رووداو دیجیتاڵ
سێبەر فارس کچێک رۆمانووسێکی 27 ساڵی دانیشتووی هەولێرە، بە رادیۆی رووداوی گوت، ماوەی نزیکەی سێ ساڵ دەبێت دەستی کردووە بە نووسین و دوو رۆمانی چاپکردووە، ئێستا رۆمانی سێیەمیشی ئامادەیە بۆ چاپکردن.
سێبەر فارس، دەرچووی بەشی زمانی کوردییە و دەڵێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دوو رۆمانی بەناوی "ئازاری چۆلەکەکان" و "سێبەری مەرگ" نووسیووە و هەردوو رۆمانەکەشـی پێشوازییەکی باشی لێکراوە و "ژمارەیەکی کەمیان ماون".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە نووسینی هەردوو رۆمانەکەیدا زیاتر شێوازی گیڕانەوەی پەیڕەو کردووە و چێرۆکەکانی گێڕاونەتەوە و لە راستییەوە وەرگیراون.
رۆمانی "ئازاری چۆلەکەکان" لە دووتوێی 115 لاپەڕەدا چاپکراوە، رۆماننووس لەبارەیەوە دەڵێت، "لەم رۆمانەدا باسی چیرۆکی ئەو منداڵانە دەکەم کە فڕێ دەدرێن و بەبێ کەسی گەورە دەکرێن، چیرۆکی خەمهێنی ئەو منداڵانە دەگێڕمەوە کە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت، دەبنە قوربانی ویست و ئارەزووی مرۆڤەکان و ژیانیان بە کولـلەمەرگی بەڕێ دەکەن".
هەرچی رۆمانی "سێبەری مەرگ"ـە لە دووتوێی 249 لاپەڕەدایە، بەگوتەی نووسەرەکەی، "ئەم رۆمانە باسی چیرۆکی ژیانی کچێک دەکات بەهۆی ئەوەی دایکی سۆز و خۆشەویستی خۆی پێشکێش ناکات، بۆ پڕکردنەوەی ئەو خۆشەویستی و بۆشاییە پەنا دەباتە بەر دەورووبەرەکەی، ئەوەش تووشی مەرگی دەکات".
لەبارەی ئەوەی چۆن دەستیکردووە بە نووسین، سێبەر فارس دەڵیت، "لەئەنجامی تووشبوونم بە دۆخێکی دەروونی گەورە، وای کرد ماوەیەکی زۆر لە ژوورەوە بمێنمەوە و لەو کاتەوە دەستم بە نووسین کرد".
سێبەر فارس، دەشڵیت، ئەو دوو رۆمانەی چاپی کردوون لەسەر گیرفانی خۆی بوونە و لەگەڵ هیچ ناوەندێک رێکنەکەوتووە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی چاپ بکەن، ئێستا رۆمانی سێیەمیشی ئامادەیە بۆ چاپ.
نووسەر هیوای ئەوە دەخوازێت، بەرهەمەکانی بگاتە زۆرترین خوێنەر و سوود لە نووسینەکانی وەربگرن، بەتایبەت خانمان و کچان، ئەو شتانەی ناتوانێت دەری ببڕێت، لەرێگەی نووسینەکانییەوە بیانگێڕێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ