سەرپۆشەكەی دایە زولەیخا

07-04-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ڕەوف حەسەن
A+ A-
ڕەوف حەسەن


پێشكەشە بە گیانی خاتوو رابیعای ئامۆزام
كە لەو مابەینەدا شەهیدیان كرد

ساڵانێكە گوێم لە قرچەقرچی جەرگێتی و هەست بە گڕەی هەنسكی ژێر سەرپۆشە سپییەكەی دایە زولەیخا دەكەم.. هەموو خەڵكی گوندەكەشمان دەزانن دوو وەچەی كوژراون و دانەیەكیشی تا ئێستێ‌ مەرگوجێیە. دایە زولەیخای سێجار جەرگسووتاو، بەبێدەنگیی و بێدەسەڵاتانە چەندین ساڵا بەسەرپۆشە سپییەكەی ئەشكی دەسڕی.. فرمێسكی چاوانی ئامۆزاكەم زۆر سەیر بوون.. نە هەر سەرپۆشەكەی تەڵخ و بۆر نەدەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەو ڕۆندكانەی ساڵەهای ساڵا دەیباراندە سەری، هێندەی دی سەرپۆشەكەی لە زیوی سپی، بەفری كوێستان، مانگی چواردە، بریسكەدار و بێگەرد و سپیتر دەكرد.. ئەهلی گوندەكەمان ئەمەیان بە پەرجوو دەزانی.. كەچی ئەوانی ئەمبەر و ئەوبەر نە ئەو پەرجووە سپییە بریسكەدارەیان دەبینی و نە هەنسكی گەرم و قرچەقرچی جگەری ئامۆزاكەمیان دەژنەوت! 

ئامۆزا ئەمڕۆ بڕیاری دا شتێ‌ بكات.. چیدی بەبێدەنگی ئەسرین نەڕێژێت.. پێمگوت: 

- زولەیخا! ئامۆزا دڵڕەنجاوەكەم! ئەمڕۆ ڕۆژێكی وەیشومەیە.. ئەمانەش بێئامانن.. كۆ لە هیچ ناكەنەوەو بەهیچ شتێكیش پڕنابنەوە.. سوێیەكی دی بە جەرگماندا مەكە! 
زولەیخا گوتی:  

- ئامۆزا! دەزانم ڕۆژگارێكی نەگریس و بێمروەتانە تێكەوتووین.. ئەمن بڕیارێكەو داومە.. خاتری پرچە سپییەكەیان نەگرتم چیدی ناخوازم و نكارم بۆ چركەساتێكیش لەنێو ئەم گەندوگووانەدا بژیم!   

زولەیخا بەو سەرماوسۆڵە و ڕەشەبایە، لەو ڕۆژگارە ئاخۆران و بخۆران و خوێناوییەدا.. كاتێ‌ ئەوان خۆیان بۆ یەكدی مەڵاس دابوو، بەرلەوەی فیشەك گیزە بكات و ویزەی بێت، لەناكاو لەسەر گردۆڵكەیێ‌ لە ناوەڕاستی هەردوولادا، چوون پەیكەرێكی یۆنانی قوت بووەوە.. بە دەنگێكی دلێرانە و دڵا و دەروونێكی دایكانەوە سەرپۆشەكەی داماڵی و شەكاندییەوە.. فەرمانی دا: 

- ئیدی بەسە! هەی بێچووە مارەكان ئیدی بەسە!    

تاوە كەزێكانی چوون سەرپۆشەكەی بەدەم رەشەباوە دەشەكانەوە و بریسك و هۆڕیان بوو.. هەردوولا بەلەز خۆیان مەڵاسدا.. هەرلایێ‌ وایدەزانی ئەمە پیلانێكی داڕێژراوی ئەولاكەی دیكەیە.. هەردوولا كشومات.. پەنجە لەسەر پەلەپیتكە.. چاوەڕوان و گوێقوڵاخ.. دەنگی دایە زولەیخا لەتەك لوورەی ڕەشەباكەدا بەنێو گرد و دۆڵەكاندا هاژەی دەكرد و دەنگی دەدایەوە: 

- هەی بێچووە مارەكان! بەسە بەس! گەمژە خوێنڕێژەكان! بەسە! لەنێو كورداندا وەك عورف و عادەتێ‌.. هەر ژنان و دایكانی گیسو چەرموو ناوبژیوانییان كردووە و خوێنیان كوژاندووەتەوە.. هەی وەچە نامەردەكانم! ئێمەی دایكان.. ئەمجارەش بۆ دواجار لێتان خۆشدەبین.. ئەگەرنا ئەو شیرەم وەك چڵكی سەگ پێتان حەرام بێت.. وەرن! دەی وەرن! سەرپۆشەكەم بكەنەوە بە ئاڵای ئاشتی و دەواری برایەتیتان.. چەكەكانتان سەربەرەوخواركەن! وەرن لێرەدا ببنەوە ڕۆڵەكەی جارانم.. سوێندم بەم خاك و نیشتمانە بەتەگبیرم نەكەن هەتاهەتایە بەنەفرەتتان دەكەم.. لێرە ناڕۆم.. تا...ئاخ... 

لە هەردوولاوە ویزەی فیشەك.. لە هەمان ئانوساتدا تۆز و خۆڵی ئەملاو ئەولای گردۆڵكەكەی ژێر پای دایە زولەیخای بەدەم باكەوە دەدا.. زولەیخا بەكاوەخۆ دەسووڕا.. دەستی لە هەوادا بە سەرپۆشەكەوە دەسووڕا.. 

- ئێوە.. ئای.. وەرن.. سەرپۆشە.. ئاشتی.. لێرە..  وەرن.... هەی.. نەفرە.. بێچوە ما... 
هەروەكو سەرچۆپی گرتبێت وابوو.. تا پەنجەكانی بەسەرپۆشەكەوە شل بوون.. سەرپۆش بەدەم ڕەشەباوە لوولی دەخوارد و دەكرایەوە.. بەرز و هەتا چاوبڕبكات بەرزتر دەبووەوە.. وەك كۆترێكی ئاشتی لە ترسی دارلاسیكەكانی ئەمبەر و ئەوبەر بەرەو قووڵایی ئاسمان بچوك و بچوكتر دەبووەوە.. بچوكتر.. تاكو بووە ئەستێرەیەك بەتەوێڵی ئاسمانی تارەوە.. لەو ڕۆژەوە هەركەسێ‌ لوولەی تفەنگی بكاتە میللەت.. ئەستێرەی زولەیخا دەبریسكێتەوە و بۆ هەرلا بڕوا بەدواوەیەتی و جاڕی لێدەدات و دەجریوێنێت.

- ئەمەیان خۆیەتی!     

 ئەنكەرە/ نۆڤامبەری 2000

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە