رووداو- هەولێر
تۆفیق كەریم، كارگێڕی پێشووی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كە لە كۆنگرەی سێیەمی حیزبەكەیدا خۆی كاندید نەكردەوە، ئێستا لە جیهانی سیاسەتەوە رووی كردووەتە نووسین و دەڵێت: "لە ماوەی دوو ساڵی دووركەوتنەوەم لە سیاسەت، جگە لە نووسین و وەرگێڕانی چەند كتێبێك، لەگەڵ چەند نووسەرێك پرۆژەی وەرگێڕانی كۆبەرهەمەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی-مان بە سەركەوتوویی ئەنجامدا".
نووسەر و وەرگێڕ تۆفیق كەریم دەڵێت ئێستا لەنێو جیهانی نووسین و ئەدەبیاتدا هەست بە ئارامییەكی زیاتر دەكات. لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت: "لە كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی لە ساڵی 2015، ئامادە نەبووم خۆم بۆ پۆستەكەم (ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی) كاندید بكەمەوە و راستەوخۆ لە دوای ئەركە سیاسییەكەم، دەستمكرد بە نووسین و وەرگێڕان".
تۆفیق كەریم لەبارەی بەرهەمەكانییەوە دەڵێت :"لە ساڵی 2015ەوە دەستم بە نووسینی چەند كتێبێك كرد لەوانەش كاریگەریی ئیسلام لەسەر ئەدەب و كولتووری كوردی، كاریگەریی ئیسلام لەسەر ئەفسانە، كاریگەریی ئیسلام لەسەر ئەدەبی گاڵتەوگەپ كە چاپ و بڵاوبوونەتەوە. ئێستاش سەرقاڵی نووسینی كتێبێكی دیكەم بەناوی "كاریگەریی ئیسلام لەسەر داستان". هەروەها كتێبێكی د.مستەفا زەڵمی بەناوی "فەلسەفەی شەریعەت" و كتێبێكی نووسەری مەغریبی محەممەد موختار ئەلشەنقیتی بەناوی "پێوەرەكانی سەركەوتن" لە عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
تۆفیق كەریم ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی كتێبێكی عەرەبییە كە باس لە هونەری سەركردایەتیكردن دەكات. هەروەها دەستی بە شرۆڤە و لێكدانەوەی شیعرەكانی مەحوی كردووە.
تۆفیق كەریم باس لە یەكێك لە گرنگترین كارەكانی دەكات ئەویش وەرگێڕانی كۆبەرهەمەكانی د.مستەفا زەڵمییە كە ئەو ئەركی پێداچوونەوەی پێ سپێردرابوو، دواتر لە 26 بەرگدا چاپكرا.
ئەو سەركردەیەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی ئێستا ناوەندێكی هزری و رۆشنبیریی بەناوی "خاڵ" دامەزراندووە و تاوەكو ئێستا 12 ژمارەی گۆڤاری خاڵ-یان بڵاوكردووەتەوە. هەر لەو ناوەندەش ئەركی چاپكردنی 12 كتێبیان گرتووەتە ئەستۆ.
تۆفیق كەریم، ساڵی 1966 لە هەڵەبجە لەدایكبووە و دەرچووی پەیمانگەی ئیسلامییە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی و بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی بوو، لەدوای دامەزراندنی كۆمەڵی ئیسلامیش، ئەندامی سەركردایەتی بووە، لەكۆنگرەی دووەم لە ساڵی 2010، بووە كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، بەڵام لە كۆنگرەی سێ كە لە ساڵی 2015 بەسترا، خۆی بۆ هیچ پۆستێكی حیزبی كاندید نەكردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ