وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەژار
ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین، کارە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکو رەحمەت بەسەردا رژاوە، بەڵام چەند شتی گەورەش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراون کە بە تەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە. وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان، بەخۆیشمەوە، دەتوانین زۆر شتی گەورەتر لەوەی تا ئێستا کردوومانە، بکەین. باشترین کارەکانی ئێمە دەکرێ هێشتا لە ناوەوەماندابن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشڵە لە خۆت دەربهێنی و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ رەنگە باشترین رێگە باشترکردنی رۆتیناتی رۆژانەبێ. وەک نموونە با سەیرێکی رۆتیناتی رۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین.
هارووکی مووراکامی: دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ
لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2014ـدا، مووراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکا: "کاتێک خەریکی نووسینی رۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا شەش سەعات دەنووسم. دوای نیوەڕۆ، دە کیلۆمەتر رادەکەم یانیش هەزار و پێنجسەد مەتر مەلە دەکەم (یانیش هەردووکیان دەکەم)، پاشان کەمێک دەخوێنمەوە و ئینجا گوێ لە میوزیک دەگرم. لە سەعات نۆی شەودا دەچمە سەر تەختی خەو و ئەم رۆتیناتە هەموو رۆژێ بەبێ ئەوەی بگۆڕدرێ دووبارە دەکەمەوە. دووبارەبوونەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ؛ دووبارەبوونەوە فۆڕمێکە لە خەواندنی موگناتیسی، خۆم خەولێدەخەم تاوەکو بگەمە قووڵترین بارودۆخی ئەقڵی. ئەمما وەها دووبارەییەک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ - شەش مانگ تا ساڵێک - بڕێکی باش لە توانای ئەقڵی و جەستەیی دەوێ. لەو حاڵەدا، نووسینی رۆمانێکی درێژ وەک مەشقکردن وایە بۆ زیندوومانەوە لە ژیان. توانای جەستەیی پێویستییەکە هەر وەک هەستیارییەکی هونەرمەندانە و داهێنەرانە.
ئێرنست هەمەنگوەی: هەموو بەیانیانێک دەنووسم
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جۆرج پڵیمپتن، ئێڕنست هەمەنگوەی باسی رۆتیناتی رۆژانەی خۆی دەکا: "کاتێک خەریکی کارکردنم لەسەر کتێب یان چیرۆکێک، هەموو بەیانییەک لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین تیشکی رۆژدا دەستدەکەم بە نووسین. هیچ کەس نییە بێزارت بکا و دنیا لەو دەمەدا سارد و خۆشە و تۆیش بە نووسین گەرم دادێی. ئەوە دەخوێنیتەوە کە نووسیوتە و هەر لەو شوێنەی کە وەستاویت دەزانیت دواتر بە تەمای چی بنووسیت و ئیتر دەستپێدەکەیتەوە.
دەنووسیت و دەنووسیت تا دەگەیتە ئەو شوێنەی کە ئیتر شەربەتەکەت چۆڕی لێ دەبڕدرێ و دەزانیت دواتر چی روودەدا و دەوەستی و هەوڵ دەدەیت لەناو کارەکەتدا بژیت هەتا رۆژی دواتر کە دێیتەوە سەری. با بڵێین، لە سەعات شەشی بەیانییەوە دەستتپێکردووە و رەنگە هەتا نیوەڕۆ یان پێشتر بخایەنێ. کە دەوەستی ئیتر خاڵی بوویتەتەوە، لە هەمان کاتیشدا قەت خاڵی نابیتەوە و هەر پڕیت، هەر وەک ئەوەی عیشقبازی و دەستبازی لەگەڵ ئەو کەسە بکەیت کە خۆشتدەوێ. هیچ شتێ ئازارت نادا، هیچ شتێ روونادا، هیچ شتێ مانای هیچ شتێ نادا هەتا رۆژی دواتر کە دەستدەکەیتەوە بە نووسین.
کورت ڤۆنیگەت: هەمیشە شناو و مەشقی بەهێزکردنی ماسوولکە دەکەم
لە ساڵی 1965دا، کورت ڤۆنیگەت نامەیەک [ کە دواتر لە ژێر ناوی ''کورت ڤۆنیگەت: نامەکان'' وەک کتێب بڵاوبووەوە] بۆ هاوژینەکەی دەنێرێ و لەبارەی رۆتیناتی رۆژانەی خۆیەوە بۆی دەنووسێ: سەعات 5:30 خولەکی بەیانی لە خەو رادەبم، تا سەعاتی هەشتی شەو خەریکی نووسین دەبم، لە ماڵەوە نانی بەیانی دەخۆم، تا سەعات دە خەریکی نووسین دەبم، بە پیاسە دەچمە ناو شارەکە، بازاڕ دەکەم، دەچمە نزیکترین مەلەوانگەی ئەو نێوە و نیو سەعات مەلە دەکەم، سەعات 11:45 خولەک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، نامەکانی نێو سندووقی پۆستە دەخوێنمەوە، لە نیوەڕۆدا نان دەخۆم. لە دوای نیوەڕۆیاندا کاری قوتابخانە دەکەم، یان وانە دەڵێمەوە یانیش خۆم ئامادە دەکەم. کە سەعات 5:30 لە قوتابخانەوە دەگەڕێمەوە ماڵ؛ نانی ئێوارە لێدەنێم، دەخوێنمەوە و گوێ لە میوزیکی جاز دەگرم (لێرە زۆربەی گۆرانی و میوزیکە خۆشەکان لە رادیۆدا پەخش دەکرێن)، لە سەعات 10 دەخزێمە نێو جێیەکەم. هەمیشە شناو و مەشقی بەهێزکردنی ماسوولکە دەکەم؛ ئاوا هەست بە گڕوتینێکی زۆر دەکەم.
جۆدی پیکۆڵت: ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەی
دوایین حەوت کتێبی جۆدی پیکۆڵت ژمارە یەکی لیستی پڕفرۆشترینەکانی ''زە نیویۆرک تایمز''ـن. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوا چارنێی، جۆدی باسی رێچکەی نووسین و داهێنانی خۆی دەکا: "من بڕوام بە شتێک نییە ناوی بەربەست بێ لەبەردەم نووسەران، بەربەست شتێکە دەنێو دەستەکانی خۆتدایە. ئەگەر کاتێکی زۆرت لەبەردەمدایە بۆ نووسین، سا دانیشە و بنووسە. ناکرێ هەموو رۆژێ باش بنووسیت، بەڵام دەتوانیت هەمیشە هەڵەبژاری لاپەڕەیەکی خراپ بکەیت. ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت.
مایا ئەنجیڵۆ: ژوورێکی خەوتنم هەیە، فەرهەنگێک و تەوراتێکیش
لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی 2013 لەگەڵ گۆڤاری ''زە دەیلی بێست''، ئەنجیڵۆی شاعیر و نووسەری ئەمەریکایی باسی نووسین و خووە رۆژانەییەکانی خۆی دەکات: لە شارۆچکەکەی خۆمدا ژوورێکم لە هۆتێلێک بەکرێ گرتووە و مانگانە کرێ دەدەم. سەعات 6:30 خولەکی بەیانی پیاسەیەکی ئەو دەوروبەرە دەکەم. ژوورێکی خەوتنم هەیە؛ تەختێکی خەو، مێزێک و حەمامێک. فەرهەنگێک و تەوراتێکیش. بۆ ئەوەی مێشکم کەمێ وەحەوێ یاری کاغەز و تێپەڕەوشە دەکەم، وا بزانم نەنکم ئەمەی فێرکردم. قەت لەوێ ناخەوم و سەعات دوو دەگەڕێمەوە ماڵەوە و ئەوە دەخوێنمەوە کە بەیانییەکەی نووسیومە، ئینجا هەوڵ دەدەم هەڵەبژار و پاکنووسی بکەم.
هێنری میلەر: زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین
هێنری میلەری گەورە رۆماننووسی ئەمەریکایی لەژێر ناونیشانی ''پرۆگرامی ڕۆژانە'' رۆتیناتی نووسینی خۆی و ئەوەی چی بکەین لە درێژایی رۆژدا و چۆن کارێکی بەفەڕوپیت بێتە ئەنجام و لەپێناو تەندروستیی جەستەیی و ئەقڵیدا ئەم شتانەی یادداشت کردووە و نووسیونی:
بەیانیان: گەر سەرلێشێواو و باڵانس شێواویت، تێبینییەکانت وەک دنە و هاندەر یادداشت بکە. ئەگەریش لە هەلومەرجی لەباردایت، بنووسە!
نیوەڕوان: ئیش لەو بەشەی کتێبەکەدا بکە کە خەریکیت دەینووسیت، شوێن پلانەکەت بکەوە بە هۆشەوە. زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین و قەدبڕ مەکە. لە یەک کاتدا یەک بەش تەواو بکە، وا باشە.
ئێواران: دۆستان ببینە. لە قاوەخانەکاندا بخوێنەرەوە. بە دوای بەش و بڕگە نائاشناکاندا بگەڕێ - بەپێ ئەگەر دنیا تەڕوتووش بوو، بە پایسکڵ ئەگەر دنیا وشک و برینگ بوو. بنووسە، ئەگەر میزاجت هەبوو، بەڵام تەنیا بیرت لای پرۆگرام بێ. رەسم بکە ئەگەر بەتاڵ و ماندوو بوویت. تێبینی لای خۆت بنووسە. هێڵکاریی بکە، پلان دابنێ.
هەنتەر ئێس. سۆمپسن:
ئەمەی خوارەوە ڕۆتیناتی ڕۆژانەی هەنتەر ئێس. سۆمپسنە؛ نووسەر و گەورە ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی و خاوەنی بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی گۆنزۆ [ستایڵێکی نوێ لە ڕۆژنامەگەری کە دوور بوو لە بانگەشە بۆ بابەتیبوون و زۆرجار پەیامنێر دەبووە بەشێک لە بابەتەکە و بە ڕاناوی یەکەم کەسی تاک هەواڵ یان ڕیپۆرتەکە دەنووسرا و لە ساڵانی حەفتاکانی سەتەی بیست سەریهەڵدا:
٣:٠٠ـی شەو: هەڵسان لە خەو
٣:٠٥ـی شەو: ویسکیی شیڤاز و ڕۆژنامەکانی بەیانیان، جگەرەی دۆنهیڵ
٣:٤٥ـی شەو: کۆکاین
٣:٥٠ـی شەو: پێکێکی تر شیڤاز، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:٠٥ـی شەو: یەکەم کوپی قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:١٥ـی شەو: کۆکاین
٤:١٦ـی شەو: شەربەتی پرتەقاڵ، جگەرەی دۆنهیڵ
٤:٣٠ـی شەو: کۆکاین
٤:٥٤ـی شەو: کۆکاین
٥:٠٥ـی شەو: کۆکاین
٥:١١ـی بەیانی: قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ
٥:٣٠ـی بەیانی: سەهۆڵی زیاتر بۆ ناو شیڤازەکە
٥:٤٥ـی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.
٦ـی بەیانی: ماریوانا تا ڕۆژەکە خۆش بێ
٧:٠٥ـی بەیانی: بیرەی هاینکن، دوو مارگرێتا [کۆکتێلی تەکیلا و خۆشاوی ئەناناس و لیمۆ و هەندێجاریش خوێ لە لێواری گڵاسەکە دەدرێ، هەر وەک بیرەی مەکسیکی]، زەڵاتەی کەلەرم، زەڵاتەی تاکۆ، دوو ئەڵقەپیاز، کێکی گێزەر، ئایسکرێم، شفتەی فاسۆلیا، دۆنهیڵ، هاینکنێکی تر، کۆکاین، ئینجا لێخوڕین بەرەو ماڵەوە، بە گڵاسێک وردە سەهۆڵی تێکەڵ بە شیڤاز.
٩ـی بەیانی: کێشانی کۆکاین بە جددی
١٠ـی بەیانی: نوقڵی خۆش
١١ـی بەیانی: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا
١١:٣٠ـی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.
١٢ـی نیوەڕۆ: هەنتەر ئێس. سۆمپسن ئامادەیە بۆ نووسین
١٢:٠٥ هەتا ٦ی ئێوارە: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا، شیڤاز، قاوە، هاینکن، جگەرەی قاوە، شەربەتی ترێ، دۆنهیڵ، شەربەتی پرتەقاڵ، جن. سەیرکردنی فیلمی ڕووت
٦ـی ئێوارە: شامپانیا، چلوورەی سەرقاوە، پاستای ئەلفرێدۆ
٨ـی شەو: نیشانەکانی ئارامی و ئاسوودەیی
٨:٢٠ـی شەو: خەوتن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ