پارتی كوردستان دابەش دەكات؟

21-12-2015
عارف قوربانی
عارف قوربانی
نیشانەکردن عارف قوربانی کوردستان پارتی
A+ A-

كاتێ‌ ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە ئاستێك كە باڵێكی گەورە لە یەكێتی جیابوونەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیان دروست كرد، هەڵوەستەیەك دروست بوو كە ئایا پەیدابوونی هێزی سێیەم لەنێوان دوو بەرەی (جەلالی و مەلایی، پارتی و یەكێتی، زۆنی زەرد و سەوز، ئیدارەی هەولێر و سلێمانی)، دەچێتە خزمەتی كامیانەوە؟ 

خەڵكانێك هەبوون پێیان وابوو ئەو رەوشە تازەیەی لە ناوچەی سلێمانی هاتە ئاراوە، بە نەتیجە و بە پلەی یەكەم لە قازانجی پارتیە. چونكە لەلایەك رێژەی دەنگەكانی یەكێتی كەم دەبنەوە و بەشێكی زۆری دەنگدەر و جەماوەرەكەی لەگەڵا ئەو كادیر و فەرماندە و سەركردانەدا دەڕۆن كە گۆڕانیان دامەزراند. لەلایەكی دیكەشەوە بەرەی ئەم زۆنە لاواز دەبێت و دەبن بە چەند پارچەیەكی بچووكتر لە پارتی وەك هێزی یەكلاكەرەوەی زۆنی زەرد. هەبوون پێیان وابوو ئیتر سلێمانی دەبێت بە چەقی ململانێ و یەكێتی و گۆڕان ئەوەندەی خەریكی پیلانگێڕان دەبن لە یەكتر، ئاگایان لە پارتی نامێنێ و بەو هۆیەوە پارتی بڕیاری سیاسی و ئابووری و گوتاری كوردیش دەخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە.

لەبەرامبەر ئەم بۆچوونانەدا، خەڵكانێكیش هەبوون لای پارتییەوە ئەو جیابوونەوەیەیان بە جۆرێك لە سیناریۆی مام جەلال و كاك نەوشیروان دەزانی و پێیان وابوو پارتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە یەكێتی و پارتی پێكەوە رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بۆ بەغداش هاوبەشی یەكتر بوون و بە یەك لیست بەشدارییان كردبوو، پێیان وابوو یەكێتی دەنگی كەمی كردووە و لەگەڵا دەنگەكانی پارتی دەبێتە شەریك و كۆی دەنگی هەردوولا بە یەكسانی لە نێوانیان دابەش دەكرێت و ئەوەی گۆڕان بەدەستی دەهێنێت لە ژمارەی دەنگ و پەرلەمانتار و لە پۆست و ئیمتیاز، لە هەرێم و لە بەغدا، وەك بەشێكی زیادە دەچێتە خزمەت بەرەكەی یەكێتییەوە. بۆیە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردن و دەركەوتنی گۆڕاندا، سەرباری ئەوەی دەنگی زۆریشیان بەدەست هێنابوو، نە لە هەرێم و نە لە بەغدا، پارتی رێگەی نەدا پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانی و قایمقامێكیش وەربگرن. هەروەك پێشیان وابوو دواجار ئەگەر یەكێتی لەبەر رێككەوتنی ستراتیژی و لەبەر پۆستەكانی هەرێم و بەغدا، بەجۆرێك چاو لە پارتی بپۆشێت یان تەنانەت یارمەتیدەریشی بێت، ئەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان رێگری لە هەنگاوەكانی پارتی دەكات.

ئەم گومانە لای پارتی قووڵتر بووەوە كاتێك یەكێتی و گۆڕان لێكگەیشتنی دەباشانیان راگەیاند و یەكێتی بڕیاری دا بۆ هەڵبژاردنەكان لە هەرێم و بەغدا لە لیستی هاوبەش بێتە دەرەوە و بە تەنیا بچێتە هەڵبژاردنەوە. ئیتر پارتی گومانەكەی بوو بە قەناعەت و پێی وابوو ئەگەر یەكێتی و گۆڕان پێكیشەوە بە یەك لیست نەچنە هەڵبژاردنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی و فراكسیۆنی هاوبەش دروست بكەن.

بەڵام پارتی لەم خوێندنەوەیەی بۆ گۆڕان هەڵە بوو. تا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان چووە سەری رەش و رێككەوتنی دووقۆڵی و نهێنی لەگەڵا پارتی ئیمزا كرد بۆ چوار ساڵی ئارام، ئیتر تێگەیشتنی پارتی بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان گۆڕانی بەسەردا هات و لە پێكهێنانی كابینەی وزاری و دابەشكاری پۆستەكاندا یەكێتییان خستە پەراوێزەوە و پەرلەمانیان بەبێ یەكێتی پێكهێنا. پارتی بەشێك لە پشكەكانی پێشتری یەكێتی دا بە گۆڕان و لە بەغدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی پێبەخشین. نزیكی و هەماهەنگیی نێوانیان گەیشتە ئاستێك كە جۆرێك تێگەیشتنی گشتی دروست بوو گوایە گۆڕان شوێنی یەكێتی لە رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵا پارتی دەگرێتەوە. 

بە واقیعیش وابوو كە دەبوو گۆڕان شوێنی یەكێتی بگرێتەوە و ببێتە شەریكێكی راستەقینەی پارتی. بەڵام ئەوەی بۆ پارتی و بۆ گۆڕانیش مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، تێكچوونی نێوانیان بوو كە نەدەبوو تێكبچن. پێموایە هەردوولا تووشی شۆك بوون كە پەیوەندی و هەماهەنگییان نەك چوار ساڵا، بڕی دوو ساڵی نەكرد، لەكاتێكدا ئەوان بۆ دوورتر رێككەوتبوون. تێكچوونی نێوانیان هەر لە تەڵە دەچوو، تەڵەیەك كە بەپێی پارتیدا تەقی، كورد واتەنی پارتییان خستە پاقلەكەوە. هیچ بە دووری نازانم لە ئاستی موخابەراتی وڵاتانیش لەم گەمەیەدا بەشدار بووبێت، تا سەرئەنجام پارتییان تووشی ئەو هیستریایە كرد كە وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەربكات و سەرۆكی پەرلەمان بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە. 

كاری من نییە و ناچمە ناو ئەو هۆكارانەوە كە نێوانی پارتی و گۆڕانی تێكدا، بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم درێژەپێدان بەو سیاسەتە لەلایەن پارتییەوە، سەرئەنجام كوردستان دەكات بە دوو لەتەوە. مەترسی دوولەتبوونی كوردستان وەك هەڕەشەیەك بەردەوام ئامادەیی هەیە. پێشتر دەگوترا پرۆژەی رەشنووسی دەستووری هەرێم كە رەزامەندیی پەرلەمان و حیزبەكانی لەسەرە و قۆناغ و رێكارە یاساییەكانی بڕیوە، حیمایەی یەكپارچەیی هەرێم دەكات، چونكە رێگە نادات هەرێمی دیكە لەناو كوردستان دروست بێت. بەڵام ئێستا ئەو رەشنووسەش بەخۆی و بە رێكارە یاسایی و شەرعیەكانییەوە مردار كرایەوە. 

بە درێژایی پەنجا ساڵی رابردووش لە دابەشبوونی شۆڕشەوە بۆ بەرەی جەلالی و مەلایی، بۆ سۆران و بادینان، بۆ ئیدارە و زۆنی زەرد و سەوز، تاكە دەرفەتێك كە پارتی دەیتوانی بیقۆزێتەوە و كۆتایی بە هەیمەنە و مەترسیی ئەو دابەشكارییە بهێنێ، هاوپەیمانێتی و شەراكەتكردنی گۆڕان بوو، چونكە بە نەتیجە گۆڕان دەكەوتە بەرەی پارتییەوە لە ململانێی ئیقلیمی و لە رووكردنە ئاسۆی رۆژئاوا. هەروەك گۆڕان دەیتوانی هەوێنی یەكێتی نەتەوەیی بێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی و بەوەش بارزانی بە دەنگێكی دلێرانەتر دەیتوانی بانگی حەق رابگەیەنێ‌.

بەڵام كار و كاردانەوەكانی ئێستای پارتی، پاڵا بە گۆڕانەوە دەنێت بۆ لایەكی دیكەی ئەو هاوكێشە و جەمسەربەندیەی خەریكە ناوچەكە دەگرێتەوە، بەمەش بە كردار هەرێمی كوردستان دەبێت بە دوو لەتەوە. پێدەچێت پارتی دوای ئەوەی لە رووی سیاسی و ئابووریەوە كەركووكی كەوتووەتە دەست، بەجۆرێك لە دڵنیایی بیبینێ‌ و زۆر خەمی سلێمانی نەبێت، بەڵام دەبێت لەوەشدا بەرچاوی روون بێت كە تێكچوو، هەمووی پێكەوە تێكدەچێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە