جیابوونەوەی سپی (چیک و سلۆڤاکیا)

29-07-2017
ئاسۆ حاجی
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

چیک و سلۆڤاکییەکان یەکێک لە جوانترین نموونەی لێک جیابوونەوەی ئاشتیانەیان بە مێژووی مرۆڤایەتی بەخشیوە، ئەو دوو نەتەوەیە کە بۆ دەیان ساڵ پێکەوە خەباتیان کرد لە دژی داگیرکاری ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا (نەمسا و مەجەر) و پاشانیش بۆ ماوەی 75 ساڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتێک پێکەوە ژیان، سەرئەنجامیش دوای سەربەخۆییان لە داگیرکاری سۆڤیەت، بڕیاریاندا بە ئاشتیانەوە و بە لێکتێگەیشتن جیاببنەوە و گەیشتنە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان.

سلۆڤاکی و چیکییەکان وەک یەک نەتەوە خۆیان ناسیوە چونکە یەک رەچەڵەکیان هەیە و جیاوازی زمانیان لە جیاوازی دوو دیالێکت کەمترە ، هەردوو میللەت بە ئایین کرستیانن ، هەرچەندە چیکییەکان بە پێچەوانەی سلۆڤاکییەکان بێباوەڕترین خەڵکی سەر رووی زەوین و کلێساکانیان زیاتر خەڵک وەک گەشتیار سەردانیان دەکەن، بەڵام لە سلۆڤاکیا ئێوارەی یەکشەممان کلێساکانیان جمەیان دێ.

بە کەلک وەرگرتن لە رووخانی هەردوو ئیمپراتۆریەتی هەنگاریا و نەمسا لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و بە پاڵپشتی ئەمریکا چیک و سلۆڤاکییەکان توانییان لە ساڵی 1918 دەوڵەتێكی هاوبەش بەناوی چیکوسلۆڤاکیا دروستبکەن کە پێیدەڵێن (کۆماری یەکەم) کە دواتر بە نیەتی دروستکردنی گەلێکی هاوبەش ناویان کردە چیکسلۆڤاکیە، ئەودوو نەتەوەیە پێکەوە ناخۆشییەکانی شەڕی دووەمی جیهانیان بەڕێکرد هەروەها پێکەوە رووبەڕووی داگیرکاری یەکێتی سۆڤیە بوونەوە لە ساڵی 1945 تاوەكو 1989 کە رژێمی کۆمەنیستیان رووخاند و باوەشیان بۆ دیموکراسی کردەوە . ساڵێک دوای رزگاربوون لە داگیرکاری سۆڤیەت سلۆڤاکییەکان جیاوازییەکانی خۆیان باشتر دەبینی لەگەڵ چیکەکان، هەر ئەوەش بووە هۆی بەهێزبوونی پارتی سیاسی نەتەوەیی لە سلۆڤاکییە کە لە پارتە سەرتاسەرییەکان جیابوونەوە و داوای مافی زیاتریان بۆ هەرێمی ئۆتۆنۆمی سلۆڤاکیا دەکرد.

دیارترین ئەو هۆکارانەی سلۆڤاکییەکانیان لە چیکییەکان جیاکردەوە، هەستکردنبوو بە نایەکسانی لەنێوان هەردوو نەتەوە، سلۆڤاکییەکان چیتر نەیاندەتوانی شێوەی مامەڵەی چیکییەکان قبوڵبکەن کە وەک برا بچووک تەماشایان دەکردن، کە لە ئاستێکی نزمتری عەقڵ و زانین و لێوەشاوەیی و شێوازی ژیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن، ئەوەش بۆ هۆکارێکی مێژوویی و حەقیقەتێک دەگەڕایەوە کە داگیرکەرانیان بە میرات بۆیان بەجێهێشتبوون. چیک کە لەژێر دەستی نەمساییەکان ببووە وڵاتێکی پیشەسازی و دوای رووخانی نەمسا نزیکەی %80ی پیشەسازی ئەو ئیمپراتۆریەتەی پێبڕا،بە پێچەوانەی سلۆڤاکیا کە لە بەردەستی هەنگاریا بوو زیاتر وەک وڵاتێکی کشتوکاڵی مابووەوە.

هەبوونی ڤاتسلاڤ هاڤلی سەرکردەی شۆڕش و نووسەری بەنێوبانگی شانۆ لە سەرۆکایەتی چیکسلۆڤاکیا لەساڵی 1989 تاوەكو 1992 چانسێکی زێڕین بوو بۆ ئەو دوو نەتەوەیە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 کە وەک گشتپرسییەک مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکەی کرا، بەوەی کە لە چیک پارتەکەی سەرۆک هاڤل دەنگی زۆرینەی هێنابوو لە بەرامبەریشیدا بزاڤی ڤلادیمێر میسیار بۆ سلۆڤاکیای دیموکراتی کە بووە پارتی سەرەکی ، چونکە داوای دەسەڵاتی زیاتری بۆ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی سلۆڤاکیا دەکرد لە سلۆڤاکیا، زۆرترین دەنگی هێنا ، ئەوەش بووە سەرەتای دەستکردن بە گفتوگۆکردن سەبارەت ئایندەی وڵات و شێوازی پەیوەندییەکانیان.

زۆر لە سیاسییەکانی چیک بە سەرکردەی پارتەکەی هاڤلیشەوە هەوڵیاندا رێگە لە جیابوونەوەی سلۆڤاکیا بگرن و زۆر گوشاری ناوخۆیی و دەرکیشیان بەکارهێنا لەنێو سلۆڤاکیا و لە رێگەی هەندێک حیزب و بزاڤی سیاسی سلۆڤاکی لە دژی هەوڵەکانی سەربەخۆیی دەستیان بە هەوڵدان کرد، بەڵام هیچیان نەبوونە مایەی ساردبوونەوەی زۆرینەی سلۆڤاکییەکان لە داوایان بۆ سەربەخۆیی.

دیارترین ئەو گوشارانەی بۆ پەشیمانکردنەوەی سلۆڤاکییەکان بەکاردەهاتن، ترساندنیان بوو بە برسیبوون و نەمانی پارە و دارووخانی ئابووری و بێهێزبوونی وڵاتە نوێیەکە چونکە سوپا و ناوەندی هەواڵگری و پۆلیس و ئاسایشی نەبوو.

لە گەڵ ئەو گوشارە ناوخۆیانە زۆر لە وڵاتانی ئەورپاییش حەزیان نەدەکرد ئەو جیابوونەوەیە رووبدا چونکە دەترسان جیابوونەوەی دیکە و لە وڵاتانی دیکە رووبدا،بەڵام سووربوونی سلۆڤاکییەکان و تێگەیشتنی چیکییەکان لەو داوایە و قبوڵکردنیان لە ساڵی 1992 بڕیاری جیابوونەوەیاندا و لە رۆژی یەکی کانوونی دووەمی ساڵی 1993 سلۆڤاکیا سەربەخۆیی راگەیاند و بووە کۆماری سلۆڤاکیا و ئێستا ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) یە هەروەها ئەندامی یەکێتی ئەوروپاشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی ئابووریەکی جێگیرە و ساڵ بە ساڵیش گەشە دەکات و پێشدەکەوێ.

دوای جیابوونەوەی چیک و سلۆڤاکیا ئێستا نێوانی ئەو دوو نەتەوەیە لە هەموو سەردەمێک باشتر و گەرموگوڕترە و لەکاتی گەشتکردن لە نێوانیاندا مەگەر مۆبایلەکەت ئاگادارت بکاتەوە ، ئەگەرنا لە هیچ رووێکەوە هەست بە جیاوازیەک ناکەی لە نێوانیاندا.

بەهۆی نەمانی گرێ دەروونییەکان و گرفتە مێژووییەکانیان ئێستا سلۆڤاکییەکان نزیکەی %5 ی دانیشتوانانی چیک پێکدەهێنن و رێژەیەکی بەرزتریش هەڵگری هەردوو وڵاتینامەی چیکی و سلۆڤاکین، دەربارەی هەبوونی دوو وڵاتینامەش بەو کەسانەوەش کە کاریان بۆ سەربەخۆیی کردووە دەڵێن:"هەردووکیان وڵاتی ئێمەن و نامانەوێ هیچیان بدۆڕێنین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە