ترسی نووسەرانی گەنج لە "خوێنەری تارمایی"*

16-12-2016
سەنگەر زراری
نیشانەکردن رۆمان غەمگین بۆڵی
A+ A-

رووداو - هەولێر

گەنجان وەك چۆن زۆرینەی كۆمەڵگای ئێمە پێكدێنن، بە هەمان شێوە زۆرینەی خەمەكانی كۆمەڵگاش، خەمی گەنجانە، گوزارشتكردن لەو خەمانە لەڕێی ئەدەب و دەقی ئەدەبییەوە، دەشێ ئاكامێكی باشتری هەبێ لە هەر لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەیەكی دیكەی زانستی و ئەكادیمی، چونكە ئەدەب دەتوانێ ناخی تاكەكانی كۆمەڵگا لەڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە بە جوانترین شێوە و بە وردی بخاتەڕوو.

لە ئەدەبدا دەرفەتی ئەوە هەیە تاكەكان لە ناخی خۆیانەوە گوزارشت لە خۆیان بكەن، نەك ئەوەی لە دەرەوە لێیان بڕوانرێ، ئەدەب قسەكردنی خودە لە ناخی خۆی، بەڵام لێكۆڵینەوە كۆمەڵناسی و دەروونناسییەكان، روانینی تاكن لە دەرەوەڕا.

دەتوانین ڕۆمانی "خوێنەری تارمایی"، وەكو بەشێك لە گوزارشت لەو خەمانە تەماشا بكەین كە گەنجان لەم كۆمەڵگایەدا هەیانە و پەیوەستن بە خود و خود خۆی دەریاندەبڕێت، چونكە ئەم ڕۆمانە هەم لەلایەن گەنجێكەوە نووسراوە و هەم لە ڕێگای گەنجێكیشەوە ڕووداوەكان و ئەو خەمانە دەخاتەڕوو كە گەنجانی ئەم وڵاتە هەیانە.

یەكەم ڕووداوی گرنگ كە لەم ڕۆمانەدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، پرسی ڕێگریكردنە لە منداڵبوون و ئەوەی كە زۆر جار دایك و باوكان هەر لە سەرەتاوە، هەوڵی لەناوبردنی منداڵەكانیان دەدەن بەر لەوەی بێنە دنیا و لەدایك ببن.

كۆمەڵگای ئێمە هەمیشە ئەو نەهامەتییەی هەیە كە ترسی نائارامی و هەژاری و دڵنیانەبوون لە بارودۆخ، دایكان و باوكان وا لێدەكات بیر لە هەموو رێگایەك بكەنەوە بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت. ئەو كەسانەی ڕێگریش لە منداڵبوون دەكەن، زۆرجار بێ ویستی خۆیان منداڵیان دەبێت و ئەمەش گەلێك جار خەمباریان دەكات.

ئەم ڕۆمانە دەسەڵاتی داوەتە كارەكتەرێك كە لە ناوەوەی ڕەحمی دایك قسە بكات و لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەوە بخاتەڕوو كە مرۆڤەكان چۆن لە هەوڵدان بۆئەوەی هەر لە سەرەتاوە دروست نەبێت و كە دروستیش بوو، چەند هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی لەناوی ببەن (لەباری ببەن)، كە دەسەڵاتیان بەسەر ئەوەشدا نەشكا و ئیشەكەیان لە دەست دەرچوو، منداڵەكە وەكو زیادەیەك، یان وەكو ئەنجامی هەڵەیەكی خۆیان تەماشا دەكەن، ئەوەش ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی تەمەنی ئەو منداڵە دەبێت.

دوای گەیشتنی منداڵەكە بە تەمەنی گەنجی، گەنجانی ئەم وڵاتە یەكەم كێشە كە ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەسەڵاتی بابسالاری و ئەو حاڵەتەیە كە لەلایەن خانەوادەكانیانەوە گرنگییان پێ نادرێت، یان ئەو دۆخە دەروونییەیان لەبەرچاو ناگیرێ كە گەنجێكی لەو تەمەنە پێویستی پێیە و ئەو شێوازە زانستی و پەروەردەییە نازانن كە پێویستە مامەڵەی پێ لەگەڵ ئەم گەنجە بكەن.

دڵیار، ئەو گەنجەیە كە لە ترسی زەبروزەنگ و تووڕەییەكانی باوكی ڕادەكات و دەچێتە شاری سێبەرەكان، دەشێ شاری سێبەرەكان گوزارشت بێت لەوەی كە مرۆڤی ئەم وڵاتە، هەمیشە لە تارماییدا دەژین و ناتوانن وەكو كۆمەڵگا پێشكەوتوو و خۆشگوزەرانەكان، ژیانێكی بێ ترس و بێ كێشە ببەنە سەر، یان ئەو پەناگەیە بێت كە هاووڵاتیانی وڵات دەتوانن خۆیانی تێدا حەشار بدەن و لە خەم و ئازارەكانیان ڕابكەن.

بەڵام ئەم مۆتەكەیە هەر دەمێنێت و كەسانی دەسەڵاتداری شاری سێبەرەكانیش، بە هەمان شێوەی باوكی دڵیار ڕەفتار دەكەن و دەجووڵێنەوە و دەسەڵاتی خۆیان بۆ چەوساندنەوە و لەناوبردنی یەكتر بەكار دێنن. بۆ نموونە (خدر پەپوولە) كە سەرنووسەری ڕۆژنامەی (جوانناس)ـە و دەبێ كابرایەكی ڕۆشنبیر بێت، كەچی هیچ شتێكی ئەوتۆ لەبارەی نووسینەوە نازانێ و لە گفتوگۆكاندا دەردەكەوێ كە نووسەرێكی جیهانیی وەكو (فرانتز كافكا) ناناسێ، بەڵام بەهۆی پێگەی لەناو حیزب، بووەتە سەرنووسەر و دەستیشی لە كوشتنی ڕۆژنامەنووسان و تاوانی دیكەدا هەیە.

پێگەی خدر پەپوولە كە هەم وەكو نووسەر و هەم وەكو جەلاد دەردەكەوێ، ئەوەمان پێدەڵێت كە لەم وڵاتەدا زۆر جار هیچ جیاوازییەك لە نێوان بیركردنەوەی ڕۆشنبیرێك و بیركردنەوەی جەلادێكدا نییە، لێرەدا ڕۆشنبیر ئەو كەسە نییە كە وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی ببات، بەڵكو ئەو كەسەیە كە پلان و پیلانی تێكدانی وڵات دادەڕێژێت، هەر ئەمەشە وا دەكات كە ئەم وڵاتە بگاتە ئەم وێرانەیە و دوور بێ لە ئارامی.

یەكێك لە دەرئەنجامەكانی خەمی گەنجانی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە هەمیشە هەست بە كەمی دەكات و دەیەوێ بە ڕێگای دیكە، كەموكوڕییەكانی پڕ بكاتەوە، بۆ نموونە ئەو گەنجانەی دەنووسن و دەیانەوێ ببنە نووسەر، هەندێك جار پێچەوانەی سروشتی خۆیان، دەیانەوێ لە ڕێگای زۆر خواردنەوەی مەی و دروستكردنی كەشوهەوایەكی گۆشەگیری و بە تەنیا ژیان و دانانی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتان، كەموكوڕییەكانیان پڕ بكەنەوە و وا هەست دەكەن بەوە دەبنە نووسەرێكی باش و ناودار و لە ناوەندی ڕۆشنبیری حیسابیان بۆ دەكرێت. لەم ڕۆمانەدا دڵیار نوێنەری ئەم جۆرە گەنجەی كۆمەڵگایە و هەوڵ دەدات بە هەر جۆرێك بێت گوزارشت لە خۆی بكات و كەموكوڕییەكانی پڕ بكاتەوە.

زۆر جار نووسەران نازانن كێن ئەو كەسانەی دەبنە خوێنەری نووسینەكانیان، لەم ڕۆمانەدا، نووسەر لە ڕێگای تارماییەكەوە بەناوی "خوێنەری تارمایی" خوێنەر دێنێتەوە بەردەم نووسەر و گفتوگۆی بابەتەكانی لەگەڵ دەكات، لێرەشەوە دەشێ نووسەر خەیاڵی خوێنەرێك بكات كە هەیەتی و بیر لەوە بكاتەوە كە نووسینەكانی ئەو بۆ چ جۆرە خوێنەرێك دەبن، واتا ڕۆمانەكە لە ڕێگای خوێنەری تارماییەوە، دەیەوێ بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەو پرسیارە بوروژێنێ كە ئایا نووسەر هیچ كاتێك لە خۆی دەپرسێ ئاخۆ چ جۆرە خوێنەرێكی هەیە؟! ئایا خۆی دەخاتە ئەو چوارچێوەی بۆ خوێنەرەكەی بنووسێت، یان هەڕەمەكی دەنووسێت..؟!

***
ڕووداوەكانی ئەم ڕۆمانە لەلایەن یەك كەس و بەشێوەی یەك لەدوای یەكی زەمەنی (كڕۆنۆلۆژی) دەگێڕدرێتەوە، ئەمەش لەلایەك تەكنیكێكی زۆر سادەی گێڕانەوەیە و هیچ هونەركاری و تەكنیكێكی گێڕانەوەی تێدا بەكار نەهاتووە، لەلایەكی دیكەش كەمترین دەرفەت بە كاراكتەرەكان دەدات كە بەشدار بن لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و دروستكردنی كاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان، هەر بۆیە لە ڕۆمانی سەردەمی نوێ و مۆدێرندا، ڕووداوەكانی ڕۆمان، لە زیاد لە ڕوانگەیەك و لە دەمی زیاد لە كاراكتەرێكەوە دەگێڕدرێنەوە. ئەمە كەموكوڕییەكە لەم ڕۆمانەدا هەیە، دەبوو ڕوانگەی گێڕانەوە بەرفراوانتر بێت.

یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی ڕۆمان لە چیرۆك جیا دەكاتەوە، ژمارەی كاراكتەرە، ئەگەر لە ڕۆماندا كاراكتەر كەم بوو، خوێنەر هەست بە جۆرێك لە خاوبوونەوە دەكات و دەیەوێ كاراكتەری جیاواز لە ڕۆماندا ببینێ، لەم ڕۆمانەدا جێگای تێبینییە كە هەم ژمارەی كاراكتەرەكان كەمن و هەم هەندێك كاری كاراكتەرەكان لە یەكەوە نزیكە، بۆ نموونە، باوكەكە و خدر پەپوولە لە ڕووی بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە لە یەك نزیكن، ئافرەتەكان بە هەمان شێوە هەست دەكەیت كۆپی یەكترن و.. ڕەنگە ژمارەی تەواوی كاراكتەرەكانی ناو ڕۆمانەكەش نەگاتە دە كاراكتەر، بەمەش هەم ڕوانگەی كەسەكان بچووك دەبێتەوە و هەم دەرفەتی ئەوە نابێ ڕووداوی زۆر و جیاواز لە ڕۆمانەكەدا جێیان ببێتەوە، كە ڕووداویش كەم بوو، پێویست بە درێژكردنەوە ناكات.

لە لاپەڕەی (42)ی ڕۆمانەكەدا، لەبارەی باوكییەوە دەنووسێت: "ئیتر ئەو شەوە هەستم كرد تەواو سەرخۆشە و زۆریشی خواردووەتەوە، من لە ژوورەكەی خۆم دوای بردنی (مەززە)كان بۆی، خەریكی خوێندنەوەی ڕۆمانی (دادگایی)ی كافكا بووم، لەناكاوڕا باوكم بە ژوور كەوت، چاوەكانی وەك گای خۆرنەدیو زەق و سوور سوور ببوون، هەستم دەكرد چاوەكانی خوێنیان تێزاوە، برۆی كەمێك شۆڕتر، لۆچی نێوچەوانی هەرجارەی دروشمێكی هەڕەشە و تۆقێنەریان دەنواند، بە دەستە زل و شێتانەكانی پرچی لە دواوە گرتم و بەرزی كردمەوە، وەك بووكەڵەیەك بە دەستییەوە بووم...".

یەكێك لە سیفەتەكانی مرۆڤی مەست ئەوەیە كە لەڕووی جەستەییەوە هێز و توانای نامێنێ و توانای زۆر كەم دەبێتەوە، ئەو باوكەش كە بەو جۆرە "تەواو سەرخۆشە و زۆریشی خواردووەتەوە.." چۆن دەتوانێ پرچی كوڕە (21) ساڵییەكەی بگرێ و وەكو بووكەڵەیەك بەرزی بكاتەوە، خۆ باسی حاڵەتێكی خەیاڵی و فەنتازیش نییە، بەڵكو باسی حاڵەتێكی واقیعییە..!!!

لە ڕۆمانەكەدا باسی ئەوە نەكراوە كە باوكی خوێنەر بێت، یان حەزی لە خوێندنەوە بووبێ، بەڵكو ئێمە لەم ڕۆمانەدا باوكێكی توندوتیژ و دەسەڵاتخواز و سەرخۆش و شەهوانی دەناسین، كەچی لە كۆتایی ڕۆمانەكەدا كە خوێنەری تارمایی خۆی بۆ دڵیار ئاشكرا دەكات، ئەوە دەدركێنێ كە لە یەكێك لە شەوەكانی ئێشكگریی باوكی لە كاتی سەربازیدا، باوكەكە بە دەست خۆی خاڵی دەكاتەوە و ئاوەكەی دەكاتە ناو ڕۆمانی (بەدگۆڕان)ی كافكا (كە گوایە پێی بووە) و خوێنەری تارمایی لەوێوە دروست بووە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كە باوكێك هیچ پەیوەندییەكی بە ڕۆشنبیری و خوێندنەوەوە نەبێت، كتێبی بەدگۆڕانی كافكا لە سەربازگەیەكی پڕمەترسی و شەڕ لەلای چ دەكا؟! كەواتە یان دەبوو باوكێكی خوێنەر دروست بكات، یان نەدەبوو ئەركی دروستكردنی خوێنەری تارمایی بكەوێتە ئەستۆی ئەم باوكە..!!!

* خوێنەری تارمایی (ڕۆمان)- غەمگین بۆڵی، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپی یەكەم (2015).


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە