بۆتان لەتیف عەبدولقادر- "پـایــان"
دڵی تەنیام کەوتۆتە سەر ڕێت
سێبەرت لە جۆخینەی مانگ ئەولاترە لە جوانی
دڵم ھات و ڕەنگڕێژی ڕێی ھاتنت بکات
وەک بڵێی ھاتوویتە ناخمەوە
تا بە بزەکانت ناو سینگم بکەیتە ئینجانەی دڵی گوڵاویت
لە دەلاقەی دڵمدا ئەبی بە چرا..
چرای ڕەواندنەوەی تاریکی و تەنیاییم
خانمەکەم؛
ئێواران خەیاڵم بەدیار چاوەکانتەوە دائەنیشێ و
پەنجەرەی ژوور واڵا ئەکا بۆ پێخوستەکانت
چۆڕاوکەی خوێنم؛ فەڕشی سووری بەر پێتە ڕەیحانی
وەکو لەیلاکەی مەحوی چاوەڕێی وادەی لیقام حەیرانی
کە ھێشتا مانگ نەیئەزانی لە کوێی شەودا ھەڵبێت!..
کە ھێشتا عارف نەیئەزانی ڕووگەی عەشقی کوێیە!..
منیش نەمئەزانی پیتی یەکەمی عەشقی ئەزەلم چییە!..
چڵە ڕەیحانەیێ لەبەر ھەنگاوم ڕواو
باڵای کرد و
یەکەم ئایەتی عەشقی منی لە پەڕەکانی نووسرابوو..
ئیتر ئەوە و ھەناری باخی بەختەوەریمە
چیتر لە گۆشەی خانەقا کڕ ناکەوم
ئەوە پەیکی عەشقی خوداییمە
ئەوە ھەناری شکانی تامەزرۆیی خۆشەویستی و
ڕێژنە بارانی خاوبوونەوەی خەیاڵمە
ئەی لەو دەنگەی؛ وەکو "نەی" ەکەی مەولانا؛
لێنەگەڕا لەم گەردووونە بێ بنەدا سەرپەڕ بم!..
ئەی کچی کوردەواری
داوەپرچەکانت وەکو ژێی ساز
دەنگت؛ دەنگی سروودی سروشی ئیمانە
ئەی یەکەم ئاوازی مۆسیقاریم
چیتر ناڵێم..
ئەوە نەبێ کە حەزرەتی "نـالــی" دەیگوت بۆ حەبیبە:
" دەستم لە گەردنی خۆت ھەڵمەگرە ئەی حەبیبە
وابزانە خوێنی خۆتە یا منەتی ڕەقیبە
سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختەبەندی جێتە
دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕوح ماڵی خۆتە بیبە"
ئەی گۆرانی ژیانم
ئاوڕ مەدەوە، وەرە..
ئەدی ناڵێم:
چۆڕاوکەی خوێنم؛ فەڕشی سووری بەر پێتە ڕەیحانی
ئەی خودایە..
عەشقم چەند لە عەشقی "نالی" ئەچێ!..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ