نەزەند بەگیخانی: من گۆڕستانم و پڕم لە مۆتەکە و خێو

06-07-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نووسین
A+ A-

هەڤپەیڤین: هێرۆ کوردە    

د. نەزەند بەگیخانی نووسەر و مامۆستای زانکۆی بریستڵە لەبەریتانیا. لە 1987 ەوە لە دەرەوەی وڵات دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی تەواو کردووە. نامەی دکتۆراکەی تایبەت بووە بە ''وێنەی ژنی کورد لەناو ئەدەبیاتی ئەوروپی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم'' کە بە پلەی شەڕەفی باڵا لە 1997 پێی بەخشراوە.

د. نەزەند بەگیخانی شاعیرێکی ناوداری جیهانییە کە جگە لە کوردی بە ئینگلیزی و فەڕەنسیش دەنووسێ. بە کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فەڕەنسی سێ دیوانی هەیە. لە ساڵی 2012  دیوانی 'دوێنێی سبەینێ'' خەڵاتی فێمینی شیعری فەڕەنسی بەناوی سیمۆن لاندری وەرگرتووە.

د. نەزەند بەگیخانی یەکەمین سەرنووسەری ژن بووە لەناو کوردان و ماوەی پێنج ساڵ سەرنووسەری مانگنامەی لومۆند دیپلۆماتیکی کوردی بوو.  خاوەنی چەندین وتار و کتێبی ئەکادیمییە  بە زمانانی کوردی و ئینگلیزی و فەڕەنسی، هەروەها لەناو میدیای کوردیدا رۆڵ و پایەیەکی تایبەتی هەیە. دوا کتێبی بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 2015 لە لەندەن چاپکراوە و تایبەتە بە توندوتیژی بە بیانووی پاراستنی شەرەف لە هەرێمی کوردستان و لەناو دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا (لەگەڵ هاوکارانی د. جیل و د. هەیگ، دەزگای ئاشگەیت.  جگە لە خەڵاتی شیعریی فێمینی فەڕەنسی سیمۆن لاندری، کارەکانی د. بەگیخانی چەندین خەڵاتیان پێبەخشراوە، لەوانە خەڵاتی ئێما هەمفریس بۆ چالاکی و خەباتی دژی تاوان بە بیانووی شەرەف (2000)، خەڵاتی یەکسانیی جێندەری لە کوردستان (2015) و خەڵاتی سەید ئیبراهیم بۆ سەرجەم بەرهەمەکانی (2009). 

ئێستا نەزەند بەگیخانی بە هاوکاریی هاوکارانی لە زانکۆی بریستڵ و ئەنجوومەنی بەریتانی بۆ توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بریتیش کاونسڵ، سەرپەرشتی توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات دەربارەی دۆخی ژن لەناو ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. 

ئەدەب و کولتوور: نەزەند بۆ دەنووسێت؟  

نەزەند بەگیخانی: من چێژ و خۆشنوودییەک لە نووسین دەبینم کە وەک سیحر وایە، ئەفسووناوییە، چەشنی ئازادییە دوای دیلی و زیندان، لەوانەیە پێویستییەک بێت. یەکەمجار کە دەستم بە نووسین کرد، هەرزەکار بووم، رۆژێکی هاوینی گەرم بوو تێیدا هەستم بە پاڵەپەستۆ و شێیەکی کوشندە دەکرد و لە چوارچێوەی ژوورێکدا دامابووم.

ساڵانی پێشتر، ئێمە (واتە خێزانەکەم کە دوای مردنی باوکم، دایکم سەرداریی دەکرد)، لەناو رەز و باغی شاخی مشکە و کێڵگەی دایە و باوانم وەرزی هاوینمان بەسەر دەبرد. واتە زستانان لە شار بووین بۆ چوونە مەکتەب و هاوینانیش لەناو رەز و باغ و کێڵگەی شاخی مشكە بۆ کار و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کە سەرچاوەی ژیانمان بوو. لەوێدا من لەناو سروشت بووم، بە ئازادی دەجووڵامەوە، رامدەکرد، لە رووباری شاخی مشکە خۆم رووت دەکردەوە و مەلەم دەکرد، وەک درەخت بە پێوەبووم، وەک باڵندە باڵەکانم کراوە بوون، وەک بەرخ و سەگ و پەلەوەری کێڵگەکە لەناو سروشتی رووت پیاسەم دەکرد و هەناسەم دەدا. ئەمە بۆ من جۆرێک بوو لە ئازادی کە لەشار ئافرەت نەیبوو، من لەم رووەوە خۆشبەخت بووم و جیاواز بووم لە کچانی هاوتەمەن و هاوشارم. جگە لەچوونە مەکتەب و جارجارەش سەردانی خزمان، کچ و ژنانی شار ئەوکات هیچ شوێنێک نەبوو رووی تێبکەن. فەزای گشتی بۆ ئەوان یاساغ بوو و هاوینانیش لە چوارچێوەی ژوور و خەریکبوون بە کاروباری ناوماڵ و یارمەتیدانی دایک لە چێشتلێنان و پاککردنەوە و قاپ و قاچاغ شووشتن، چیتر هەبوو بیکەن؟ ژیانی منیش گۆڕا دوای ئەوەی دایکم بڕیاری دا رەز و باغەکە بەکرێ بدات؛ ئێمە ئیتر مەحکوم بووین بەوەی کە هاوینان لە شار بمێنینەوە. ئەوکاتە بۆ دەربازبوون لە تەنیایی و دیوارە شێدارەکان، دەستم بە خوێندنەوە کرد، بەڵام جگە لە قورئان و چەند کتێبێکی مەکتەب و هەندێ کتێبی مارکس و ئەنگلس کە قوبادی برام بە عەرەبی دەیخوێندنەوە، هیچی دیکەمان نەبوو بۆ خوێندنەوە. خۆشحاڵانە، دراوسێ و دەستەخوشکێکم بەناوی ئاواز خالید سەردۆر کتێبخانەیان هەبوو، دەچووم لە رێگای ئەوەوە بە دزیی برا و باوکی کتێبم دەخواست.  ئەوسا ئاشنابووم بە ئەدەبییاتی کلاسیکی کوردی و مێژووی ئەدەبی کوردی، خانی و نالی و مەحوی و حاجیم کەشف کرد. ئەو رۆژەی دەستم بە نووسین کرد خۆم دەخواردەوە، هەستم بە کەشێکی خنکێنەر دەکرد، شتێک لەناو دەفەی سنگم پەنگی خواردبووەوە، وەک قەیرانی ئوکسجین هەناسەی سوار دەکردم، سەرم گێژی دەخوارد. دەبووایە لەو ژوورە و لەو فەزایە دەرچم، پێویستم بە دەربازبوون لە چوارچێوەی دیوارە چیمەنتۆکان بوو، پێویستم بە سەفەرێک بوو چەشنی فڕین باڵەکانم لێکبدات و هەڵمگرێت، بمبات و دوورمبخاتەوە لە واقیعی مەلمووس. ئیتر دەستمکرد بە نووسین، نازانم چیم نووسی، چونکە دوای کۆچ و مەنفا، نووسینەکانم هەموو ون بوون، یان باشترە بڵێم لە ژێر گڵ نێژران و بوون بە خۆڵ. لەبیرمە لەگەڵ پرۆسەی نووسین خانەکانی لەش و مێشكم لێک دەکشانەوە، جومگەکانم دەکرانەوە، مێشکم دەجووڵا. دوای نووسینەکە، هەستم کرد لە ناو بەلەمێکی چارۆگەدارم، کزەبایەکی فێنک دەیبات و دووری دەخاتەوە بەرەو شوێنێکی دیکە کە ئەوێی من نەبوو، جیاواز و جاویدان. لەپڕ ئاسۆم فراوان بوو، روانینم رەنگی گرت و چوومە ئاستێکی دیکە. فراژوو بووم. ئا جوانترە بڵێم کە نووسین جۆرێکە لە فراژووبوونێکی جاویدانە، سەفەرێکە بەرەو ئاستێکی دیکەی بوون و خۆناسین، ئاشنابوونە بە خودێک کە خۆتی، بەڵام پێش کردەی نووسین نائاشنای پێی. نووسین دەتبا تا سەر سنووری کەسێ کە تەنیا بە ئەزموونکردنی نووسین دەتوانی کەشفی بکەی، پێویستییەکە رەگی لە قووڵایی ناخ داکوتاوە. لێرەدا خەیاڵم دەچێ بۆ گوتەیەکی جۆرج ئۆروێل کە باس لە چوار هاندەر دەکات بۆ نووسین، یەکێکیان بریتییە لە ئیگۆئیزم، واتە خودویستی. نووسین رەهەندێکی خودویستی و ژوانێکی جاویدانەی تێدایە کە لەگەڵ هاندەری دیکەی وەک هەستجوانی، یا هۆکاری مێژوویی و سیاسی، دەمانباتەوە لای خۆمان و لای مرۆڤ، ئاستێکی باڵای خود، دوورمان دەخاتەوە لەو دۆخەی کە خنکێنەر و ناشیرینە و دەمانپەڕێنێتەوە بۆ لای جوانی و کەسێکی ئارام و ئاشنابوونێکی جوانتر بە خود، نووسین رزگاربوونە، بەبێ نووسین لەوانەیە من وەک نەزەند نەبووبام، یا مردبام.

ئەدەب و کولتوور: دەكرێ‌ باسی نهێنیی نووسینی خۆتمان بۆ بكەی؟ كەی دەنووسیت و چۆن دەنووسیت و ئەو خووە تایبەتە چییە لە كاتی نووسین پەیڕەوی دەكەی؟ 

نەزەند بەگیخانی: لە راستیدا نووسین بەشێکی گەورە لە ژیانی من پێکدەهێنێ؛ بەپێی ئەوەی کارەکەم لە زانکۆی بریستل وەک توێژەر واپێویست دەکات کە وتار و نووسینی ئەکادیمی بنووسم، ئەوە رۆژانە من ئەزموونی نووسین دەکەم. خووی رۆژانەم بریتییە لە یۆگای بەیانیان. بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستم و بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بچمە ناو رۆژەکانم، ماوەی سەعاتێ یۆگا و مێدیتەیشن (رامان/ تەئەمولات) دەکەم. بەبێ یۆگا و مێدیتەیشن رۆژەکانم ئەستەم و قورس دەبن و جەستەی لاوازم بەرگەیان ناگرێ. دوای ئەوە دەست بە کار دەکەم. دیارە پرۆسەی نووسینی ئەکادیمی و سەر بە توێژینەوە بەپێی مێتۆدۆلۆژی و ئامانجی دیاریکراو دەچێتە پێشەوە کە جیاوازە لە نووسینی شیعر. شیعر خۆڕسکە، پەل دەهاوێ و دەکشێ، سنوور و چوارچێوە قبوڵ ناکات، زەمینێکی پڕ پرسیارە و وەڵام هەڵناگرێت، ئیحتیمالات دەخاتە روو نەک بەدیهییات. بێگومان خوێندنەوە جەوهەری هەموو نووسینێکە، من زۆر دەخوێنمەوە، هەموو ژانرێک، بەتایبەتی شیعر. هەندێ جار وشەیەک، پرسیارێک، ئازارێکی قورس وەک لێکدابڕان، جووڵەی پەڕامووچەیەک بەدەم با لە سوچێکی کۆڵان، وێنە یا هێڵکارییەکی منداڵەکەت تووشی شۆکت دەکات، دیمەنی خۆرئاوابوون لە لێواری ئەتڵەنتیک دەتهەژێنێ و لە مێشک و دەفەی سینگت دەدات، داگیرت دەکات و بانگت دەکات یا ناچارت دەکات بنووسیت. تەنیا بە شیعر دەتوانین گوزارشت لەم دۆخ و سات و ئازار و پەنهانی و جوانییانە بکەین. بۆیە هەمیشە دەفتەر و قەڵەمێکم لەناو جانتا و لە تەنیشت جێگای نووستنەکەمە، دەشێ شەو پێش نووستن، یا نیوەشەو دوای بێداربوونەوە لە خەونێک، دەست بدەمە قەڵەم و دێڕێ یا کۆپلە شیعرێک بنووسم، یا لەناو پاس، ناو شەمەندەفەر، هەندێجار لە کاتی ماشێن لێخوڕین لەکەناری جادە بوەستم و دەست بکەم بە نووسینی شیعرێک. هەڵبەتە دواتر بۆیان دەگەڕێمەوە و کاری زیاتریان لەسەر دەکەم.

ئەدەب و کولتوور: گرنگترین خاڵی نووسین بۆ نەزەند چییە؟ 

نەزەند بەگیخانی: بەڕای من گرنگترین خاڵی نووسین دەرچوونە لەگۆشەگیری و سەرگەردانی، دەرچوونە لە گومان و راڕاییەکانی گوتن، گوتن وەک قسەکردن، وەک درکاندنی وشە لە ساتێکی دیاریکراودا کە زوو تەواو دەبێت، بەڵام نووسین واتە نزیکبوونەوە و لەئامێزگرتنی وشە نەک بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یەکسەری و خێرا بەسەر سات و کاتدا زاڵ بین وەک لە گوتندا روودەدات، بەڵکو بۆ چوونە ناو کات و تێپەڕاندنی کاتە. 

ئەدەب و کولتوور: تۆ ئیرۆتیكی جۆری شاراوە دەنووسی؟ هاوكات سیمبولەكان هەڵبژێردراون و ئاسان خۆیان نادەن بەدەستەوە. دەكرێ‌ پێمان بڵێی ئەم شاراوەیی و ناوەكییە بۆ؟ ئیرۆتیك هەم بەرهەمی ئەڤینە و هەم خودناسی و جەستەناسیه. بەرهەمی خەمگینی و خەمۆكی لای تۆ چۆن دەخوڵقێت؟ من هیچ دەقێكی ئیرۆتیكی ئاشكرام لە شیعرەکانی تۆ بەدی نەكرد ئاخۆ لەم جۆرەت نەنووسیوە یان بڵاوت نەكردوونەتەوە؟  

نەزەند بەگیخانی: شیعر وەکو گوتارە ئەکادیمییەکان راستەوخۆ نییە و بە ئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە، هەمیشە رەهەندێکی قووڵ و شاراوە و پەنهان و ئاڵۆزی هەیە. خودبوون بۆ من زۆر گرنگە لە نووسینی شیعردا، کە خودیشت نووسییەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە جەستە بە تەواوی دەدوێ، کە دەڵێم بە تەواوی مەبەستم ئەوەیە بڵێم بە هەموو رەهەندە جیاواز و کێشەئامێز و پێچەوانە و ناکۆکییەکانییەوە دێتە گۆ. چونکە حەز و ئارەزوو و جۆش و شەپۆڵەکانی ناخ و هەڵچوون و شکستەکان لەگەڵ خود و جەستە پێکەوە چنراون. بەڵام دیارە مەبەست لە خودنووسینەوە گێڕانەوەی دیرۆک نییە، یا ئاوێنەیەک نییە بۆ نەخشاندن و رەنگدانەوە. بەڵکو گوزارشت لەخود لە شیعردا وەک کردنەوەی دەرگایەک وایە بەڕووی ژیان، وەک سەفەر وایە، سەفەرێکی تەنیا و جوان و پڕ ئازار و چێژ و سووتان و هەڵچوون و دامرکانەوە، لێژبوونەوەیەکی هێمنە بۆ ناسینی نەناسراو، پیاسەکردنێکی هێمنە لەسەر زەمینێکی ئازاد، راکردنێکی شێتانەیە بەناو تامانەکان، حاڵگرتنە وەک دەروێش بۆ تێپەڕاندنی سەرجەم پنتەکانی ئاگایی و گەیشتن بە رەهایی، بە ئۆرگازم. من بە پڕی ژیانم لە ئامێز گرتووە، خەونەکانم هێناوەتە ئاستی واقیع، بە پڕی ئەزموونی بوون دەکەم، ئەزموونکردنی چێژ و ئازار، ئەزموونی عەشق و مەرگ وەک بڕینی سنوورەکانی جەستە و شکاندنی تابووەکان، داڕمانی خشتەکانی ناسنامە و خزین و کەوتن و هەڵسانەوە و ختووکەی ناخ و رۆشنبوونەوە تا ئاستی ناسینی نەناسراوەکان. شیعری من گوزارشتە لە هەموو ئەمانە و روانین و دونیابینی و جوانناسیی من بەرجەستە دەکات لە فۆرمێکدا کە سیمبۆل و وێنا و مێتافۆڕ و زمانێک دەگرێتە خۆی جیاوازە لە دیرۆک و گێڕانەوە.

ئەدەب و کولتوور: نووسینی دەقی ئیرۆتیكی چێژێكی تایبەتی هەیە چونكە دەستبردنە بۆ دونیایەكی پەنهان و نیمچە قەدەغە. نەزەند تاچەند لەكاتی نووسینی وەها دەقێك خەیاڵی دەخروشێ‌؟ روونتر بڵێم هەستت چۆن دەبێت؟  

نەزەند بەگیخانی: پرۆسەی نووسینی شیعر بۆ من وەک هەر کارێکی دیکە وایە، ئەگەرچی هەروەکو لەسەرەوە گوتم زۆر جیاوازە لە نووسینی وتار و توێژینەوەی ئەکادیمی، بەڵام من بە هزر و ئاگاییەوە شیعر دەنووسم. 

ئەدەب و کولتوور: لە شیعری ( دڵنیایی) كە دەقێكی ئەوینی ئیرۆتیكییە، ترسی خۆت لە تاریكی دەخەیتە روو، لە دەقی ( گۆڕێكی شووشەبەند)یش كە دووبارە دەقێكی ئیرۆتیكییە، لەو دەقەدا وەک بڵێی هەناسەت تەنگە و دیسان چوار جار دەڵێی تاریكی، ئەمە كام تاریكییە نەزەند لێی دەترسێت و لەژێر ئەویندا خۆی لێدەشارێتەوە؟ 

نەزەند بەگیخانی: ئەم دوو شیعرەی تۆ لێرە بە نموونە دەیانهێنییەوە، هەردووکیان باسی دابڕان و ئاوابوون، باسی غیاب و لەناوچوون و مەرگ دەکەن، مەرگی براکانم و مەرگی عەشق. سێبەری ئەو دابڕانە ئەبەدییە، ئەو غیابە رەهایە لەسەر هەموو کونج و خانە و کەلێنێکی هەستیاری و دەروونی و فیزیکی مندایە. من گۆڕستانم و پڕم لە مۆتەکە و خێو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەجەنگم و دەبمە دەنگی ئەوانەی کە زمانیان بڕا و جەستە و کەللەی سەریان گوللەڕێژ کرا. لە شیعری دڵنیایی من تەکان دەدەم دژی خێوی مەرگ و غیابی کەسی خۆشەویست، نامەوێ تاریکی ببێتە سنووری نێوان من و ئەوان، ببێتە هێڵی لەبیرکردن. مەرگی عەشقیش بە هەمان ئەندازە کوشندەیە. کاتێ لە ژیانداین و جوانییەکان لەناوماندادەکوژرێن، ژیان دەبێتە بیابانێکی زەرد و مرۆڤەکانیش تەنیا تەنێک و لە شەبەنگدا دەجوڵێنەوە.

ئەدەب و کولتوور: دوا بەرهەمت (پیاسەیەک لەگەڵ جۆن دۆن)، گەر من پێناسەی كتێبەكەت بكەم ناوی دەنێم (هەڵچوون و نائومێدی)، هەڵچوون لە ئەویندا، لە فێمێنیستی و هەڵچوون دژ بەشەڕەكان، نەزەند بۆچی تووشی ئەم تووڕەبووونە بووە؟ 

نەزەند بەگیخانی: پیاسەیەک لەگەڵ جۆن دۆن کە ناونیشانی دیوانە تازەکەمە و ناونیشانی شیعرێکی ناو دیوانەکەشە، پیاسەیەکی میتافیزیکییە، لێژبوونەوەیە بۆ دونیای ژێرزەمین، رامان و بەریەککەوتنە لەگەڵ فیگەری مەرگ، بە مانای سەیرکردن و دەستلێدان و نزیکبوونەوە لە جیهانی مەرگ، دواندنی مەرگە بە ئومێدی زیندووکردنەوەی ئەوانەی کە خۆشمویستن، ئەوانەی کە خۆشیانویستم و ئێستا مشتێک خۆڵن و هیچی تر. من ئاشنام بە خۆڵ کە پێشتر ژیان بوو لە سیمای نەوزاد و نیهاد و قوبادی برام، ئاشنام بە جیهانی ژێرزەمین، بە مردن؛ هەر لە منداڵییەوە لەدوای مەرگی باوکم، مەرگی زۆر خۆشەویستم بینیوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە