نووسین لەپێناوی گوزەران و ژیان
هاریێت بیچەر ستۆ، ئەو ژنە نووسەرە ئەمریكییەی بە نووسینەكانی لە دژی سیستەمی كۆیلایەتی، ناوبانگی دەركرد، لە حوزەیرانی 1811 لە لیچفیڵدی ویلایەتی كۆنیتێكت لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایكبووە و مانگی ئەیلولی 1896 لە هارتفۆردی هەمان ویلایەت، ماڵئاوایی لە ژیان كردووە.
ستۆ كە حەوتەمین منداڵی خێزانەكەیەتی لە پشتی باوكێك كە قەشە و موژدەبەرێكی پرۆتستانت بوو، دوای مردنی دایكی، نەنكی دەیگریتە خۆی و سەرپەرشتی دەكات. لەكاتێكدا برایەكانی لە قوتابخانەی فەرمی دەیانخوێند و خاوەنی پلە و پێگەی سیاسی و ئایینی بوون، ئەو و خوشكەكانی لە ماڵەوە و بە شێوازی كلاسیك فێری خوێندن و خوێندەواری بوون.
ستۆ هەر لە منداڵییەوە فێری پیشەی دەستی وەك دروومان و چنین بووە، بواری خوێندنەوەی كتێبەكانی نزا و نوێژ و سروود و ئامۆژگاریی ئایینی پێدراوە، بۆ خۆیشی هەوڵی داوە دەستی بگاتە كتێبەكانی دیكە و زۆرترین كتێبی ئەدەبیاتی كلاسیكی خوێندووەتەوە، یەكێك لەو كتێبانە كە وەك خۆی باسی كردووە چێژێكی زۆری لێ وەرگرتووە، كتێبی (هەزار و یەك شەوە) بووە. هەر ئەم حەزی خوێندنەوەیە وای كردووە پەیوەندی بە چەندین نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبییەوە بكات.
دوای ئەوەی خوشكەكانی شوویان كرد، چووە لای خوشكە گەورەكەی بەناوی (كاترین) كە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك بوو لە هارتفۆرد و لای ئەو بووە مامۆستا. دواتر لە تەمەنی بیست و حەوت ساڵیدا، واتە لە ساڵی 1837 لەگەڵ (كاڵڤین ستۆ) پرۆفیسۆری لاهووت هاوسەرگیری كرد.
لەگەڵ ئەوەشدا كە كۆشێك منداڵی هەبوون و خەریكی كاروباری ماڵ و بەخێوكردنی منداڵەكانی بوو، بەڵام (ستۆ) بەردەوام بایەخی بە بواری نووسین و خوێندنەوە و فیكر دەدا، هاوكات لە پێناوی هاوكاریكردنی هاوسەرەكەی و سووككردنی باری ژیانیان، ناچار بوو لە بەرامبەر بڕێ پاداشتی ماددی، نووسینەكانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو كات بڵاو بكاتەوە. ئەو دەمانە چەندین شیعر و پەخشانی نووسین و هەندێكی بڵاوكردنەوە.
ئەزموونی نووسین
ئەو دەمەی لەگەڵ كاترینی خوشكی كاری مامۆستایەتی دەكرد، تازە دەستی دابووە نووسین، سەرەتای كارەكانیشی بە نووسینی پەخشان دەستپێكرد. یەكەم بەرهەمی چاپكراوی كتێبێكی جوگرافیا بوو بۆ منداڵان كە ساڵی 1833 بەناوی خوشكەكەی بڵاوكرایەوە. دوای ئەوە چەند كتێبێكی شیعری و ژیاننامە و كتێبی منداڵان و ژمارەیەك ڕۆمانی نووسی.
ستۆ لە ژیانی نووسینی خۆیدا، نزیكەی (30) كتێبی لە بوارە جیاوازەكاندا نووسیوە، لەناویاندا 10 ڕۆمان هەن، بەڵام ناودارترین بەرهەمی كە بەهۆیەوە ناوبانگێكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان پەیدا كرد، رۆمانی (كوخەكەی مام تۆم - 1853) بوو، ئەو ڕۆمانەی تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر 37 زمانی جیهان. ڕۆمانەكەی سەرەتا بە زنجیرە لە گۆڤاری هەفتانەی واشنتن (سەردەمی نیشتمانی) كە بایەخی زۆری بە پرسەكانی كۆیلایەتی دەدا، بڵاوكردەوە. ئەم زنجیرە نووسینە كە هێشتا لە چوارچێوەی یەك بەرگی ڕۆمانێكدا نەكەوتبووە بەردەستی خوێنەران، گفتوگۆیەكی زۆر جددیی بەدوای خۆیدا هێنا.
كارەكانی دیكەی ستۆ بریتین لە رۆمانەكانی (درێد - 1856) و (كەشتیی میفلاڕۆ - 1843) و (مرواریی دوورگەی ئوڕ - 1862) و (خەڵكی شارە كۆنەكە - 1862) و (گەلی بۆگانۆك - 1878). ئەمە سەرەڕای دیوانێكی شیعریی ئایینی و ژمارەیەك لیكۆڵینەوەی كۆمەڵایەتی و وتاری ڕۆژنامەنووسی.
*****
ڕیالیزم وەك چەكی بەرەنگاربوونەوە
هاریێت لە نووسینەكانیدا پشتی بە ئەزموونی خۆی دەبەست، بەوپێیەی ئاگایی و زانیارییەكی زۆری لەمەڕ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەكان هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی كە بە (هێڵی ئاسنینی نهێنی) ناسرابوو. ئەو بزووتنەوەیەی بە مەبەستی ئازادكردنیان، كۆیلەكانی لە باشووری ئەمریكاوە دەگواستەوە بۆ باكوور.
بایەخدان بە مەسەلەی كۆیلایەتی، ستۆی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد و كەمتر پەرژایە سەر كارەكانی دیكەی. ئەو لە خستنەڕووی هەستە ئایینی و ڕۆمانسییەكاندا لە نووسینەكانیدا كە ئەوكات جێی سەرنجی خەڵك بوون، زیادەڕۆیی دەكرد. لەگەڵ ئەمەشدا و بەڕای زۆرێك لە ڕەخنەگرانی بواری ئەدەبی، یەكێك بوو لە پێشەنگە كاریگەرەكانی ڕیالیزم، بە جۆرێك لە وەسفی وردەكاریی شوێنكاتی ڕووداوەكاندا داهێنەر بوو، وەك چۆن لە وێناكردنەوەی مەعریفە قووڵەكەی، لە زمانی كەسایەتییەكانی ناو ڕۆمانەكانی و وێناكردنی ژیانی كۆمەڵایەتیی خەڵك و توانای لە گواستنەوەی ئەم ڕوئیایە بۆ ئەوانی دیكەی خوێنەر، داهێنەر و بە سەلیقە بوو.
تەنانەت هەندێ رەخنەگر و شارەزای مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی، پێیانوایە (ستۆ) لە گێڕانەوەی ڕووداوەكاندا بە زمانی خەڵكی، لە پابەندبوونی بە ڕێبازی ڕیالیزم، وەپێش (مارك توین) و نووسەرەكانی دیكە كەوتووە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر نووسین و شێوازی ئەدیبەكانی دوای خۆی هەبوو، لەوانە (ئۆرن جویت و ماری ویكلینز فریمان).
*****
ئەو خانمە بچووكەی فتیلەی شۆڕشی كۆیلەكانی گڕدا
سەربوردەیەكی سەیر لەبارەی یەكەم دیداری (هاریێت ستۆ و ئەبراهام لینكۆڵن - سەرۆكی ئەمریكا) دەگێڕدرێتەوە. تازە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسابوو، ئەو شەڕە خوێناوییەی نزیكەی چوار ساڵی خایاند (1861 - 1865) . لینكۆڵن، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی نەهێشتنی ستەمی كۆیلایەتی دا و بەڵێنەكەیشی یەكێك بوو لە هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شەڕ. بە ماوەیەكی زۆر كەم دوای هاتنە سەر تەختی سەرۆكایەتی و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵاتدارێتی، لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 1862 لە كۆشكی سپی، پێشوازی لەو ژنە نووسەرە كرد.
گوایە لە كاتی تەوقەكردندا، (لینكۆڵن)ی سەرۆك بە (ستۆ)ی گوتبوو: كەواتە تۆیت ئەو خانمە بچكۆڵەیەی بوویتە هۆكاری ئەم شەڕە گەورەیە!
قسەكەی لینكۆڵن وەك ئاماژەیەك بوو بۆ ئەو كاریگەرییە بەرچاوەی كە ڕۆمانی (كۆخەكەی مام تۆم) لە ویژدانی خەڵكی ئەمریكا و هۆشیاركردنەوەی كۆیلەكاندا بینی و ئەو ڕۆڵەی كە ڕۆمانەكە لە هاندانی كۆیلەكاندا بۆ دژایەتیكردنی كۆیلایەتی و ڕەتكردنەوەی ئەو ستەمكارییە هەیبووە.
ئەگەرچی زۆر مێژوونووس و ڕەخنەگری ئەدەبی، گومانیان لە ڕاستی و دروستیی ئەو قسەیە هەیە كە (لینكۆڵن) بە ستۆی گوتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر خودی ئەو مێژوونووس و ڕەخنەگرانە ئەوە ناشارنەوە كە ڕۆمانی (كوخەكەی مام تۆم)ی ستۆ، ڕۆڵێكی مەزنی لە زەمینەسازیی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی كۆیلەكاندا گێڕا، تا ئەو ئاستەی كە سەرۆكی ئەمریكا بەم جۆرە پێی سەرسام بێت و ناوی خانمە بچووكەكەی لە مێشكدا مابێتەوە. ئەم ددانپێدانانەی مێژوونووس و ڕەخنەگرانیش بە كاریگەرییەكانی ڕۆمانەكە لەوێوە سەرچاوە دەگرێ كە زۆر بە وردی تیشك دەخاتە سەر نەهامەتییەكانی ژیانی كۆیلە ڕەشپێستەكان. نووسەر لەوێدا بە زمانێكی سادە و دوور لە ئاڵۆزی، بەڵام بە ویناكردنەوەی دیمەن و گرتە تراژیدییەكانی ژیانی ئەو مرۆڤانە، توانیویەتی تەلی ژێی سۆزیان بجوڵێنێ و هانیان بدات بۆ ڕاسان دژی ئەو ستەمەی لێیان دەكرێ، ستەمێك كە نموونە و هاوشێوەی لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا دەگمەنە، ستەمی بەدیلگرتنی ملیۆنان مرۆڤ و بەزۆرەملێ ڕاگواستنیان و ناچاركردنیان بە بێگاری و كاری سەخت و تاقەتپڕووكێن لە كێڵگەكانی لۆكە و تووتن و كارە سەختەكانی دیكە لە ژێر لێدان و ئەشكەنجە و چەوساندنەوەدا.
هاریێت لە ڕۆمانەكەیدا (مام تۆم) دەكاتە سیمبولی ئەو چەوسانەوە و دڕندەییەوە و لە میانی ژیان و ئەزموونی ئەو كەسایەتییەدا دیوی ڕاستەقینەی ستەمكاریی كۆیلایەتیمان نیشان دەدات. ڕۆمانێك دواجار نەك هەر ئیرادەی كۆیلەكان خۆیان، بەڵكو ویژدانی تەواوی ئەمریكییەكان لە ئاستیدا دەجوڵێ.
دواجار لە 22ی ئەیلولی ساڵی 1862 دا لینكۆڵن بانگەوازە مێژووییەكەی خۆی ڕادەگەیەنێ و بەڵێنی خۆی لە پەیوەست بە ئازادكردنی كۆیلەكان دینێتە جێ و لە ئاستانەی ڕاگەیاندنەكەشدا، خەڵك بە لێشاو دەڕژێنە بەردەم ماڵی (هاریێت) و پێكەوە و بە دەنگی بەرز، وەك ڕیزگرتن لە تێكۆشانی ئەم ژنە و پێداگیری لەسەر كۆتاییهێنان بە سیستمی كۆیلایەتی، هاوار دەكەن "خودا بتپارێزێ، خودا بتپارێزێ". ئەم سوپاسگوزاری و نزای چاكەیەی خەڵك بۆ ئەم نووسەرە، لەكاتێكدا بوو كە (ستۆ) پێیوابوو ئەو تەنیا ئامرازێك بووە، خودا بۆ نووسینی ئەم كتێبە و بەدەنگەوەچوونی هاواری كۆیلەكان هاوكار و كارئاسانی بووە.
*****
كوخەكەی مام تۆم، نەعرەتەی شۆڕش
یەكەم چاپی ڕۆمانەكە بەبێ هیچ ئامادەكاری و ریكلامێكی پێشوەختە، لە ساڵی (1852) ، واتە 10 ساڵ بەر لە دەستپێكردنی جەنگی ناوخۆی ئەمریكا بڵاوبووەوە.
وەك خاوەنەكانی دامەزراوەی چاپ و وەشانی (دی جۆن جۆیت) لە بۆستن باسی دەكەن، چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەم ڕۆمانە و ئەو پێشوازییەی لەلایەن خوێنەرانەوە لێی كرا، چاوەڕوانكراو نەبوو، بە جۆرێك لە كەمترین ماوەی بڵاوبوونەوەیدا، شەش هەزار دانە لە چاپی یەكەمی فرۆشرا. لە بەرامبەردا و وەك مافی نووسەر، لە چوار مانگی یەكەمدا و لە پشكی فرۆشی كتێبەكەی، ستۆ بڕی 10 هەزار و 300 دۆلاری دەستكەوت.
بە گوێرەی سەرچاوەكان و داتاكانی فرۆشی كتێب لەو سەردەمەدا، لە دوای (ئینجیل)، ڕۆمانەكە یەكێك بوو لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی ئەوكاتی ئەمریكا، تەنیا لە ئەمریكا و لە ساڵی یەكەمی چاپكردنیدا (300) هەزار دانەی لێ فرۆشرا. لە بەرامبەردا و تەنیا لە یەك ساڵدا، لە بەریتانیا نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار دانەی لێ فرۆشرا.
پێشوازیكردنی بەریتانییەكان لە ڕۆمانەكەی (ستۆ) بە شێوەیەك بوو، كاتێك ساڵی 1853 بە مەبەستی زامنكردنی مافی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی لەلایەن دەزگاكانی چاپ و پەخش، سەردانی بەریتانیای كرد، لەناو شەپۆلی خوێنەراندا پێشوازی لێكرا، تا ئەو ئاستەی شاژن ڤیكتۆریا (شاژنی ئەوكاتی بەریتانیا) سووربوو لەسەر دیداری ئەم ژنە نووسەرە لە چەقی شەقامێكی لەندەندا. ئیتر بەهۆی ناوبانگی ئەم كتێبە كە تا ئەمڕۆ بە ملیۆنان دانەی لێ چاپكراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر دەیان زمانی دونیا و كراوەتە فیلم، ڕێكخراوە لۆكاڵی و جیهانییەكانی دژی كۆیلایەتی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بایەخێكی زۆریان بە نووسەر دا و ناوی بووە سەردێڕی ڕۆژنامە گەورە و بەناوبانگەكانی ئەمریكا و بەریتانیا، هاوكات ئامادە و بەشدارێكی كارای سەر سەكۆ و مینبەرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیكردنی ڕەگەزپەرستی بوو.
*****
كوخێك دەبێتە قەڵای بەرخۆدان
بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیكردنی كۆیلایەتی و كڕین و فرۆشتنی مرۆڤ، تەوەری سەرەكیی ڕۆمانەكەیە، ڕۆمانێك كە هاوكار بوو لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی ئەمریكا وەكو لویل كۆفمان نووسەر و ڕەخنەگر باسی دەكات. كەسایەتی سەرەكیی رۆمانەكە مام تۆمە كە ساڵانێكی زۆری بە كۆیلایەتی بەسەر بردووە، چیرۆكەكە لە میانی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەوەوە، باس لە ستەمی كۆیلایەتی و مەینەتییەكانی، هەروەها ورە و ئیرادە و ئازایەتیی كۆیلەكان دەكات، لەوەی كە دواجار توانیان بە خۆڕاگری و قوربانیدانی خۆیان سەربەستی بەدیبهێنن.
دوای چل ساڵ لە بڵاوبوونەوەی رۆمانەكە، (كێرك مۆنرۆ) ڕەخنەگری ئەدەبی لە میانی هەڵسەنگاندن و لەبارەی بەها و بایەخی مێژوویی ڕۆمانەكەوە گوتی: "نەهێشتن و دواییهێنان بە كۆیلایەتی كاری كەسێك نەبووە و نابێ، بەڵكو بەرهەمی هەوڵ و كۆششێكی زۆرە، وەلێ یەكێك لە گەورەترین فاكتەرەكان كە ڕۆڵی سەرەكی لەم پرۆسەیەدا بینی، ڕۆمانی كوخەكەی مام تۆم بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ