"بەتەنیا جێی مەهێڵن، منداڵێكی لاسارە، شار بەردەباران دەكات، مانگ دەكات بە كۆلارە" ئەمە بەشێكە لە شیعرە نەمرەكەی رەفیق سابیر بۆ كارەساتی هەڵەبجە كە دواتر بووە گۆرانیی سەر زاری زۆر لەوانەی یادی ئەو كارەساتە دەكەنەوە. حیزبە كوردییەكانیش، هەر كاتێك بەتەنیا جێمابن، وەك منداڵی نێو شیعرەكەی "لاوكی هەڵەبجە" لاسار بوون و بەردیان هاویشتووە.
بەدرێژایی سەدەی بیست، هەر حیزبێكی كوردی هەستی كردبێت بەتەنیا ماوەتەوە، وەك دواچارە پەنای بۆ هێزێكی دەرەكی بردووە. هەرجارێك حیزبێكی گەورەی كوردیی خاوەن پێگە گۆشەگیر كرابێت و هەوڵی لەناوبردنی درابێت، كارەساتی گەورە خوڵقاوە. ئەو كاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 31ی ئابدا پەنای بۆ دوژمنی ئەزەلیی خۆی و گەلی كورد برد، هۆكارەكەی تەنیابوونەوەیەكی ترسناك بوو كە هەڕەشەی لە بوون و مانی ئەو حیزبە دەكرد. ئەو كاتەش كە هەموو حیزبەكان چاوەڕوانی مەرگی یەكێتی بوون و خۆیان ئامادە دەكرد بۆ غەنیمەتەكانی دوای نەمانی، گەورە و بچووك نووكی رمەكانی ئاڕاستەی یەكێتی كردبوو، ئەو حیزبە بۆ هەستانەوە لە هەڵبژاردنەكاندا ناچار بوو پشت بە هێزێكی دەرەكی ببەستێ.
لەدوای رێككەوتننامەی واشنتنەوە لە 1998 ، راستییەكی جوگرافی و سیاسی و ئیداری لە كوردستان دروستبووە كە دەبێت قبوڵ بكرێت، ئەویش دابەشبوونی كوردستانە بۆ دوو زۆنی جوگرافی و سیاسی و ئیداری. رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی لە 2003دا هەنگاوێكی ژیرانە بوو بۆ پەسەندكردنی ئەو راستییە و هەوڵدان بۆ كاری هاوبەش لەژێر رۆشنایی ئەو واقیعەدا. لایەنی كەم بۆ چەند ساڵێك هەوڵەكانی پارتی و یەكێتی بۆ سڕینەوەی ئەوی دیكە راوەستا. لەدوای دروستبوونی گۆڕان و لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی یەكێتی، دووبارە خەونی لەمێژینەی پارتی بۆ لەناوبردنی یەكێتی دەستیپێكرد، لەكاتێكدا ئەو باڵەی لە یەكێتی جیابووەوە، ئەوانە بوون كە خەونیان بە نەمانی پارتییەوە دەبینی. نە پارتی و نە گۆڕان سەركەوتوو نەبوون لە سڕینەوەی رەنگی سەوزی زۆنی سلێمانی و دواجار هەموو لایەك بەناچاری حكومەتی بنكەفراوانیان هەڵبژارد.
رۆژی 23ی حوزەیران هەوڵێكی دیكەی هەڵە بوو بە ئاڕاستەی گۆشەگیركردن و شكاندنی هەیمەنەی پارتی. ئەو رۆژە، پارتی بۆی دەركەوت كە نەك هەر ناتوانێت متمانە بە هاوبەشەكانی لە حكومەتدا بكات، بەڵكو لە هەر ساتێكدا دەكرێت ببێتە قوربانیی زۆرینەیەكی پەرلەمانی كە پشتیوانی جەماوەری ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەكیی هەیە. هەر ئەم هەستكردن بە گۆشەگیرییەش وای لە پارتی كرد چەندین هەنگاو بهاوێژێت كە بە هەموو مانایەك دژ بوون بە یاسا و رێساكانی كاری سیاسی و یاسایی هەر لە هەڕەشەكردن لە ئەندامانی پەرلەمانەوە تا دواهەمین هەنگاوەكانی رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و ناردنە ماڵەوەی وەزیرەكانی گۆڕان.
پارتی لەم قۆناغەدا تەنیا گۆڕانی بەئامانج گرتووە. هەموو هەوڵی پارتی شكاندنی هەژموونی گۆڕانە لەسەر لایەنەكانی دیكە وگەڕاندنەوەی گۆڕانە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. یەكێتی كە خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە، نایەوێت گۆڕان یان پارتی هەڵبژێرێت و دەیەوێت تا دوایین سات یاریی خۆی بكات. ئەنجامی یارییەكە بچووككردنەوەی گۆڕان بێت یان پارتی، بۆ یەكێتی قازانجە. كۆمەڵ بێدەنگە و یەكگرتووش وەك هەمیشە راڕایە و جارجاریش زەردەخەنە دەیگرێت كە ئەو گۆڕانەی دەنگی یەكگرتووی برد و لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا یەكگرتووی وەك هۆكاری كێشەكە پێشاندا، لاواز بووە.
دەكرێت پارتی و یەكێتی بۆ ماوەیەكی كورت قازانج لە كردنەوە دەرەوە و بەتەنها هێشتنەوەی گۆڕان بكەن، بەڵام لە درێژمەودادا هەڵە دەكەن. هەتا نەوشیروان مستەفا مابێت، وەلانانی گۆڕان مەحاڵە. ئەوكاتەی كە گۆڕان هەست دەكات بەتەنیا ماوەتەوە، دوور نییە هەمان هەڵەی جارانی یەكێتی و پارتی بكاتەوە و هەندێك سازش بكات بۆ هێزگەلێكی ئیقلیمی كە ماوەیەكی زۆرە فشاریان لەسەریەتی. نەوشیروان مستەفا رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لەوەی نەهێڵێت تەنیا یەك هێزی ئیقلیمی مۆنۆپۆلی سەرچاوەكانی وزەی پارێزگای سلێمانی بكات، بەڵام ئەگەر هەموو ئەوانی دیكە لەسەر كوژاندنەوەی مۆمەكەی گۆڕان رێككەون، دوور نییە گۆڕانیش بەئاگری مۆمەكەی هەموویان بسووتێنێ.
نەوشیروان مستەفا لە كتێبی یەكەمی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" دا باسی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەكات. ئەو بەنیازی ریفۆرمەوە هاتە سلێمانی، بەڵام دژایەتی كرا و دەربەدەر كرا و بەناچاری بەرەو شام رۆیشت و هەر لەوێش كۆچی دوایی كرد. ئەو وانەیەی نەوشیروان مستەفا لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی فێری بووە، ئەوەیە كە نەرم نەبێت و تەسلیم نەبێت. بۆ ئەوەش ئامادەیە هەنگاوگەلێك بگرێتە بەر كە ئەوانی دیكە چاوەڕێی ناكەن.
رەفیق سابیر لە كۆتایی شیعرەكەیدا دەڵێت "عاشقێكی لاسارە، بروسكە و با دەچێنێت، بەتەنیا جێی مەهێڵن، مانگەشەو دەیڕفێنێت". كەواتە گۆڕان بەتەنیا جێمەهێڵن، نەبادا بیڕفێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ