رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دەڵێ، نزیکەی 90 تیکتۆکچی بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە و وادەکەش دوو بەیانی تەواو دەبێت، بەڵام هەفتەیەک درێژی دەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 90 کەس لە تیکتۆکچییەکان کە لایڤ دەکەنەوە فۆڕمی بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە و بەردەوامیشە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، وادەکە دوو رۆژی دیکە تەواو دەبێت و گوتی: "بەڵام هەندێکیان تەلەفۆنیان بۆ کردووین و دەڵێن کە لە دەرەوەی وڵاتین یاخود نەخۆشن، بۆیە هەفتەیەکی دیکە کاتەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو هەموویان بتوانن بەڵێننامە پڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت قسەی نەشیاو، تەشهیر، بێڕێزی، سووکایەتی، هەڕەشە و جوێندان بکەن."
رۆژی 03-11-2026 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن (بەتایبەت پلاتفۆرمی تیکتۆک)، کە لە رێی دەرکەوتن و لایڤەوە مامەڵە دەکەن.
پۆلیسی هەولێر لە ئاگادارییەکەیدا دەڵێت: "بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کولتووری کۆمەڵایەتی و رێگریکردن لە دیاردەی نەخوازراو، سەرجەم هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بەیەکدی یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت، پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی رێنماییە فەرمییەکان."




