رووداو - هەولێر
هونەرمەند ڕێبوار سەعید نوێترین پڕۆژەی هونەری بەناوی "هەزار و یەک وێنە- هەزار و یەک وشە: چەکەکەی سەرت دابنێ بەرلەوەی چەکەکە سەرت دابنێ" تەواو کردووە کە بریتییە لە پیشاندانی هەزار و یەک وێنە سەبارەت بە توندوتیژی و بەرگری لە ئاشتی و پێکەوەژیان.
پڕۆژەکەی ئەو هونەرمەندە بریتی دەبێت لە هەزار و یەک وێنە کە بەنیازە یەکەم هەنگاو لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایشیان بکات و ئامانجیش لێی ئاگادارکردنەوەی مرۆڤەکانە لەو توندوتیژییە زاڵەی لەناویاندا هەیە و برەودان بە کولتووری ئاشتی و لێبووردەیی.
ڕێبوار سەعید لەوبارەوە بە (ئەدەب و کولتووری ڕووداو)ی ڕاگەیاند: کۆنسێپتی پڕۆژەکە لەسەر مەسەلەی توندوتیژییە، لەسەر ئەوەی کە زیهنییەت و بیری ئێمە پڕ بووە لە جبەخانەی شەڕ، زیهنییەتمان پڕ بووە لەو جەنگەی کە ڕێگرە لەبەردەم درووستکردنی کۆمۆنیکەیشن لەگەڵ ئەویتردا بە شێوەیەکی ئاشتییانە، هەمیشە لە ڕێگەی تیڤییەکان، یارییە منداڵانەکان، فیلم و یارییەکانی توندوتیژیی منداڵان بەر جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی دەکەوین کە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ئێمە هەیە بە ئاڕاستەی توندوتیژی".
پرسیارەکەی ئەو لە پڕۆژەکەدا ئەوەیە کاتێک ئەو چەکەی سەرمان دادەگرین دەتوانین ژیان ئارامتر بکەین، دەتوانین لێبووردەیی درووست بکەین، کە لێبووردەییش درووست بوو ژیان توندوتیژیی تێدا کەمتر دەبێت.
گوتیشی: "پڕۆژەکەم هەزار و یەک کاری هونەرییە، سەرەتا بە هێڵکاری کراون، دواتر هێڵکارییەکان سکان کراون و لە ڕێگەی بەرنامەی فۆتۆشۆپەوە کراونەتە نیگەتیف، دواتر گواستوومەتەوە بۆ کاری چاپی دیجیتاڵی، بۆ پەیکەر کە لە ڕێگەی لەیزەرەوە بڕاون لەسەر پلاستیکی شەفاف کە بە ڕووناکی لە ژووری تاریکدا نمایش دەکرێت، بەشێکی کارەکانم ئامادە کراون بۆ چاپی گرافیک و کاری سیرامیک".
ڕێبوار سەعید لەدایکبووی ساڵی 1962ی شارۆچکەی تەوێڵەیە و ساڵی 1997 کۆلێژی هونەری لە لەندەن تەواو کردووە و ساڵی 1999 لە زانکۆی میدڵ سیکس بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.
"لەم پڕۆژەیەدا دەمەوێت هەموو ئەو مەتریاڵانەی هەیە بیخەمە خزمەتی بیرۆکەی پڕۆژەکەوە، کە هەر مەتریاڵێک بۆ خۆی کەسایەتی و گوزارشت و بەرکەوتەی خۆی هەیە، بۆیە دەمەوێت لە زۆرترین مەتریاڵدا هەمان بیرۆکە بگوازمەوە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆنسێپتەکە بکات." ڕێبوار سەعید وای گوت.
پڕۆژەکەی ئەو هونەرمەندە تەواو بووە و بەشێکیشی لە گەلەریی ئاڤێستا لە شاری مانی ئەڵمانیا نمایش کراوە و بڕیاریشە کۆی پڕۆژەکە لە مانگی تشرینی یەکەم یان دووەمی ئەمساڵ لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک پێشکەش بکرێت.
بەر لە کاتی پیشاندانی پڕۆژەکە، هونەرمەند ڕێبوار سەعید پڕۆژەکەی پیشانی چەند پڕۆفیسۆرێکی ئەڵمانی داوە و ئەوانیش بۆچوونی خۆیان لەسەری داوە.
دکتۆر بینۆ لیهمان، لە زانکۆی هایدڵبێرگ سەبارەت بەم پڕۆژەیە دەنووسێت: ڕێبوار سەعید کەڤاڵەکانی لە ئازاری مرۆڤایەتییەوە هەڵدەقوڵێت، پرسی جەنگ و کاولکارییەکان و مەترسیی بەکارهێنانی توندوتیژی دوای جەنگەکان بوونە هەوێنی کارێکی هونەریی سەرسوڕهێنەری ئەو.
پێشتریش ڕێبوار سەعید لەسەر پرسەکانی ئەنفال، هەڵەبجە، هاتنی داعش و چەندان پرسی تر پڕۆژەی هونەریی گەورەی هەبوو.
"کاتێک چەکێک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی مرۆڤ دەکرێت ڕوخسار ترسی لێ دەنیشێت، هێڵەکانی ناسینەوە و پێناسەکردن پێویستە زیندوو بن گەر وا نەبێت لە باری ڕاستی کەم دەکەنەوە. دووبارەکردنەوەی ڕوخسارەکان و کەشفکردنی بێهێزی و لاوازیی سۆزە کە ئەمەش لە ئەنجامی جەنگەوە دێتە بەرهەم. هونەرمەند سەرکەوتوو دەبێت کاتێک تەنها بە چەند هیڵێکی کەم هەستی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بکێشێت، بنەماکان دەستنیشان بکات." د.بینۆ لیهمان وا دەڵێت.
ڕێبوار سەعید سەرۆکی ڕێکخراوی هونەریی ئارت ئین کۆمۆنە لە لەندەن، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی باڵندە بارانە لە فەڕەنسا، ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی کولتووریی میلیونیم ئەوەردە. خاوەنی خەڵاتی باشترین پڕۆژەی هونەریی ماستەرە لە دانیشگای میدل سیکس لە لەندەن لە ساڵی 1999، خاوەنی بڕوانامەی باشترین پڕۆژە سەرکەوتووەکانی میلیۆنیم ئەوەردە لە ساڵی 2003 لە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ