ساڵی 1991 پاش سەرکەوتنی راپەڕین، هێزە سیاسییەکان لە پێشبڕکێی ئاودیوکردنی هەموو جۆرە کەلوپەلێکدا بوون بۆ ئێران. یەکێک لە شرۆڤەکانی ئەو کات بۆ ئەم دیاردە سەیرە، ئەوە بوو کە سەرکردەی ئەم هێزە سیاسییانە گومانیان لە سەرکەوتنی ئەزموونی دوای راپەڕین هەیە، لەبەرئەوە پەلەی تاڵانکردنی کوردستان و پڕکردنی گیرفانی خۆیانە. بۆ خەڵکی هۆشیار ئەمە جێگەی خەم و تێڕامانێکی قووڵ بوو: چۆن دەکرێت کەسانێک کە چەندین ساڵ لە چیاکان مەرگیان خستووەتە پێش خۆیان، ئێستا پاش ئازادبوونی بەشێکی بەرچاوی وڵاتەکەیان، بەم شێوەیە تاڵانی دەکەن؟
بەکورتی کوردستان بۆ سەرکردایەتی هێزە سیاسییەکان (بەبێ جیاوازی) تەنها هۆتێلێک بوو بۆ مانەوەیەکی کاتی، لەبەرئەوە هەوڵیاندەدا زۆرترین سوود لەم مانەوە کاتییە لە هۆتێل کوردستان وەربگرن. ئەوەی لە توانای پێشبینیکردنی ئەو سەرکردانە بەدەربوو، مانەوەی هۆتێل کوردستان بوو بۆ ماوەیەکی درێژ و گۆڕانی سروشت و ئەرکی هۆتێل کوردستان. ئەو سەرکردایەتییەی خۆیان بە میوانێکی کاتیی دەزانی، ئێستا بوونەتە خاوەنی یاسایی هۆتێل کوردستان!
ئێستا هۆتێل کوردستان ئاماژەیە بۆ دیاردەیەکی تر کە دیسان رەهەندی ئابووریی هەیە (هەموو شتەکان، بەتایبەتی لە کوردستان رەهەندی ئابوورییان هەیە!)، لەژێر فشاری قەیرانی ئابووری و نەزانیی حکومەت لە بەڕێوەبردنی ئابووری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی وەک ئاگری سەرخەرمان، خەڵکی کوردستان هەستدەکەن لە هوتێل کوردستان نیشتەجێن و بۆ هەموو شتێک دەبێت شتێک بدەن (پارە یان بەهایەکی تر). هاوشێوەی نیشتەجێبوون لە هۆتێل، ژیان لە کوردستان بێبەرامبەر نییە. ئاو، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، رێگاوبان و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی تر بەرامبەر بڕێک پارە، بە کواڵیتی و نرخی جیاواز بەردەستن.
بێگومان لەسایەی مەکینە بێبەزەییەکەی سەرمایەداریدا، ئابووریی هەموو جیهان ئەم ئاراستەیەی وەرگرتووە، ئەوەی جیاوازە لە کوردستان چەمکی "هاووڵاتی" لە هەموو واتا سیاسی- یاساییەکانی بەتاڵکراوەتەوە و گۆڕاوە بۆ "نیشتەجێ"ی هۆتێل کوردستان. چیتر ئێمە هاووڵاتی نین بەواتا سیاسییەکەی، بەڵکو وەک بەکاربەری ئابووری، بەپێی ئەو پارەیەی پێمانە، لە یەکێک لە بەشەکانی هۆتێل کوردستاندا نیشتەجێ دەبین، ئیتر خۆمان و بەختمان.
لە سایەی عەقڵیەتی بە هۆتیل سەیرکردنی کوردستاندا، ئێستا هەموو شارەکانی کوردستان، بەپێی شێوازی ژیان دابەش بوون بەسەر ناوچەی دەوڵەمەند و هەژاراندا، کە ئەوانیش جارێکی تر دابەش بوونەتەوە بۆ ناوچەی وردە دەوڵەمەند و هەژاری رەها. بۆ نموونە لە هەولێر، هەولێرێکت هەیە لەسەر مۆدێلی مێترۆپۆڵیتانتەکانی وەک نیویۆرک و لەندەن کە میوانەکانی ئەم بەشەی شار هەست دەکەن گوڵ و گوڵزار و ئارامییەکی بێوێنە لە پێشوازییاندایە، بەڵام تەنها چەند کیلۆمەترێک لەولاوە، هەولێرێکت هەیە لەسەر مۆدێلی وێرانەشارەکان (شانتی تاون)ەکانی دەلهی و جۆهانسبێرگ کە زێرابەکانی لە پێشوازیی میوانەکاندان.
ئەم جیاوازییە گەورەیە، کە پێناچێت ئیدارەی شار و سەرکردایەتی حکومەت بیبینن، چونکە خۆیان تەنها لە بەشە گوڵاوییەکەی شار دەژین و کاردەکەن، ئاکامی مەترسیداری هەیە لەسەر ئایندەی شار و وڵات! ئەمە بابەتێکی زێدە گرنگە و پێویستی بە لێوردبوونەوەی زیاتر هەیە. بەڵام ئێستا باسی رەهەندێکی تری هۆتێل کوردستان دەکەین، کە زیاتر دەرەکییە.
رەهەندێکی دەرەکیی هۆتێل کوردستان، هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ کردنی کوردستان بە هوتێلێکی گەورە و هاوینەهەوارێک بۆ هاووڵاتییە پلەیەکەکانی عێراق. ئیتر هۆتێل کوردستان دەبێتە تەنها دەروازەی بژێوی خەڵکی کوردستان (هاووڵاتییە پلەدووەکانی عێراق)! ئەوان دێن و ئێمە و پارێزگاری شار تا (پشتی سەیتەرە) بەرەوپیریان دەچین و هەموومان وەک کارمەندی هۆتێلە گەورەکە لە خزمەتی ئەم میوانە شیرینانەدا دەبین! لە کۆتایی هەموو وەرزێکیشدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشانازییەوە داتاکان بڵاودەکاتەوە: چەند کەس هاتن و چەند کەس خزمەتیان کردن!
لێرەدا مەبەست بەکەم سەیرکردنی بەهای کەرتی گەشتوگوزار نییە، گەشتوگوزار بایەخی گەورەی هەیە بۆ ئابووریی هەر وڵاتێک، بەڵام لە کوردستان گەشتوگوزار بووەتە خاڵی یەکتربڕی ئەم سێ جۆرە هۆتێلەی لەسەرەوە باسکران: ئەو هۆتێلەی سیاسییەکان بوونەتە خاوەنی، ئەو هۆتێلەی هەموومان تێیدا کرێچین و ئەو هۆتێلەی هەموومان تێیدا خزمەتکارین. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ ستراتیژێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە هیچ یەکێک لە بوارەکاندا. وڵاتێک کە ستراتیژی پاراستنی زمانی نەتەوەیی نەبێت، چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت ستراتیژی گەشتوگوزاری هەبێت؟ بەکورتی گەشتوگوزار بووەتە کەرتێکی ئابووریی دابڕاو لە هەموو بوارەکانی تر، بەتایبەتی بوارە گرنگەکانی وەک ژینگە، زمان، کولتوور، ئاسایشی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەیەک کە بەدرێژایی مێژوو ئەوەندەی ئێستا شوناسی لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوە و لەناوچووندا نەبووە.
دەکرێت کەلێنی گەورەی لەم جۆرە لەو هۆکارانە بن کە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر، کە لە بنەڕەتدا سەربەخۆییخوازن، گومان لە توانای ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا بکەن بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کوردستان. شکستی ئەم سەرکردایەتییە لە پاراستنی خەونی دەوڵەت و سەربەخۆیی و گۆڕینی ئەم خەونە بۆ خەونی هەبوونی ژوورێکی باشتر و باڵێکی باشتر لە هوتێل کوردستان، هۆکارە بۆ ئەوەی لاوەکانی ئەمڕۆ بە بێباکییەوە لە خەونی دەوڵەت بڕوانن. ئەمانە هەر ئەو لاوانەن کە باوکیان گیانی بۆ کوردستانێکی ئازاد بەخشی، کەچی ئەمڕۆ لە سایەی ئەو هەڵە گەورانەی چارەکە سەدەیەکە هاوار دەکەین مەترسیدارن، بەشێکی زۆری ئەم لاوانە هیچ ئومێدێکیان بەو کوردستانە نەماوە کە ئێوە کردووتانەتە هۆتێل.
بۆ ئەوەی کوردستان لە هۆتێلەوە بکەینەوە بە نیشتیمان، بۆ ئەوەی کاردانەوەمان بۆ گلەیی لاوان، تەنها رەتکردنەوە نەبێت، دەبێت وزەکان ئاراستە بکەین بەرەو راستکردنەوەی ئەو هەڵە گەورانەی چارەکە سەدەیەکە دووبارەیان دەکەینەوە، پاشان هەوڵ بدەین بۆ بونیاتنانی ئایندەیەک کە هەموومان ببینە خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتی. بەبێ ئەم هەنگاوە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان، ئێمە تەنها دەتوانین قەڵاکانی رابردوو لە ئایندەدا بەناوی کۆشکەوە بونیات بنێینەوە و شتێکمان نەبێت بەناوی نیشتیمان، تەنانەت ئەگەر خاوەنی دەوڵەتیش بین!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ