رووداو - هەولێر
نووسەر و وەرگێڕی كورد، د.موحسین ئەحمەد عومەر، رۆمانێكی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری فەرەنسی – جەزائیری، ئەلبێر كامۆ دەكاتە كوردی.
د.موحسین ئەحمەد عومەر بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند "رۆمانی (تاعوون) كە لە نووسینی ئەلبێر كامۆیە، لە فەرەنسییەوە كردوومەتە كوردی".
گوتیشی "ئەوە شەشەمین كتێبی كامۆیە لە فەرەنسییەوە وەریدەگێڕمە سەر زمانی كوردی".
د.موحسین ئەحمەد عومەر ئاماژە بە هۆكاری وەرگێڕانی بابەتەكانی ئەلبێر كامۆ بۆ زمانی كوردی دەكات و دەڵێت "من خۆم حەز لە ئەدەب و فیكری ئەلبێر كامۆ دەكەم، هەر لەبەر ئەمەش رۆمان و كتێبەكانی لە فەرەنسییەوە دەكەمە كوردی".
لە گرنگترین ئەو رۆمانانەی كامۆ كە موحسین ئەحمەد عومەر كردوونی بە كوردی، بریتین لە (زماوەند و هاوین)، (مەنفا و مەملەكەت) و (بێگانە).
رۆمانی تاعوون، 400 لاپەڕەیە و لەلایەن دەزگای غەزەلنووس لە سلێمانی چاپكراوە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بڵاوبكرێتەوە.
د.موحسین ئەحمەد عومەر، ساڵی 1962 لە هەولێر لەدایكبووە. ساڵی 1996 دكتۆرای لە زانكۆی سۆربۆن لە بەشی ئەدەبی گشتی و بەراوردكاری بەدەستهێناوە. پێشتر سەرۆكی بەشی فەرەنسی بوو لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەلاحەددین، ئێستاش لە هەمان کۆلێژ مامۆستایە. هەروەها چیڕۆكنووس و وەرگێر و توێژەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ