ئەبو زەبی؛ لە بوخچەی دایکە شاربانوودا مەککەیە

17-03-2019
بۆتان لەتیف عەبدولقادر"پـایــان"
نیشانەکردن رۆمان
A+ A-

ڕۆمان؛ وەک ژانرێکی ئەدەبی هەموو جارێ بوخچەی نووسەرەکەیەتی، بە واتایەکی دیکە؛ ڕۆماننووس سەرلەنوێ ژیان وەڕێ دەخاتەوە و کەرەستەکانیشی دووبارە بۆ دەگێڕێتەوە، وەک ئەوەی بەتەما نەبێ کە بمرێت. ئیدی ڕۆمان؛ جیهانێکی ئاڵۆزە و تەونی جاڵجاڵۆکەیە.
 ئەوەی دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم؛ ڕۆمانی "لە مەککە"ی قادر عەبدوڵڵایە کە شەفیقی حاجی خدر لە هۆڵەندییەوە کردوویەتی بە کوردی، پێم خۆش بوو منیش لێرەوە؛ تەوافێک بەدەوری مەککەیدا بکەم.

ئەم ڕۆمانە؛ گێڕانەوەی بەسەرهات و یادگارییەکی ڕۆماننووس خۆیەتی، هەروەک  کەسی سەرەکیش ڕۆڵی وەرگرتووە و، هەر خۆیشی هەموو کەسایەتییەکانی دیکە پێشکەش دەکات، هەموو ئەو شتانەش لەپێناو دایکی دەکات، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە، یاداشتکردنی دیدارە گەشتی نێوان دایکە شاربانووە لەگەڵ قادر عەبدوڵڵا کە وەک گرێی سەرەکی ڕۆمانەکەیە، ڕۆماننووس نازانێت چۆن جارێکی دیکە بەدیداری دایکی شاد بێتەوە، چونکە گەڕانەوەی بۆ ئێران ڕێگەپێدراو نییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە، هەتا دواتر ئەو بیرۆکەیەی بۆدێت کە بچێتە ئەبوزەبی، هەڵبژاردنی ئەم جێگایەشی بە ڕاوێژ و گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ خێزانی، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەم: دایکی پیر و کەنەفت بووە و توانای بڕێنی ڕێگای دووری نییە هەتا بچێتە ئەمستردام، دووەم: دایکی زۆر ئارەزووی ئەوەی کردووە ڕۆژێ بێت بچێتە مەککە و زیارەتی کەعبەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر"د.خ" بکات، ئەمەی چەندین جار لەگەڵ کوڕەکەی باسکردووە، ئیدی ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کوڕەکەی، کە بێتە ئەبوزەبی و دایکی ببینێت و پاشان گەشتێکی مزگەوتە گەورە و بەناوبانگەکەی شێخ زایدیشی پێ بکات، وا ڕێک دەکەوێت؛ هاوکات لەگەڵ دیداری نێوان خۆی و دایکی لە ئەبوزەبی؛ ساڵیادی کۆچی دوایی شێخ زایدیش دەبێت، بەمەش خەڵکێکی زۆری گەشتیار و شوێنکەوتووی شێخ دەچنە مزگەوت، لەهەمان کاتدا ڕۆژی هەینیشە. قادر عەبدوڵڵاش ئەمە بە دەرفەت دەزانێت لەگەڵ دایکی و خێزانی و خوشکەکەی (مەحبوبە)؛ دەچنە سەردانی مزگەوتی شێخ زاید، ئاپۆرای خەڵک بەجلی سپی و، ئەو خەیاڵەی پێشتری دایکی کە لە هوتێل لە پەنجەرەوە دەیڕوانیە بیابان و وێنای هاتنە مەککەی لەلا دروست کردبوو؛ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆیە داوا لە خێزانی و خوشکی دەکات بەپێی هەستی دایکیان بجووڵێنەوە و بێزاری نەکەن؛ بەوەی پێی بڵێن ئێرە ئەبوزەبیە و مەککە نییە. چونکە دایکیان تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە و خڵەفان هاتبوو، دواجار جلی چوونە ژوورەوەی مزگەوتی شێخ زاید دەبێتە ئیحڕامی حەج بۆ دایکی و، مەزاری شێخیش وێستگەی تەوافی دایکە شاربانوو، ئیدی لە خەیاڵ و بوخچەی دایکە شاربانوودا؛ ئەبوزەبی مەککەیە. هەتا ئێرە؛ ژماردنی گوێز بوو لە بوخچەی دایکە شاربانوو، واتا ئەمە لایەنە دیارەکەی واتای ڕۆمانەکەیە، بەگوزارشتێکی دیکە؛ ئەمە تەوافی یەکەم بوو لە مەککە!.

هەرچی تەوافی دووەمە؛ هی قادر عەبدوڵڵایە؛ ئەویش بەدەوری ئەو مێژووە  درێژەی نێوان فارس وعەرەب، لەوەی کە؛ لە ماوەی 1400 ساڵی ڕابردوودا و بەهۆی مێژوویەکی ساختە و هەستی ئایینی و لووتبەرزی و باڵادەستی فارسەکانی سەردەمی دێرین؛هەستێکی  وایان لەلا دروست بووە کە مەککە بە ماڵی خوا بزانن، نەک بە هی سعودییەکان!.. وەک ئەوەی کوچک گەرمتر بی لە ئاگردانێ!.. لەلایەکی دیکە؛ ئەم ڕۆمانە پاشخانی بیر و باوەڕی نووسەریش نیشان دەدات کە بڕوای بەم پرسە لەنگە، یاخود نییە، پێیوایە ئەوان فڕوماڵیان بەسەر مەککە و بیرو باوەڕەکەیەوە نییە. 

بەڵکو بەو هۆیەوە؛ عەرەبەکان توانیویانە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت؛ میللەتی فارس بگەوجێنن، هەروەک ئەوەی لەیەک کاتدا؛ ئەم ڕۆمانە بەریەککەوتن و ململانێ وهەوڵی سەردەستەبوونی نێوان دوو شارستانیەتیش نمایش دەکات، ئەویش شارستانیەتی فارس و شارستانیەتی عەرەبن، ململانێی نێوان فارس وعەرەب؛ زۆر درێژە و هەتا ئێستاش بەردەوامە!. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەبوزەبیش جۆرە مەککەیەکە!. واتا کەشوهەوای مزگەوتەکەی شێخ زاید وەکو کەشوهەوای مزگەوتی مەککەیە!.. چ لە ڕووی پەیکەری مزگەوتەکە کە زۆر گەورەیە و بەگرانترین کاشی ومەڕمەڕ ڕازاوەتەوە و ئاوزێڕە، چ لەڕووی ئەو سرووتە واتایی و ئایینیانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن. هەروەها ئەوەش پیشاندەدات کە شێخ زاید کەسێکی چەند باش بووە بۆ وڵاتی خۆی و، ئەو بیابانە وشک و گەرم و برینگەی چۆن کردووەتە شارێکی شاهانەیی و جوان و سەرنجڕاکێش و گەشتیاری و چ پێشکەوتنێکی بەخۆوە بینیوە. هەروەک بەریەککەوتنی هەردوو ڕێبازی سوننە و شیعەش پیشان دەدات. دەکرێت بڵێین ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا ڕەشنووسی دەستووری ململانێی نێوان دین و دونیا و هەروەها هی سوننە و شیعە، عەرەب و فارسن.

بەگشتی ڕۆمانی لە مەککە؛ ڕۆمانێکی خۆش و بەتام وچێژە، وەلێ زیاتر لە یاداشتی گەشتیارێک "گەشتنامەیەک" دەچێت، بە زمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە. گرێی گێڕانەوەی زۆر بەهێز نییە، هەتا وەکو ڕۆمان بیناسێنی. هەرچی زمانی وەرگێڕانە؛ بەگشتی زمانێکی جوان و ڕێکە، من لەگەڵ کوردیەکەمە، چونکە ڕۆمانەکەم بە زمانی دایکی نەخوێندووەتەوە، بۆیە وەکو بەراورد ئەم قسەیە ناکەم، ئەگەر تێبینیش لەسەر هەندێ ڕستە و دەستەواژە هەبن؛ بەڵام بەگشتی بە زمانێکی کوردیی جوان نووسراوە، ئەمەش بۆ لێهاتوویی و شارەزایی وەرگێڕ دەگەڕێتەوە، کە وەک وەرگێڕێك خزمەتی باشی بە پەرتووکخانەی کوردی کردووە. بە ڕستەی کۆتایی ڕۆمانەکە؛ قسەکانم لەسەر ڕۆمانەکە تەواو دەکەم: (ئیدی هەموو شتێك گەیشتە کۆتاییەکەی خۆی، مەودای دەریاش کە لە نێوان من و نیشتیمان بوو؛ کۆتایی هات). 

دیارە لەدوورەوە بە نیشتیمان شاد بووەتەوە و لەم بەر دەریاوە بۆ ئەوبەر دەریا "خاکی وڵات" تێر تێر تەماشای وڵاتی کردووە، دواتریش بە مەلەوانی لەنێو دەریاکەدا؛ گەیشتووەتە خاکی نیشتیمان و دزە ماچی نەتەوەیی، بۆ دواجاریش هەر هەندەرانە نیشتیمانی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە