كتێبێك لەبارەی كەمینەكانی كوردستان بڵاودەکرێتەوە

20-11-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن كەمینەكان دڵشاد حامید دەروێش
A+ A-

رووداو - هەولێر

دڵشاد حامید دەروێش، نووسەر و پسپۆڕ لە یاسای مافی مرۆڤ و كەمینەكان، كتێبێك بەناوی "كەمینەكان (ناسنامە، یاسا، هەرێمی كوردستان)" بڵاودەكاتەوە كە لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە: لێكۆڵینەوەی یاسایی و شوناسكاری.

دڵشاد حامید دەروێش بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، كتێبی كەمینەكان 120 پەڕ دەبێت و پڕۆژەی هاوبەشی ماڵی سوهرەوەردی و ناوەندی غەزەلنووسە و لەسەر ئەركی ئەوان چاپ دەكرێ.
 
دەروێش دەڵێت "هەرێمی كوردستان چەندین كەمینەی ئاینی و نەتەوەیی لەئامێز گرتووە. زۆرینەیان خاوەن ریشەیەكی مێژوویی قووڵن لەم بۆتە جوگرافییەدا، هەشە لەمێژ نییە بە هۆكارگەلی جودا پەیدابووە و ئێستا بەشێكی دانەبڕاوە لە پانۆرامای كۆمەڵایەتی و ئاینی و كولتووریی هەرێمی كوردستان، بەڵام كەمترین تێكستیان لەسەر نووسراوە، بە شێوەیەك، لە كێڵگەیەكی مەعریفیی وەك یاسادا، هیچ دەقێكی كوردیمان لە بەردەستدا نییە كە دوور یان نزیك شەنوكەوێكی یاسایی پرسی كەمینەكان بكات و گرفت و ئاریشە یاساییەكانیان دەستنیشان بكات".

دڵشاد حامید دەروێش، ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە. ماستەری لە بواری یاسای مافی مرۆڤ- مافی كەمینەكان – كەمینە ئایینیەكان هەیە. خاوەنی چەندین وتار و لێكۆڵینەوەیە لە بوارەكانی یاسا و فیكر و فەلسەفە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە