۆ درووستبوونى دەرفەت، لە پەراوێزخستنەوە بۆ ئامادەیی.
بەم روانینە لۆژیکیەوە سەرکردەکانى کورد وەک کاراکتەرى سیاسى کارا لەسەر مێزى گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان دەبینرێن و بەشدار دەبن لە داڕشتنى بڕیار و هێڵە گشتییەکانى سیاسەتى نوێى جیهانى لە ناوچەکە، بەشدارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى و جەنەراڵ مەزڵوم عەبدى لە کۆنگرەى ئاسایشى میونشن لە پاڵ سەرکردە و بیرمەندەکانى جیهان، پێشتریش ئامادەبوونى بەڕێز مەسرور بارزانى لە کۆنگرەى داڤۆس و لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە وڵاتى ئیمارات، باشترین گەواهیدەر و رەنگدانەوەی پێگەى کوردە، چونکە قۆناغ و سەردەم بە قسە و شیعارات ناپێورێت، بەڵکو بە حیکمەت و دووربینی، کە سەرچاوەکەیان هێز و تواناى گەلە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ئەو هێزەى دەتوانێت مێژووى پڕ ئازار بگۆڕێ بۆ ئایندەیەکى روون و ئامادەییەکى سیاسى کاریگەر، کەواتە ئەمڕۆ سەردەمى کورد و زەمەنى درەوشانەوەى دیپلۆماسییەتى کوردە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ئیبراهیم محەممەد عەزیز

ترەمپ و خامنەیی؛ چارەنووسێکی تاڵ و سەرەتایەکی نوێ

سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار (Maximum Pressure) کە ترەمپ لە خولی پێشوویدا لە بەرامبەر ئێران گرتیەبەر و ئێستا بەکاری خستووەتەوە، راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە سیاسەتی (Peace Through Strength) ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە.