من لە یەك شت باش تێناگەم، كۆمپانیا ئیماراتی بێت، كێڵگەی گاز ''حازر و بزر'' كوردستانی بێت، بەڵام دادگا بەریتانی بێت. لەگەڵ هاوڕێیەكی زۆر شارەزا و ناودار لە بواری یاسای وزە و كۆنتراكتی نەوت و گاز كە لە سویسرا دەژیت، هەمان پرسیارم كرد، ئەو گوتی ئەگەر ئەو بڕگەیە نەبێت كە دادگای نێودەوڵەتی مافی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی هەیە، كەم كۆمپانیا هەن ئامادە بن، كاری وەبەرهێنان بكەن.
1- من هەر لەسەر رای خۆم سوورم كە كۆمپانیای نەوت و گاز دەبێت پابەند بكرێن و رازی بن كێشەكانیان لە دادگاكانی كوردستان یەكلایی بكەنەوە، ئەگەر باوەڕیشیان بە سیستەمی دادوەریی ئێمە نییە با كاری وەبەرهێنان لە كوردستان نەكەن. دەمێكیشە هاوار دەكەم كە دادگاكان و یاساناسەكانیش ئامادە بكرێن بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە ئاڵۆزانە بكەن، دادگا و دادوەری تایبەت بە تەحكیمكردن '' Court of Arbitration'' دابمەزرێنن كە بە ستانداردی جیهانی كار و ئەركەكانیان راپەڕێنن.
2- كێڵگەی گازی كۆرموور و چەمچەماڵ، نانی زۆر حازر و چەورن، ئەگەر بۆ كێڵگەكانی دیكەش بە سەختی وەبەرهێنەر بدۆزینەوە، بۆ ئەو كێڵگانە، كۆمپانیا دەستدەكەوێت، خۆ هەر لە سەرەتاوە كارێكی هەڵەیە كێڵگەی نەوت و گازی حازر و دۆزراوە ببەخشرێت بە هیچ كۆمپانیایەكی بیانی، بەبێ بوونی هاوبەشێكی بەهێزی ناوخۆیی وەك كار و قەیوان و بگرە ئەحمەد ئیسماعیل و هتد. هەرچەندە مەخابن، كۆمپانیای نەوت و گازی نیشتیمانی ماوەی هەشت ساڵە تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوە و وادەی لەدایكبوونی هێشتا دیار نییە.
3- دەزانم ئەو تیمەی كە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، تیمێكی ناوداری زۆر بەتوانان، بەڵام هەموو شتێكیش بە ئەنجام دەپێورێت. پێویستە هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بكات بەو تیمە پارێزەرانەی كە كار لەسەر ئەو كەیسە دەكەن. هەندێك لە پارێزەرە ناودارەكان تەنیا بەناو سەرپەرشتیی كەیسەكان دەكەن، بە هۆی سەرقاڵییان كەیسەكان دەدەنە پارێزەری كەم ئەزموون لە خوار خۆیان، ئەوان وەك ناو دەمێننەوە بۆ پەیداكردنی موشتەری. پێویستە هەرێمی كوردستان دڵنیا بێت كە پارێزەرە ناودارەكان خۆیان راستەوخۆ سەرپەرشتی كەیسەكان دەكەن و دەرفەت نەدرێت كە تەنیا ببینە كاڵای پارە پەیداكردن بۆ هەندێك تیمی پارێزەری ناوداری جیهان.
4- دانا گاز، كۆنتراكتی بەستووە، مامەڵەی وەك دەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە، ئێستا بۆ دۆشینی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕگانە رەتدەكاتەوە كە دادگا لە قازانجی دەوڵەتانی خاوەن سەروەری لێكیاندەداتەوە (بڕوانە یاسای ناسراو بە State Immunity Act 1976 )، پارێزەرانی دانا گاز دادوەرانیان رازی كردووە كە دەڵێت هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری نییە و ئەو یاسایە نایگرێتەوە. سەیر بكەن بانێكە و دوو هەوا چەندە قێزەونە!
بەڕێزان گەمە لەگەڵ كۆمپانیای نەوت بڤە و مەترسیدارە، دۆستایەتی و دەعوەت و موجامەلە لەگەڵ هەر كەس و لایەنێك بتپارێزێ، لەگەڵ كۆمپانیای نەوت ناتپارێزێ، لەگەڵ كۆمپانیای نەوت تەنیا بڕگەی تۆكمەی ناو كۆنتراكتەكان دەتپارێزێ، دامەزراوەی نیشتمانی و موئەسەساتی پڕ لە عەقڵ و حیكمەت دەتپارێزێ.
*مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لەبواری وزە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ