رووداو دیجیتاڵ
چاپی دووەمی کتێبی (ئەدەب و دیالۆگ) بڵاوکرایەوە کە لە ژمارەیەک گفتوگۆی ئەدەبی پێکهاتووە و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ سەنگەر زراری لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
سەنگەر زراری، وەرگێڕی کتێبەکە بە رووداوی رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و بیرمەندی دیاری عەرەبی و جیهانی ئەنجام دراون، لەوانە؛ نەجیب مەحفووز، تەیب ساڵح، عەبدولوەهاب بەیاتی، ئاسیا جەبار، عەلا ئەسوانی، واسینی ئەعرەج، سەڵاح فەزڵ، فازڵ عەزاوی، سەعدی یوسف، ئەحلام موستەغانمی و... چەند نووسەرێکی دیکە".
زراری لەبارەی گرنگیی کتێبەکەوە گوتی: "گفتوگۆ، یارمەتیی پێگەیشتنی بیرکردنەوە دەدات، لە رێگەی گفتوگۆوە بیرۆکەی نوێ لەدایک دەبێت، ئەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکرێ، ناچار دەبن خۆیان کۆ بکەنەوە وردتر و وریاتر قسە بکەن، لە رێگەی پرسیاری زرنگانەشەوە، کەسی گفتوگۆ لەگەڵ کراو زۆر شت دەڵێ و دەورووژێنێ، رەنگە خۆی بە بیریدا نەیەت بیاننووسێ و بیاندرکێنێ".
گوتیشی: "گرنگیی گفتوگۆ لە کرانەوەی ئاسۆی فراوانترە بۆ قسەکردن لەسەر هەر پرس و بابەتێک، لەم کتێبەشدا، ئەم کرانەوە و گرنگییە بە دی دەکرێت".
لە بەشێکی پێشەکیی کتێبەدا، وەرگێڕ نووسیویەتی: "بناغەی گفتوگۆ، لەگەڵ دروستبوونی بوونەوەر دامەزراوە، هەموو بەیەکگەیشتن و پەیوەندییەک، جۆرێکە لە گفتوگۆ، یەکێکیش لەو کۆڵەگانەی گفتوگۆی لەسەر دامەزراوە، زمانە، هەر زمانیش مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، چونکە زمان لای مرۆڤ تەنیا لە ئاخاوتن کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئامرازێکیشە بۆ فێربوون و بیرکردنەوە و ئامرازێکیشە بۆ یارمەتیدان و مامەڵەی نێوان مرۆڤەکان. لەم سۆنگەیەوە و هەر لە کۆنەوە، کەسێکی وەکوو ئەفڵاتوون، وتە و بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی سوکراتی لە شێوەی گفتوگۆ داڕشتووە، تا ئێستاش یەکێکن لە گرنگترین دەقە فەلسەفییەکان کە لە مێژوودا مابێتنەوە، ئیدی پڕۆسەی گفتوگۆی فیکری و فەلسەفی و ئەدەبی و... تا ئێستاش رێچکەی بەستووە و بەردەوامە".
کتێبەکە لەلایەن دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ