رێبوار سیوەیلی كتێبی دووەمی لەبارەی (نالی)یەوە چاپ دەكات

31-07-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن رێبوار سیوەیلی نالی
A+ A-

رووداو - هەولێر

شاعیر و نووسەر رێبوار سیوەیلی كتێبی دووەمی نالی چاپ و بڵاودەكاتەوە.

سیوەیلی لەوبارەوە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی گوت: لە رابردوودا كتێبێكم بە ناوی نالی چاپ و بڵاوكردەوە، ئێستا كتێبی دووەمیشی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ چاپ". بەڵام ئامادە نەبوو ناوی كتێبەكە ئاشكرا بكات و گوتی :"لە كتێبەكەدا شرۆڤەی شیعرەكانی نالی دەكەم".

سیوەیلی جگە لە كتێبەكەی نالی، دوو كتێبی دیكەشی ئامادەی چاپن، وەك خۆی دەڵێت "كتێبێكیان لێكۆڵینەوەیە لە بارەی قەسیدەیەكی عەبدوڵڵا گۆران كە لە نێو زینداندا نووسیویەتی. لەوە دەكۆڵمەوە كە گۆران بۆچی لەنێو زینداندا نایەوێ لەگەڵ مرۆڤ قسە بكات و پشتی تێكردووە، بۆچی لەگەڵ مانگ و ئەستێرە و دەلاقەی ژوورەكەیدا قسە دەكات؟". 

كتێبەكەی دیكەش باسی فەلسەفەی ژینگەپارێزی و مامەڵەی كوردە لەگەڵ ژینگە. سیوەیلی دەڵێت: باسی مامەڵەی كورد لەگەڵ ژینگە دەكەم، لەوە دەكۆڵمەوە كە بارزانییەكان ئەو ژینگەپارێزییەیان لە چی و كوێوە بۆ هاتووە، لە بەشێكی دیكەشدا باس لە مامەڵەی حكومەتی بەعسی عێراق دەكەم لەگەڵ ژینگە".

رێبوار حەمەئەمین ئاغا، ناسراو بە رێبوار سیوەیلی، بەشی فەلسەفەی لە زانكۆی گۆسكیلە لە دانیمارك تەواو كردووە و ساڵی 2000 گەڕاوەتەوە كوردستان و ئێستا مامۆستایە لە كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین.

سیوەیلی تاوەكو ئێستا 48 كتێبی لە بوارەكانی فەلسەفی، رەخنەیی و ئەدەبی بڵاوكردوونەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە