رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، هەر خانمێکی دووگیان داوای نەشتەرگەریی منداڵبوون بکات، راستەوخۆ بۆی ناکرێت و بە وردی لە هۆکاری داواکردنەکەی دەکۆڵدرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 لەنێو کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا د. سەناریا رەئووف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە NHSـی بەریتانی، بەڕێوەبەری پێشووتری خانمان و منداڵبوون لە پێنجەم گەورەترین یەکەی منداڵبوون لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی بەریتانیا لە هەوڵە بۆ کەمکردنەوەی گیانلەدەستدانی دایکان دوای منداڵبوونیان، بۆ ئەمەش پشکنینی پێشوەختەی داناوە.
د. سەناریا رەئووف گوتی: پێش چەند مانگێک بەر لە دووگیانبوون پێویستە ئامادەکاری بکرێت و لەلایەن کەسی پسپۆڕەوە سەرپەرشتیی خانمان بکرێت، ئینجا لەماوەی دووگیانیشدا جەختی زۆر لە خۆراکەکان و ڤیتامینەکان بکرێنەوە.
ئەو پسپۆڕە باسی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لە بەریتانیا دەکات و ئاشكرای دەکات، ئێستا لەوێ زیاد بووە و گەیشتووتە 40% بۆ 45%.
د. رەند نووری، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا لەبارەی چاودێریی خانمان لە پێش و دوای دووگیانبوون گوتی: هێشتا بە دیاریکراوی ئاشكرا نەکراوە کە رێژەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان چەندە، بەڵام بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون 48%ـە.
د. رەند نووری دەڵێت: هەر خانمێک بیەوێت دووگیان ببێت بچێتە بنکە تەندروستییەکان و لەوێ لەلایەن پزیشکەوە رێنوێنی دەکرێن بۆ ئەوەی دووگیانبوونێكی سەلامەتیان هەبێت.
لە کۆتاییشدا ئەوەی گوت کە هیچ دەرمانێک لەماوەی دووگیانیدا نەخورێت و نابێت بە بێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمان بەکاربێت.



.jpeg&w=3840&q=75)