نابێ لە بەغدا بکشێینەوە

24-02-2015
هێمن عەبدوڵڵا
نیشانەکردن بەغدا هەولێر کوردستان
A+ A-

لە کوردستان ئەو دەنگانەی داوای کشانەوەی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا دەکەن هەروا بەرزتر دەبنەوە. بەتایبەتیش کە خەریکە دەردەکەوێت بۆ پەیمانشکێنی بەرامبەر هەولێر، جەنابی عەبادیش کراسێکی لە مالیکی دادڕیوە، ئەو دەنگانە رۆژ بە رۆژ زوڵاڵتر دەبن. بەڵام ئایا کشانەوەی ئەو نوێنەرانە زیانی زۆرتر نابێت لە قازانج؟

نوکتەی گەورە کە من لە یەکەم رۆژەوە بڕوام پێنەکرد ئەوەبوو کە هوشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، گوتی: “کاتێک بوومە وەزیر، بەسەر سندووقێکی بەتاڵدا کەوتم”. ئەم قسەیە وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق کردی. بەدوایدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ژمارەیەک وەزیری دیکەی کوردیش لە کابینەی عەبادیدا هەمان قسەیان دووبارەکردەوە. کاتێکیش لە هەریەکێکیان دەپرسیت: “پارەی عێراق چیی لێهاتووە؟” بە چاوئەبڵەقی وەڵامتدەدەنەوە: “نازانین”! 

راستییەکەی ئەوەیە عەبادی لە عێراقدا سەرۆکایەتیی دوو حکومەت دەکات. یەکێکیان ئەوەیە کە شەرعیەتی نێودەوڵەتیی هەیە و ئەوەی پێیدەڵێن “پێکهاتەکانی عێراق” تێیدا بەشدارن. ئەو حکومەتە حکومەتی کڕووزانەوە و بێپارەیی و داعشزەدەییە. حکومەتێکە پارەی نییە بودجەی کوردستان بنێرێت، بەڵام، وەک جێگری پارێزگاری مووسڵ پێیگوتم، “لەپێناوی تێکنەچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی”، ناهێڵێت مووچەی فەرمانبەرانی بندەستی داعش لە مووسڵ و ئەنبار بۆ یەک رۆژیش دوابکەوێت. ئەو حکومەتە هەمان ئەو حکومەتەیە کە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەزۆر کوردیان خستە ناویەوە و کڵاوێکی مەکسیکییان لەسەرینا. 

حکومەتی دووەم کە لە عێراقدا هەیە، حکومەتی سێبەری شیعە-ئێرانییە. ئەو حکومەتە پارە و نەوت و سوپای بەدەستەوەیە، بەو پارەیەشەوە کە لە سندووقی وەزارەتەکەی هوشیار زێباری دەرهێنراوە! هەرچییەکیش ئەو حکومەتە نەیەوێت لە عێراقدا روونادات. پەتەکانی بەڕێوەبردنی ئەو حکومەتە لەدەست عەبادیدا نییە، بەڵام لەدژیشی نییە. لەو حکومەتەدا ئێستاش مالیکی و هاوفکرەکانی دەستیان دەڕوات و تاران خەت و نیشانیان بۆ دەکێشێت. بۆیەش هەمان ئەو سیاسەتەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیانبووە درێژەی پێدەدەنەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە هێشتا مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان نییە بدرێت. لە ناوچە تازە گەڕاوەکانیش هادی عامری و میلیشیا شیعەکەی جێگەی عەبدولئەمیر زەیدییەکەی جارانی گرتووەتەوە.

سەرکردایەتیی کوردستان ئەم راستییەی سەرەوە دەزانێت، بەڵام دەشزانێت جارێ کشانەوە لە بەغدا زیانی لە قازانج زۆرترە. تا شەڕی داعش بەلایەکدا نەکەوێت، حکومەتی کوردستان پلانی پشتبەخۆبەستوویی ئابووری و وزەیی نەگەیەنێتە قۆناخی بێمنەتبوون و تا رەوشی سووریاش هەروا بمێنێتەوە، هەولێر قازانجێکی وا لە کشانەوە لە بەغدا ناکات. ئێمە وەک رۆژی روون لێمان دیارە کە ئەو تڕەکەڵەکەی لەگەڵ بەغدا هەڵمانچنیوە زۆری دیکە نابات و دەڕووخێت، بەڵام با کەنگر و ماست هەڵگرین بۆ وەعدەی خۆی.   





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە