چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر "هەورەکانی دانیال"ی بەختیار عەلیدا

17-11-2018
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

سۆران محەممەدی
 
خوێندنەوەیەکی ماناتەوەر

وەکوو زۆربەی ڕۆمانەکانی دیکەی بەختیار عەلی، لە "هەورەکانی دانیال"یشدا شەڕ، دەوری سەرەکی دەبینێت، شاری "دێلاوار" دوای چەندین ساڵ ڕزگاری لە بندەستی "مەمەد حەسار"ییەکان، دیسانەوە خۆی لە شەڕێکی دڕندەدا دەبینێتەوە، ئاوری شەڕ بەهۆی پەلاماری ناوەختی جەنگاوەرەکانی "مەمەد حەسار"ەوە دیسانەوە هەڵدەگیرسێتەوە، "مەمەد حەسار" ئەو شارەی لە داوێنی بەرزاییەکانی "یا ئیمام"ەوە درووست کراوە، بە دروشمی بەرزکردنەوەی ئیمان و ئاڵای پاکی سەرزەمینی خوداناسان، لە سوپایێکەوە کە کاریان "هیدایەت"دان بوو، بووبوون بە سوپایەک کە ئیشیان سووتاندن و سەرپەڕاندن بوو، ئەو سەربازانەی بە پەڕۆیێکی ڕەش نێوچاوانیان بەستووە و وتەکانی "ئیمام سوبحان" هێز و گوڕی پێبەخشیون، هەر کەس لە دێلاوارییەکانیان دەستبکەوێ، دەمودەست سەری دەپەڕێنن، ئەمانە و ناوی هەندێ ناوچەی دەوروبەری دێلاوار، وەکوو "کەربول" لە باشوورەوە، بارودۆخی ئەم ڕۆژانەی کوردستان و پەلاماری "داعش" وەبیر دێنێتەوە!

سەرەتای کێشەکانی دێلاوار لەدوای بڵاوبوونەوەی خەونێکەوە ڕوویدا، خەونێک کە تێیدا پیاوێکی ئەسمەری دەموچاو باریکی قژکورت، سەری خەوبینەکە دەبڕێ و خەوبینەکە سەری خۆی دەبینێت کە جودا لە جەستەی لە تەنیشتیدا دانراوە، ئەم خەونە وەک درمێک تەواوی شاری گرتەوە و پەرێشانی کردن، هەرکەس شێوەی پیاوی ناو خەونەکانی بدایە، سەری بە بڕین دەچوو... شار خەریک بوو لە کۆنترۆڵ دەردەچوو، بۆیە تاکە پزیشکی دەروونیی شار، دکتۆر سیامەند زەریاواری، بە ئیزن و یارمەتی فەرماندار و سەرۆکی شارەوانی بڕیار دەدەن یەکێک لە زیندانە کۆنەکان کە لە مێژە چۆڵ کراوە، بکرێتە نەخۆشخانەی دەروونی. ئەوەی سەرنجڕاکێشە نۆژەنکردنەوەی زیندانەکە نییە وەک کەڵک لێوەرگرتنی بۆ نەخۆشخانە، بەڵکوو بارودۆخی ناو ئەم نەخۆشخانەیەیە کە وەک زیندانێک بەرچاو دەکەوێ.

یەکێ لە بەشە گرینگ و قەرەباڵغەکانی نەخۆشخانەکە، بەشی "پەروەردە و تەمێکردن"ە کە بە سەرپەرشتی "تەمێکاری گەورە" بەڕێوەدەچێت، "وەستا سەلاحەدین" پیاوێکی زلە کە پێشتر وەستای دروستکردنی خانووبەرە بووە و ژێردەستەکانی بە "فەعلە" بانگ دەکات، ئەو نەخۆشانەی زۆر دەنگ و هەرایان لێوەدێ یان چارەسەر ناکرێن، لێرە تەمبێ دەکرێن و بە شەل و پەتی و زامدارییەوە دیدەنە دەست "مەستەر گرینۆک" تا بەسەریاندا بگری و بە ناوی هەموو بەرپرسانی زیندانەوە داوای لێبوردنیان لێبکات. ئەم ڕووداوانەی ناو نەخۆشخانە، کتێبی (چاودێری و سزادان، لەدایکبوونی زیندان) ی میشێل فۆکۆم بیردەخاتەوە و ڕۆڵی خوێندنەوەیێکی "فۆکۆ"ییانە زەق دەکاتەوە.

لەم کتێبەدا فۆکۆ دەڵێ، سێ بنەمای زیندان ئەمانەن: 

1-جوداکردنەوەی تاوانبار لە کۆمەڵگا و هاودەستەکانی.
2- کارپێکردنی رۆژانە، کە دەبێتە هۆی خووگرتنیان بە ئیش و کارەوە
3- زیندان ئامرازی تەکووزکردنی سزایە، واتە کاریگەریی زیندانە کە سزادان، سەخت و دژوارتر، سووک و کورتتر یان وەستاندنی دەستنیشان دەکات. هەڵبەت ئەمانە بە دەست چاودێرانی زیندانەوە دەڕەخسێت نەوەک دادوەرەکان.

لە هەورەکانی دانیاڵیشدا، نەخۆشە دەروونییەکان وەک تاوانبارێک خراونەتە زیندانەوە، دەیانبەن بۆ بێگاری، لەسەر سنوور حەشارگەیان پێ ساز دەکەن، تەنانەت لە کاتی جەنگدا شەڕیان پێ دەکەن و ئەوانەی گوێڕایەڵ نەبن لە بەشی پەروەردە و تەمێکردن بە سەختی سزا دەدرێن. تەواوی ئەمانەش بە دەستی چاودێرانی نەخۆشخانە دەکرێن، بەم چەشنە سێ بنەماکەی مەبەستی فۆکۆ دێنەدی. لە سەرەتای دامەزراندنی نەخۆشخانەکەدا دکتۆر سیامەند دەڵێ: "نیازم نییە ئێرە بکەمە تەمەڵخانە... ئەوانەی دێنە ئێرە دەبێت ببنە مرۆڤی سوودبەخش، یان بۆ جەهەنەم، ڕەنگە نەخۆشەکان بخەمە کار... باوەڕ دەکەم ئیشی سەخت دەتوانێت مرۆڤ لە دەروونی خۆی دووربخاتەوە".

تەمێکردن یەکێ لە تەکنیکەکانی چاودێرییە، خۆماندووکردنی فۆکۆ بەم واتایانە پیشان دەدا کە لە ئەپیستمەی زەمەنی تازەدا، مرۆڤ واتایەکی دەستکردە، لە واقیعدا مرۆڤ، سووژەی دەسەڵاتە و هەر لەو حاڵەشدا خۆی بە تەوەری تاوتوێکردنی زانست دادەنێت. بە وتەی فۆکۆ تەنیا قۆناغێکە کە مرۆڤ هەم بە ناوی سووژە و هەم بە ناوی ئۆبژەوە دێتە گۆڕێ، ئەم سووژە سووژەیێکی بێ بناغەیە، لەبەر ئەوەی لە ئەساسدا دەسەڵات بنیات و بناغەی نییە، لەڕاستیدا دەسەڵات موڵکی کەس نییە و بێخاوەنە، بە واتایێکی دیکە تاک دەسەڵاتی نییە، بەڵکوو ئەوە دەسەڵاتە تاک دەخاتە جەغزی خۆیەوە و داڵدەی دەدات، هەر چەمکێکی ناو هەر ئەپیستمەیەک لەگەڵ دەسەڵاتدا ڕەنگدەداتەوە، واتە هەموو خەڵکانێک دەتوانن بەڕێوەبەری دەسەڵات بن، لەبەر ئەوەی دەسەڵات ڕۆحی ئەپیستمەیە و بە دامەزراوەکان گەورەیی دەبەخشێت.

دوای چەمکی دەسەڵات، فۆکۆ باسی چاودێری دەکات. بە ڕای فۆکۆ تەکنیکەکانی دەسەڵات بە چەشنێ داڕێژراوە – هەڵبەت بێ ئەوەی هەست بکرێ – چاودێری دەخوڵقێنن. لەڕاستیدا زیندان بەس یەخسیرکردنی جەستە نییە، بەڵکوو بە گەڵاڵەی جۆراوجۆر دەتوانێ مرۆڤ بخاتە زیندانەوە. ئەو مرۆڤە ئەگەر لە کۆمەڵگاشدا بژی، چاودێرییەکی فۆکۆیی لەسەرە کە بە واتای "هەموو شوێن ڕوانینە". 

لە هەورەکانی دانیاڵیشدا جەماوەری خەڵک وەک بەشێکی دەسەڵات، خۆیان چاودێریی خۆیان دەکەن، زۆربەی خەڵک بوونەتە سوپای باخەوانەکانی دێلاوار، هیچ شتێک بە هۆی چاودێرییەوە ناشاردرێتەوە، هەر گومانێکی بچووک لە هەر کەسێک، دەتوانێ بیخاتە ڕیزی دوژمنەوە و ڕادەستی دەکەن، تەنانەت زۆر جاریش بەبێ گومان و هەر بۆ ئەوەی جەنگاوەری و ورەبەرزیی خۆیان بسەلمێنن، سەری خەڵکی بێتاوان دەپەڕێنن. شار پڕە لە درووشم و وێنەی شەهیدانی شەڕ، چاودێرییەکی بەم چەشنە، چاودێریی ناوینە کە بە ژمارەی کەمتری چاودێران و هێزی زیاتری چاودێرییەوەیە، بەم چەشنە تەواوی شار بووەتە زیندانێکی گەورە، کە لە هەر چینێکی خەڵکی ئابلۆقە داوە (میکرۆفیزیای دەسەڵات).

رۆمان وەکوو فۆرم

دابەشکردنی ڕووداوەکانی ڕۆمان بۆ چەندین بەش، بووەتە هۆی کێشکردنی خوێنەر تا کۆتایی. لە بەشێکدا پڕۆفیسۆر بەهنام خەریکی گێڕانەوەی مێژووی دێلاوار و هاتنی دانیال و خەونی هەورەکانە، لە بەشیکی دیکەدا بگێڕەوە دەبێتە ئاڵ موراد و چۆنیەتی دامەزراندنی "سوپای باخەوانەکانی دێلاوار" و کاریگەریی ئەم سوپایە لە ئاڵوگۆڕکێی دۆخی دێلاوار و بەشی سێهەم کە بگێڕەوەی سەرەکی، ڕێنوار زەریاواری (مەستەر گرینۆک)ە و تا کۆتایی لەگەڵماندایە، ئەم سێ بەشە تا هێرشکردنی "مەمەد حەسار"یەکان درێژەی هەیە و نووسەر توانیویەتی زۆر لێهاتووانە لە بەشی 44 دا بیانگەیێنێتە یەک و ئەمجار بگێڕەوەی سەرەکی ڕەوتی داستان دەگرێتە دەست، هەڵبەت نە وەک بگێڕەوەی هەمووشتزان، بەڵکوو نوێنەری نووسەرە کە خۆی نادا بەدەستەوە و هەر سێبەری دیارە و بەجێی خودی بەختیار عەلی هاتووەتە نڤیسان، دیارە لە هەورەکانی دانیاڵیشدا دیسان زمانی ئاخافتنی هەموو کەسایەتییەکان یەکدەستن، هەموو سەرکردە و دکتۆر و پرۆفیسۆر و جەنگاوەر و خەڵکی ئاسایی و تەنانەت نەخۆشەکانیش بە زمانێکی فەلسەفی دەدوێن.

کات پچڕپچڕە و نووسەر گەمەی لەگەڵ دەکات و بە هێڵێکی ئاسۆییدا بەرەوپێش ناڕوات، زۆر جار یەکێک لە بگێڕەوەکان بە هێنانی کاتێکی ستوونی، هێڵی ئاسۆیی دەبڕێت. تێکەڵکردنی کات لە بەشەکانی رۆمان و زۆر جار بەرەودوا کەوتنی، زۆر لەگەڵ پێکهاتەی ئاڵۆزی "دێلاوار"دا دەگونجێت، "دێلاوار" شارێکە کە بە دەوری زیندانەکاندا درووستبووە و خۆی رۆڵی "شوێنکات" دەبینێت، شوێنێکە بوون و نەبوونی نادیارە.

دیالۆگ زۆر دەگمەنە و ئەوەی هەیە بووەتە یاریدەدەری نووسەر بۆ دەرخستنی هەست و سۆزی کەسایەتییەکان، واتە لە پێش یان بە دوای دیالۆگی کەسایەتییەکاندا چۆنیەتی دەرئەنجامی قسەکان لەسەریان پیشان دەدا، بەم چەشنە هەستی کەسایەتییەکان دێتە پێناسە کردن، نووسەر وەک کارێکی تازە توانیویەتی لە زاراوە و بنزاراوەی شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کەڵک وەربگرێ، وەک نموونە لە شوێنێکدا دەڵێ: جەستە، لە شوێنێکی دیکە: لەش و لە شوێنێکی دی: بەیەن و... هتد، بەمجۆرە ویستوویەتی تەوژمی دەوڵەمەندی زمانی کوردی پیشان بدات، هەرچەند زمانی فەلسەفیی بەختیار عەلی هەلی ڕەخساندنی هیچ چەشنە دەربڕینێکی دیکە نادات، بەڵام لە چەند شوێندا زمانی تەوس دزەی کردووە و بۆ چرکەیێکیش بێت خوێنەر لە کەشی ساردی ناو هەورەکان دێنێتە دەرەوە.

لەم ڕۆمانەدا بەختیار عەلی توانیویەتی بە دیاردەی "دانیال" و "هەورەکانی"، فەلسەفەی مێژوو و دووپاتبوونەوەی ڕووداوەکان و هۆکاری جەنگەکان و کایەی دەسەڵاتداران لە خەونێکەوە، بەوەهمیبوونی دوژمنێک لەسەر عەقڵی جەماوەر بە جوانی پیشان بدات – دەکرێ ئەم رۆمانە بە خوێندنەوەی چەپی هەژمۆنیک و نیشانەناسیش بخوێندرێتەوە _  کە ئەوە دەبێتە خوێندنەوەیەکی دی و... تا بزانین...

سەرچاوەکان:

•هەورەکانی دانیال: بەختیار عەلی، چاپی ناوەندی ئەندێشە
•مراقبت و تنبیه، تولد زندان: میشل فوکو، ترجمە: سرخوش. جهاندیدە، نشر نی 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە