گرفتار كاكەیی: نووسین و تابلۆ ئیرۆتیكییەكانم بڵاودەکەمەوە

14-05-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن گرفتار كاكەیی
A+ A-
هێرۆ كوردە
رووداو - ئەڵمانیا 

گرفتار كاكەیی یەكێكە لە كاریكاتێریستە دیارەكانی كورد و خاوەنی دەیان كاریكاتێری ناسراوە. جگە لە كاریكاتێر، کاکەیی لە بوارەکانی شێوەكاری، نووسین و وەرگێڕان، شیعر و مۆسیقاشدا كاری كردووە، ئەوە جگە لە كاری تایبەت لە بواری ئەدەبیات و هونەری منداڵان وەك شیعر و چیرۆك و هێڵكاری و ئاواز و كاركردن لە گۆڤاری منداڵان.

ئەدەب و کولتوور: گرفتار كاكەیی لای زۆرینە وەك كاریكاتێریست ناسراوە، لەكاتێكدا شێوەكاریشە، بۆچی كاریكاتێرەكانت بوونەتە ناسنامەت و كارە شێوەكارییەكانت كەمتر ناسراون؟

گرفتار كاكەیی: راستە من لە هەموو لق و پۆپێكی بواری ئەم هونەرەدا كارم كردووە چ شێوەكاری بێت یان وێنەكێشان و سیناریۆ بۆ منداڵان و پۆستەر و لۆگۆ و پۆرترێت و چەندین بابەتی دیکە، بەڵام وەكو كاریكاتێریستێك ناسراوم، ئەمەش بەڕای من هۆكارەكەی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، یەكەم، لەبەر ئەوەی كاریكاتێرم لە هەموو ئەو لق و رێچكانەی پێشوو باسمكردن زیاتر كردووە، دووەم خەڵكی زیاتر حەزیان لە هونەری كاریكاتێرە و سێیەم خاڵیش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو پێشانگە كاریكاتێریەم كە تایبەت بوو بە پۆرترێتی كەسایەتی رۆشنبیران و هونەرمەندان و ساڵی1997 كردمەوە.

ئەدەب و کولتوور: خۆت هۆكاری یان ئەوانیتر لە زیاتر دەركەوتنی  كاریكاتێرەكانت و كەمتر دەركەوتنی كارە شێوەكارییەكانت؟  

گرفتار كاكەیی: هەڵبەتە خۆشم كەمتەرخەمیم هەیە لە بایەخدان بە کاری شێوەكاری بەتایبەت رەنگی رۆنی، زۆریش فەرامۆشم كردووە، ئەمەش وادەكات من پەراوەیەك لەسەر رەنگی رۆنی بكەم تا بتوانم تایبەتمەندییەكانی رەنگی رۆنی لەنێو تابلۆكانمدا بەرجەستە بكەم، ئەوەش ماوەیەك كاری دەوێت.  
 
ئەدەب و کولتوور: کاردانەوەی خەڵكی چۆن دەبینی، ئایا لە بنەما و پەیامی كاریكاتێر تێدەگەن؟
 
گرفتار كاكەیی: خەڵكە رۆشنبیرەكە بەڵێ، لە پەیامی كاریكاتێر تێدەگەن و تا رادەیەكی باشیش لەم هونەرە گەیشتوون، بەڵام خەڵكی ئاسایی كەمتر دەتوانن لەم هونەرە تێبگەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری كە بەداخەوە زۆرینەی خەڵک ناڕۆشنبیرن.

ئەدەب و کولتوور: وای دەبینم كە بڵاوكراوەكان بەتایبەتی رۆژنامەكان كاریگەری خراپیان لەسەر كاریكاتێر هەیە كە وەك كەرەستەیەكی بازرگانی بەكاریدەهێنن، ئێوە چۆنی دەبینن؟ 

گرفتار كاكەیی: زۆربەی رۆژنامەكان بێ ئەوەی خۆیان ماندوو بكەن و پارە خەرج بكەن، دەچن لە رۆژنامە و سایتەكانەوە كاریكاتێر دەهێنن و بڵاوی دەكەنەوە، من دەپرسم ئایا ئەوە كارێكی راستە كە میدیای كوردی دەیكات ؟ ئەوە گەندەڵی نییە ؟ ئەی كوا داهێنانی رۆژنامەگەری ئەگەر بابەتێك یان وێنەیەك یان كاریكاتێرێكی تایبەت بە خۆیان نەبێ؟

ئەدەب و کولتوور: ئەو كاریكاتێرانەی لەسەر داوا و بیرۆكەی كەسانی دیکە دروستدەكرێن دەچنە قاڵبی كاریكاتێرەوە؟ بۆنموونە رۆژنامەیەك داوات لێ‌ بكات یان هەر دەزگایەكی دیكەی میدیایی، یان هەر لایەنێك و بۆ هەر مەبەستێك بێت؟  

گرفتار كاكەیی: لێرەدا دوو حاڵەت هەیە، یەكەم ئەگەر بیرۆكەكە بەهێز بێت و كاریكاتێریستێك جێبەجێی بكات ئەوە ئاساییە، بەڵام ئەو كاریكاتێرە موڵكی كاریكاتێریستەكە نییە، دەكرێت بنووسرێ بیرۆكەی فڵان و جێبەجێكردنی فڵانە كەس، حاڵەتی دووەم ئەگەر بیرۆكەكە لاوازبێت ئەوە هەرچەند هونەرمەندەكە بەهێز بێت تامی كاریكاتێر نادات، من خودی خۆم دژی جێبەجێكردن و ئەنجامدانی بیرۆكەی كەسانی دیکەم، چەندین ساڵە هەوڵم لەگەڵدا دەدرێت، بەڵام ئەو كارەم نەکردووە. 

ئەدەب و کولتوور: ئێوە جگە لە هونەری شێوەكاری شیعریش دەنووسن، ئایا بڵاوی دەكەیتەوە؟ شیعر بۆ ئێوە بووەتە كردەیەكی جددی؟ 

گرفتار كاكەیی: تێكڕای شیعرەكانم بڵاوبوونەتەوە، تەنها هەندێ شیعر نەبێت كە رەنگە جارێ‌ زوو بێت بۆ بڵاوكردنەوەیان، ئەوە جگە لە نامیلكە شیعری (سكاڵا) كە تایبەت بوو بە منداڵان و ساڵی 1999 بەچاپم گەیاند، لە پرۆژەمدایە كۆی شیعرەكانم لە كتێبێكدا بە چاپ بگەیەنم. 
 
ئەدەب و کولتوور: سەروكارتان لەگەڵ مۆسیقاش هەیە و ئاوازتان بۆ گۆرانی منداڵان داناوە، هۆكار چییە ئەو هەموو بەهرەیەی ئێوە شاراوەیە، نووسین و شێوەكاری و مۆسیقا؟
 
گرفتار كاكەیی: لە بواری میوزیكدا دەتوانم ئاواز بۆ گۆرانی منداڵان دابنێم، بەڵام هیچ كەناڵێك ئامادە نییە گۆرانییە تۆماركراوەكەم لێ بكڕێت، یان خەرجییەكەی بگرێتە ئەستۆی خۆی، خۆ ئاواز و گۆرانییەكانی من زۆر لەو ئاواز و گۆرانییە دزراوانە باشترن كە كەناڵەكان پەخشیان دەكەن، سەبارەت بە نووسینیش ماوەیەكە نانووسم و سەرقاڵی وەرگێڕانم. 
 
ئەدەب و کولتوور: تۆ دەقی ئیرۆتیكیش دەنووسی و بڵاوی ناكەیتەوە، بێگومان لە ترسی كۆمەڵگەیە، پێت وانییە دەبێت نووسەر كار بكاتە سەر كۆمەڵ نەك بە پێچەوانەوە؟

گرفتار كاكەیی: من ناڵێم ئەو دەقانەم لە سەدا سەد ئیرۆتیكین، بەڵكو چەند شیعرێكم هەیە خۆیان لەو قوتابخانەیە نزیك كردووەتەوە، ئەوە جگە لە چەند كاریكاتێرێك كە تا ئێستا نەمتوانیوە بەهۆی نزیكبوونەوەیان لەو قوتابخانەیە بڵاویان بكەمەوە، بەڵێ دەبێ ئێمە وەكوو هونەرمەند پەیاممان هەبێت بۆ كومەڵگە، بۆنموونە خودی هونەری كاریكاتێری پەیامێكی سەردەمیانەیە و پێش كۆمەڵگە كەوتووە و هەمیشە شتی تازەی پێیە، بەڵام ئێستا بەهۆی دووركەوتنەوەم لە كوردستان و نیشتەجێبوونم لە ئەڵمانیا هەوڵ دەدەم نووسین و تابلۆ ئیرۆتیكییەكانم بڵاو بكەمەوە. 

ئەدەب و کولتوور: هەمیشە دەڵێی من خۆم ئەم ژیانەم هەڵبژارد كە سەربەخۆ بم و گرنگیش نییە ساماندار بم، بەم خۆ دوورگرتنە زۆر زیانت لە ژیانی خۆتدا و بەهۆی بیروباوەڕت لە كارەكانت دوورخرایتەوە، لە كاتێكدا دەیان چانسی باشت هاتووە بۆ زیاتر ناوداربوون، پێت وانییە دەست دەنێی بە رووی چانسەوە؟ 

گرفتار كاكەیی: من هەمیشە گوتوومە و دەڵێم: "ئەو ژیانە هەڵدەبژێرم كە كۆیلەم نەكات، من هەرگیز دەست بە رووی چانسی باشەوە نانێم و هەمیشە داوای پێشكەوتن و پێشخستنی هونەرەكەم كردووە، بەڵام بۆم ناكەن.

ئەدەب و کولتوور: ماوەیەكی زۆر لە بواری منداڵان چ وەرگێڕان و چ وێنە و هێڵكاری كارت كردووە، بە رای تۆ هونەر و ئەدەبیاتی منداڵانی كورد لە چ ئاستێكدایە؟

گرفتار كاكەیی: لە هەموو ئەو بوارانە كاری باش كراون، بەڵام لە ئاستی جیهانیدا نین، بۆ نموونە شاعیر یان چیرۆكنووسی داهێنەری بوای ئەدەبیاتی منداڵانمان نییە لە ئاستی"  ئیزۆب " یان " ئانوون " یان "میهری ماهوتی "دا بێت. 

ئەدەب و کولتوور: حەز بەناوبانگ دەكەی؟ كارت بۆ ناوداربوون كردووە؟

گرفتار كاكەیی: ناوبانگ دەركردن بەلای منەوە واتای دەنگی خۆ گەیاندن یان رای خۆ دەربڕین دەگەیەنێت، ئەمەش چەند بڵاوتر بێت ئەوەندە كاریگەرتر دەبێت، ئێستا خۆناساندن و ناوبانگ بەهۆی ئەو هەموو وەسیلانەوە زۆر ئاسانتر بووە بۆ كەسێك كە شتیكی پێبێت شایەستەی ناوبانگ دەركردن بێت، چونکە ئێمە لە سەردەمی سەتەلایت و ئینتەرنێت و عەولەمەدا دەژین، كارەكە زۆر ئاسانە و تەنها ئەوەندەیە ئەوەی هەتە بیخەیتە روو، سەبارەت بە خۆیشم كار بۆ ناوبانگ دەركردن دەكەم، بەتایبەتی ئێستا. 
 
ئەدەب و کولتوور: دەڵێن هونەرمەندان و داهێنەران نەخۆشن، واتا ناجێگیرن لەباری روحی و دەروونی، تۆ هاوڕای ئەم وتانەی، یان هونەرمەند چاوساغی كۆمەڵە؟ 
 
گرفتار كاكەیی: زۆر جار خودی هونەرمەندەكە دەبێتە چاوساغی كومەڵگە و هەندێ جاریش بەهرەكەی ، زۆر جاریش بووە داهێنەران لە بوارەكەی خویاندا داهێنان دەكەن بەڵام لە هەندێ بواری دیكەی ژیانیاندا زۆر نەشارەزان و تەنیا دەكەون و كۆمەڵگەش تووشی نەخۆشی دەكەن، چونكە مەرج نییە هەموو بەهرەیەك باش بێت و ناحەزانیان سوودی لێوەردەگرن و بەو خاڵە لاوازە دژایەتی دەكەن و هەوڵ دەدەن لەناوی بەرن وەكو چۆن بەسەر گەورە هونەرمەندی جیهانی مایكڵ جاكسۆندا هات.  

ئەدەب و کولتوور: هونەر تۆ تێر دەكات؟ ئەی ئەدەب و مۆسیقا؟ مەبەستم تێربوونی روحییە؟

گرفتار كاكەیی: بەڵێ تێرم دەكات، هەر لقێکی هونەر تامێكی تایبەتی هەیە و لە ئاستی خۆیدا بە شێوەیەكی تایبەت تێرم دەكات، ئیحایەكی رووحیی مەزنیشم پێدەبەخشێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە