بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر عەجاج ئەحمەد حەردان زهیر العبیدی تەنها بڕیارێکی سزایی دژی تاکێک نییە؛ بەڵکو بڕیارێکە کە پێویستە لە دوو ئاستدا بخوێندرێتەوە: ئاستی سزادانی تاوانکار و ئاستی مافی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان.
1. ناوەڕۆکی بڕیارەکە
بە پێی بڕیارەکە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 14/05/2026 بڕیاری داوە بە لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان زهیر العبیدی تا مردن. ئەم بڕیارە بە پشتبەستن بە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ژمارە 10ی ساڵی 2005، یاسای سزادانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969 و مادەکانی پەیوەندیدار بە بەشداری لە تاوان دەرکراوە.
لە ناو بڕیارەکەدا، کردارەکانی تاوانبار وەک بەشێک لە جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی باس کراون؛ لەوانە: کوشتنی دەستگیرکراوان بە برسیکردن، تینووکردن و ئەشکەنجەدان تا مردن؛ ناشتنیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا؛ سووکایەتیکردن بە دەستگیرکراوان؛ ونکردنی زۆرەملێی کچان و منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی دەستگیرکراو لە قەڵای نوگرە سەلمان.
بڕیارەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە ژمارەی ئەوانەی لەم کەیسەدا باسکراون گەیشتووە بە 1068 کەس. بۆیە پێویستە بە وردی بگوترێت: 1068 کەس لە چوارچێوەی ئەم کەیسەدا، نەک ژمارەی گشتیی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال.
2. مافی قەرەبوو لە کۆتایی بڕیارەکەدا
لە کۆتایی بڕیارەکەدا هاتووە کە مافی سکاڵاکاران و داواکەرانی مافی کەسی پارێزراوە بۆ ئەوەی، دوای وەرگرتنی پلەی قەتعی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی دارایی لە دادگاکانی شارستانی/مەدەنی بکەن.
واتە دادگا لە ئاستی سزاییەوە تاوانبار دەناسێنێت، تاوانەکە دەسەلمێنێت و سزای تاوانکاری دەدات؛ بەڵام قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و دیاریکردنی بڕی زیان دەخاتە چوارچێوەی دادگای مەدەنی.
3. یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 و کێشەی قەرەبوو
یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005، لە رووی ناساندنی جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگدا، لەگەڵ بنەما و ئەزموونی دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتی هاوشێوەیی هەیە. ئەم یاسایە لە ئاستی سزادان و بەرپرسیاریی تاوانکاری، بە تاوانە گەورە و نێودەوڵەتییەکان مامەڵە دەکات.
لە بابەتی قەرەبووکردنەوەشدا، رەوانەکردنی داوای قەرەبوو بۆ دادگای مەدەنی شتێکی نائاسایی نییە؛ چونکە لە زۆر لە ئەزموونەکانی دادگاکانی تاوان، سەرەتا گرنگی بە سزادانی تاوانکاران و ناساندنی تاوانەکان دراوە و قەرەبووی قوربانیان بە رێگای دادگای مەدەنی، دادگای ناوخۆیی، رێککەوتنی سیاسی ، یاسایی، یان میکانیزمی جیاواز چارەسەر کراوە.
بەڵام بۆ دۆسیەی کورد، ئەم رێکارە بە تەنها بەس نییە؛ چونکە کورد تەنها یەک کەیسی سنوورداری نییە، بەڵکو چەندین دۆسیەی ناسراوی جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ هەیە، جگە لەو تاوانانەی هێشتا نەگەیشتوونەتە دادگا.
بۆیە قەرەبووی جینۆسایدی کورد نابێت تەنها لە چوارچێوەی داوای مەدەنی تاکەکەسی بمێنێتەوە. دادگای مەدەنی دەتوانێت یەکێک لە ڕێگاکان بێت، بەڵام نابێت تاکە رێگا بێت. پێویستە قەرەبوو لە چوارچێوەیەکی گشتی، نەتەوەیی و دەوڵەتیدا چارەسەر بکرێت.
4. نموونە جیهانییەکان: سزادانی تاوانکاران و سنوورداریی قەرەبووی قوربانیان
ئایا لە زۆر لە نموونەکانی جیهانی، دادگاکانی تاوان زیاتر بۆ سزادانی تاوانکاران کاریانکردووە، نەک بۆ قەرەبووی فراوان و گشتیی قوربانیان؟
بەڵێ، لە مێژووی دادگاییکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا، زۆر لە دادگاکان زیاتر بەو ئاراستەیە کاریان کردووە، بەڵام ئەمە مانای پشتگوێخستنی مافی قوربانیان نییە؛ بەڵکو مانای ئەوەیە، کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو دادگایانەدا، قەرەبووی گشتی و سیستەماتیک جێگەیەکی سنوورداری هەبوو. بۆیە قوربانیان زۆرجار ناچار بوون لە رێگای دادگاکانی ناوخۆیی، رێککەوتنە سیاسی، یاساییەکان، سندوقە تایبەتەکان یان میکانیزمەکانی دیکە داوای قەرەبوو بکەن.
لە نێوان ئەم نموونانەدا، بە بۆچوونی من، شێوازی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هۆڵۆکۆست، بەتایبەتی رێککەوتنی دەوڵەتی، نوێنەرایەتیی گشتی و میکانیزمی تایبەتی قەرەبوو، بۆ دۆسیەی کورد گونجاوترە. بۆ کوردیش ئەمە دەتوانێت لە رێگای رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەگەڵ یاسایەکی تایبەت و سندوقی قەرەبوو، چارەسەر بکرێت.
ئـ) دادگای نورێمبێرگ و قەرەبووی هۆڵۆکۆست
دادگای نورێمبێرگ دوای جەنگی جیهانیی دووەم بۆ سزادانی سەرکردەکانی نازی دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی ئەو دادگایە سزادانی تاوانکاران و ناساندنی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بوو، نەک دامەزراندنی سیستەمێکی گشتی بۆ قەرەبووی قوربانیانی هۆڵۆکۆست.
قەرەبووی قوربانیانی هۆڵۆکاست دواتر لە رێگای رێککەوتن و میکانیزمی سیاسی - یاسایی چارەسەر کرا. نموونەی گرنگ لەم بوارەدا رێککەوتنەکانی لۆکسمبۆرگ لە ساڵی 1952 بوو، کە لە نێوان حکومەتی ئەڵمانیای رۆژئاوا، دەوڵەتی ئیسرائیل و نوێنەرایەتییەکانی قوربانیانی جوو، بەتایبەتی Claims Conference، رێکخرا.
ئەمە بۆ کورد وانەیەکی گرنگە: جینۆسایدی کوردیش نابێت تەنها بە داوای مەدەنی تاکەکەسی چارەسەر بکرێت؛ چونکە ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی رژێمی بەعس، تاوانێکی سیستەماتیک و دەوڵەتی بوون دژی گەلی کوردستان.
ب) دادگای نێودەوڵەتی رواندا ICTR
دادگای نێودەوڵەتی رواندا بۆ سزادانی ئەو کەسانە دامەزرا، کە بە بەرپرسیارترین تاوانکارانی جینۆسایدی رواندا دادەنران. جینۆسایدی رواندا لە ساڵی 1994 دا لە چوارچێوەی تاوانێکی رێکخراو و فراوان ئەنجامدرا. بەڵام لە رووی قەرەبووەوە، دەسەڵاتی یاسایی ئەو دادگایە زیاتر لەسەر سزادانی تاوانکاران بوو، نەک لەسەر دامەزراندنی سیستەمێکی گشتی و فراوانی قەرەبوو بۆ هەموو قوربانیان.
ج) دادگای نێودەوڵەتی یوگوسلاڤیای پێشوو ICTY
دادگای نێودەوڵەتی بۆ یوگوسلاڤیای پێشوو بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدی ئەنجامدراو لە شەڕەکانی یوگوسلاڤیای پێشوودا دامەزرا.
وەک دادگای رواندا، ئەم دادگایەش زیاتر بۆ سزادانی تاوانکاران دامەزرابوو، نە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی گشتیی قەرەبوو بۆ هەموو قوربانیان. ئەمە نیشان دەدات، کە سزادانی تاوانکاران بە تەنها جێگرەوەی قەرەبووی گشتی و دادپەروەریی راگوزەری نابێت.
د) دادگای تایبەتی/هاوبەشی کەمبۆدیا
دادگای تایبەتی کەمبۆدیا، کە بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی خەمیرە سوورەکان دامەزرا، دادگایەکی هاوبەش بوو؛ لە چوارچێوەی یاسایی کەمبۆدیا دامەزرا، بەڵام بە رێککەوتن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداری دادوەر و کارمەندی نێودەوڵەتی کاری دەکرد.
لەم دادگایەدا، قوربانیان وەک بەشدارانی مەدەنی رۆڵیان هەبوو، بەڵام قەرەبوو زیاتر بەشێوەی قەرەبووی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی باس کرا؛ واتە بەشێوەی یادگە، ناساندنی راستی، فێرکاری و چاککردنەوەی مەعنەوی، نەک وەک قەرەبووی دارایی تاکەکەسی بۆ هەر قوربانییەک.
5. بنەمای نێودەوڵەتی مافی قوربانیان بۆ قەرەبوو
سەرەڕای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ــ ICC ــ رێگای راستەوخۆ بۆ زۆربەی دۆسیەکانی جینۆسایدی کورد نییە، بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی مافی مرۆڤدا، مافی قوربانیان بۆ چارەسەر و قەرەبوو بنەمایەکی گرنگە.
بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ جەخت دەکەنەوە، کە قوربانیانی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، مافیان هەیە بۆ چارەسەر، قەرەبوو، چاککردنەوە، ناساندنی راستی و گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوە.
ئەم بنەمایە بۆ دۆسیەی کورد گرنگە، چونکە نیشان دەدات قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید نابێت تەنها بە بڕێک پارە یان داوای مەدەنی سنووردار بکرێت؛ بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی دادپەروەریی راگوزەری، دانپێدانان، راستی و چاککردنەوەدا سەیر بکرێت.
6. کورد دەبێت چی بکات؟
کورد پێویستە قەرەبووی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعس لە ماوەی 1968 - 2003 وەک دۆسیەی گشتیی نەتەوەیی و مافی قوربانیان بخاتە پێش و بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک میراتگری یاسایی و سیاسیی دەوڵەتی پێشوو، چارەسەری بکات؛ نەک تەنها وەک داواکارییەکی تاک بە تاک لە دادگای مەدەنی.
1- دامەزراندنی سندوقی هەرێمی/فیدراڵی قەرەبووی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
ئەم سندوقە دەبێت بە یاسا دابمەزرێت، بودجەی ساڵانەی هەبێت و بە شێوەیەکی شەفاف قەرەبووی ماددی، خانەنشینی، یارمەتی پزیشکی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و خوێندن بۆ کەسوکاری قوربانیان دابین بکات.
2. میکانیزمی گشتی، نەک شکایەتی تاک بە تاک
شکایەتی مەدەنی مافی قوربانیانە، بەڵام نابێت تەنها رێگا بێت. پێویستە یاسایەکی تایبەت یان بڕیارێکی حکومی/پەرلەمانی هەبێت کە قوربانیانی ئەنفال بە شێوەی گشتی بناسێنێت و قەرەبووەکەیان بە سیستەمێکی نەتەوەیی و هەرێمی/فیدراڵی جێبەجێ بکات.
3. نوێنەرایەتی گشتی بۆ کەسوکاری قوربانیان
وەک نموونەی Claims Conference، پێویستە دەستەیەکی نوێنەرایەتی دروست بکرێت، کە لە کەسوکاری قوربانیان، یاساناسان، پسپۆڕانی جینۆساید، ئەرشیفناس و نوێنەرانی دامەزراوەکانی کوردستان پێک بێت.
4. ناساندنی قەرەبوو وەک بەشێک لە دادپەروەریی راگوزەری
قەرەبوو تەنها پارە نییە. دەبێت بریتی بێت لە ئاشکراکردنی راستی، گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانیان، ناسنامەدان بە قوربانیان، کردنەوەی ئەرشیفەکان، دروستکردنی یادگە و مۆزەخانە، خوێندنی جینۆسایدی ئەنفال لە پڕۆگرامی خوێندن و داواکاریی داوای لێبووردنی فەرمی لە حکومەتی عێراق.
5. گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی
پێویستە دۆسیەکە بە شێوەیەکی بەڵگەدار بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانە نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی دادپەروەریی راگوزەری پێشکەش بکرێت.
کۆتایی
قەرەبووی قوربانیانی جینۆسایدی کورد بەگشتی و جینۆسایدی ئەنفال بەتایبەتی، نابێت تەنها بە داواکاریی تاک بە تاک لە دادگای مەدەنی سنووردار بکرێت. جینۆساید تاوانێکی سیستەماتیک و دەوڵەتییە دژی گرووپێکی نەتەوەیی؛ بۆیە وەڵامەکەشی دەبێت سیستەماتیک، گشتی و نەتەوەیی بێت.
وەک چۆن قەرەبووی هۆڵۆکاست تەنها لە دادگای نورێمبێرگ و شکایەتی تاکەکاندا نەما، بەڵکو بە رێککەوتن، نوێنەرایەتی گشتی و میکانیزمی تایبەتی چارەسەر کرا، قەرەبووی جینۆسایدی کوردیش پێویستی بە سندوقی قەرەبوو، یاسای تایبەت، نوێنەرایەتی گشتی و میکانیزمی دادپەروەریی راگوزەری هەیە.
تێبینیی زمانەوانی: لە دەقی عەرەبیی بڕیارەکەدا وشەی «الأكراد» بەکارهاتووە. بەڵام لە رووی زمانەوانی «الكُرد» یان «الشعب الكُردي»ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ