هەڤپەیڤینەكانی مستەفا بارزانی لە دووتوێی كتێكبێدا

16-05-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن مستەفا بارزانی
A+ A-

رووداو -هەولێر

لە تارانی پایتەختی ئێران، رۆژی یەکشەممە 15-5-2016 لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، کتێبێک لەسەر ژیانی مەلا مەستەفا بارزانی بڵاوکرایەوە.

مەراسیمەکە لە فەرمانگەی مەعاریفی باڵای ئێران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەم کتێبە بە ناوی لووتکەی گەردەلوول لە کۆکردنەوە و نووسینی بەهرام وەڵەدبەگییە و لە 900 لاپەڕە پێکدێت، بە مێژوویەکی نووسراو دادەندرێت لەسەر ژیانی مەلا مستەفا بارزانی.

بەپێی گوتەی بەهرام وەڵەدبەگی" کتێبەکە، کتێبێکی مێژوویی ژۆرنالیستیکییە، بەشێوەیەکی نوێ نووسراوە و کارێکی پڕۆفیشناڵەیە، هەموو ئەو هەڤپەیڤینانەی بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دونیا کردوونی و لە رۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، تێیدا کۆکراونەتەوە".

کتێبی " بەر تارەکێ توفان: مولا موستەفا بارزانی"  بە زمانی فارسی نووسراوە و بە هاوکاری ناوەندی سالس بۆ چاپ و بڵاوکراوە چاپکراوە. 

بۆچی ئەم ئەرشیفە کۆکراوەتەوە ؟

بەهرام وەڵەدبەگی، لەبارەی هۆکاری کۆکردنەوەی ئەم ئەرشیڤە دەڵێ " ئێمە میللەتێکین لەڕووی مێژووەوە زۆر دەوڵەمەندین، ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئەرشیڤی لەسەر مێژووی کورد هەیە، بۆیە ویستمان لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەرشیفی کورد لە سەنتەرەکانی ئەرشیفی ئێراندا بهێنینە دەرەوە و بەشێوەیەکی مۆدێرن كاری لەسەر بکەین، ئەمەش یەکەم بەرهەمی ئەو پڕۆژەیە".

هەزاران لاپەڕەی دۆکیومێنت و ئەرشیف لەبارەی  بارزانی و کورد لە سەنتەرەکانی ئەرشیفی ئێراندا هەن. ئەو هەڤپەیڤینانەش کە لەگەڵ مستەفا بارزانی کراون زۆربەیان ئەوانەن رۆژنامەنووسانی ئەمریکی و ئەوروپی لەگەڵ بارزانی ئەنجامیان داون، بەڵام بەپێی گوتەی بەهرام وەڵەدبەگی: لە تەمەنی خۆیدا تەنیا سێ رۆژنامەنووسی ئێرانی هەڤپەیڤینیان لەگەڵ بارزانی ئەنجامداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە