راگرتنی باڵانسی په‌یوه‌ندییه‌كان؛ ‎هه‌ر سه‌به‌ته‌ و هێلكه‌یەک

23-12-2018
د. دلاوەر ئاژگەیی
نیشانەکردن دلاوەر ئاژگەیی
A+ A-

‎بێگومان ‌بڕیاری له‌ناكاو و تاكلایه‌نه‌ی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا سەبارەت بە كشاندنه‌وه‌ی سوپاکەی له ‌سووریا و کۆتاییھێنان بە پشتگیریکردنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ئه‌م گومانه‌ی لای‌ هه‌رێمی كوردستانیش دروستكردووه،‌ كه‌ بڕیارێكی له‌م چه‌شنه‌ له‌لایه‌ن ترەمپەوە، بۆ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ربچێت.

‎پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ‌ئه‌گه‌ر ترەمپ ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌ركرد، كاریگه‌ری لەسەر ‌شه‌ڕی دژی داعش و به‌تایبه‌تی لە رووی نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییەوە چەند دەبێت و، ئایا كوردستان به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌؟

‎بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره،‌ ده‌بێت ھەڵوەستەیەکی جدی لەسەر پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ستراتیجی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ھەرێمی كوردستان بكه‌ین لەگەڵ دونیای دەرەوە.
 
‎ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه، ‌ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت: ‌به‌راورد بە چه‌ند ساڵی رابردوو، په‌یوه‌ندییە نێوده‌وڵه‌تییەکانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری ئه‌رێنی و پێشكه‌وتنی بەرچاویان به‌خۆیانەوە بینیوه، ئەمڕۆ په‌یوه‌نده‌كانی هه‌رێم ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌ك لایه‌ن، به‌ واته‌یه‌كی دیکە ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نین‌، ھەرێمی كوردستان کۆی هێلكه‌كانی نەخستووەتەوە ناو یەک سەبەتەی ھێزە نێودەوڵەتییەکانەوە.

‎لێره‌دا گرنگه ‌ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی ‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا و هه‌رێمی كوردستان بكرێت، كه ‌له ‌ئاستێكی گونجاو و لەجێی رەزامەندیدایه‌، رۆژ له‌دوای رۆژیش پێشكه‌وتن و گه‌شەسەندنی زیاتر به‌خۆیه‌وه ‌ده‌بینێت. 

‎به‌پێچه‌وانەی زۆر له ‌بۆچوونه‌كان كه‌ پێیان وابوو؛ په‌یوه‌ندییەکانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ده‌رهاویشتەی ‌شه‌ڕی دژی داعش و دۆخی ئەمنیی عێراقن ‌و، دوای كۆتاییهاتن یان لاوازبوونی داعش گۆڕانکاری بەسەر فۆرم و چوارچێوەی ئەم سەردان و پەیوەندییانەدا دێت و دواجار ئەم په‌یوه‌ندی و سه‌ردانانه‌ش نامێنن، بەڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، تەنانەت له‌ئاییندەیەکی نزیكیشدا، سه‌ردانه ‌دیپلۆماسییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان لە ئاستی زۆر باڵا چڕتر و بەرفراوانتر ده‌بنه‌وه‌ و، ترافیكی به‌رفرا‌وانی دیپلۆماسی به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان.

‎لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ دابڕانێكی كاتی له‌ رێژه‌ی سه‌ردانه‌كان له‌دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین، كه‌ به ‌بۆچوونی بەشێک له ‌چاودێرانی سیاسی، وه‌كو ئاما‌ژه‌یه‌ك و بەڵگەیەک لەسەر پشتگوێخستنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌وروپا لێكدانه‌وه‌یان بۆ ‌دەكرا، كه‌چی ده‌ركه‌وت ‌له‌ راستیدا هۆکاری سه‌ره‌كی بۆ گه‌مارۆی دیپلۆماسی و‌ رێگه‌نه‌دان به‌ شانده‌كان و داخستنی ئاسمانی كوردستان دەگەڕایەوە بۆ بەغدا، نه‌ك گۆڕانکاری لە سیاسەت و هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌وروپا بەرامبەر کوردستان.

پێگه‌ی گرنگی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جیۆپۆلەتیكی له‌ رۆژھەڵاتی ناوین كه‌ خاوه‌نی سنوورێكی درێژە لە‌گه‌ڵ ئێران، توركیا، سوریا و عێراق، كاریگەر‌ی و قورسایی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ئه‌م وڵاتانه‌دا ھەیە.‌

‎رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش: شه‌ڕی داعش ئه‌م راستیه‌ی سەلماند كه ‌هه‌رێمی كوردستان بەھۆی ‌خاوه‌نداریێتی هێزی پێشمه‌رگه‌، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی چه‌ك و كه‌رەسته‌ و پێداویستییە سه‌ربازییە پێشكه‌وتووەکان، وه‌ک یه‌كه‌م هێز له ‌ئاستی جیهان ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، تاوەکو ئه‌م كاته‌ش له‌ ناوه‌نده‌ سه‌ربازی و به‌رگرییه‌كانی جیهان جێگه‌ی مشتومڕ و گفتگۆیه‌. 

لە ‎لایه‌كی دیکەشەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كه‌ توانیویەتی سه‌ركه‌وتووانه هه‌رێمی كوردستان له ‌ناوچه‌یه‌كی پڕ له ‌مەترسی و تیرۆر و تۆقاندن ‌بپارێزێت، جێگه‌ی سه‌رنج و بایەخپێدانی ئه‌وروپایه‌.
 
‎راگرتنی هاوسه‌نگی هێز له‌ ناوچه‌ی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مامه‌ڵه‌كردنی دروست و سه‌كه‌وتوو له‌گه‌ڵ پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، كه ‌سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی و ئابووری هه‌رێم، سه‌ركه‌وتووانه‌ مامەڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌م پرسەدا‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووایه؛ ‌ئه‌م ئاوارانه ‌به‌ جێهێشتنی كوردستان و، رووكردنیان له‌ ئه‌وروپا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا دروست ده‌كرد. 

‎دوورگه‌ی دیموكراتی له‌ ناوچه‌كە: سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی و ساوابوونی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی وه‌ك ناوچه‌كی گرنگ لە هه‌رێمی كوردستان دەڕوانن؛ له بوارەکانی ‌په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له ‌به‌ها دیموكراتییه‌كان به‌تایبه‌تی له ‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پڕ لەکێشەدا.

‎سه‌ركردایه‌تی ژیرانه ‌و حه‌كیمانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ‌ده‌ركردنی بڕیاری دروست و گونجاو له‌كاتی پێویستدا.

‎هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان: هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له ‌نه‌وتی خاو، خاوه‌نی بڕێكی زۆر گازی سرووشتییە، ‌كه‌ له‌ رووی ئابووری و سیاسییەوە گرنگییەکی زیاتری هەیە له‌ نه‌وت ‌بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.

‎نزیكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌وروپاوە له‌رووی جو‌گرافیەوە، واتە ھەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، یان نەرێنی کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئەوروپا دەبێت.

ئه‌مانە و چه‌ندین لایه‌نی گرنگی هه‌رێمی كوردستان، وایان كردووه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌رێمی كوردستان وه‌ک ناوچه ‌و هاوبه‌شێكی گرنگ ببینن، بۆیه‌ له‌هه‌وڵی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیاندان له‌گه‌ڵ هه‌رێم. 

‎سه‌ردانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و ئاڵمانیا و له‌ رۆژانی داهاتووشدا، بەتایبەت دوای سه‌ری ساڵ وڵاتانی دیکەی گرنگ له ‌یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان، شاهێدی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ن، به‌تایبه‌تی كه شه‌ڕی دژی داعش به‌ره‌و كۆتایی هه‌نگاوده‌نێت و ئێستا وڵاتانی ئه‌وروپا بیر له ‌قۆناخی دوای داعش ده‌كه‌نه‌وه، ‌به‌تایبه‌تی له بواری ‌پته‌وكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئابووری، زانستی و بونیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌.

‎ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی: ‌دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا كات و پلان و ستراتیژی بەھێز و تۆکمە و باشتری پێویستە و، سەختترە له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیکەی جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا په‌یوه‌ندی لەگەڵ ئەوروپا درێژخایه‌نتر و پتەوترە و به ‌شه‌و و رۆژێك گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نایه‌ت.


د. دلاوەر خالد ئاژگەیی
نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە