سەروەر سالار و چۆمان مەحموود
رووداو - سلێمانی
هەرچەندە زانستی پزیشكی لە گەشەكردنێكی خێرادایە و منداڵانیش لە یەكەمین سوودمەندانی ئەم پێشكەوتنەن، بەڵام بیروباوەڕی نەریتیی نازانستی هەندێكجار دەبێتە كێشە بۆ منداڵانی كوردستان و وادەكات وەك منداڵانی دونیای پێشكەوتوو لە زانستی پزیشكیی مۆدێرن بەهرەمەند نەبن.
هەر لەگەڵ لەدایكبووندا، منداڵ لەگەڵ كۆمەڵێك نەریتدا رووبەڕوو دەبێتەوە كە ئەگەرچی دایك و كەسە نزیكەكانی وەكو دڵسۆزی بۆ منداڵ دەیبینن، بەڵام لەڕاستیدا زیانبەخشن بۆ باری تەندروستیی كۆرپە. باوەشی دایك ئارامترین جێگایە بۆ منداڵ، بەڵام ئەویش پێویستی بە زانایی دایك هەیە.
دكتۆرە شلێر فەقێ فەتاح، پزیشكی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون دەڵێت "دەبێ دایك فێر بكرێ بە سۆزەوە منداڵەكەی لە باوەش بگرێ و ئەو هەستە ئارامەی بۆ فەراهەم بكات. بە تایبەت ئەو دایكانەی بۆ یەكەمجارە منداڵیان دەبێت، یان ئەوانەی باری دەروونییان جێگیر نییە، هەروەها ئەوانەش كە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدراوە و ناتوانن وەك پێویست منداڵ لە باوەش بگرن".
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان دەڵێت لەبری پێدانی شەكراو و هەنگوین، دەبێت لە زووترین كاتدا كۆرپە بخرێتە ئامێزی دایكی.
دكتۆر كۆیان زاهیر، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لەبواری پزیشكیی منداڵان بە (رووداو)ی گوت "نابێت هەنگوین بدرێتە ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە ساڵێك كەمترە، چونكە هەندێكجار جۆرە میكرۆبێكی تێدایە كە بۆ تەندروستی منداڵ مەترسیدارە". لە بارەی پێدانی شەكراو، بە منداڵانی تازەبووش گوتی "خەستیی ئەو شەكراوە بۆ كۆئەندامی هەرسی ئەو كۆرپانە گونجاو نییە، بۆیە زۆركات تووشی بەدهەرسییان دەكات".
ئەو پزیشكە پسپۆڕە گوتیشی لە شەش مانگی یەكەمی تەمەندا منداڵ دەبێ تەنیا شیر بخوات "شیری دایك باشترینە و ركابەری نییە. ئەو ركابەرییەی لەنێوان جۆرەكانی شیری قوتودا هەیە، بۆ ئەوەیە زۆرترین لێكچوونیان هەبێت لەگەڵ شیری دایك، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرێكیان هێندەی شیری دایك بەسوود نییە".
سەبارەت بەو ژنانەش كە بە بیانووی نەبوون یان كەمیی شیر لە مەمكیاندا، شیری قوتو دەدەنە منداڵەكانیان، دكتۆر كۆیان ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "زۆر لەو دایكانەی وا هەستدەكەن شیریان نییە، هەڵە لە تەكنیكی شیرپێدانەكەیاندا هەیە و ئەگەر فێر بكرێن دەتوانن منداڵەكانیان بە شیری خۆیان تێر بكەن".
هەندێك لە دایكان و باوكان، ئەوەندە پەرۆشی منداڵەكانیانن، بۆ سادەترین گۆڕانكاری لە ژیانی منداڵەكە پەنا بۆ پزیشك دەبەن، بە تایبەتی لەسەرەتای تەمەنی منداڵەكە. بەڵام ئەو پزشكە دەڵێت مەرج نییە بۆ هەر حاڵەتێكی سادە منداڵ بخرێتە بەر چارەسەری پزیشكی.
دكتۆ كۆیان پێیوایە "ئاساییە منداڵ لە هەفتەی دووەم هەتا مانگی سێیەمی تەمەنی تووشی با كردنی سك (غازات) و قەبزی ببێت و پێویست ناكات دەرمانی بدرێتێ".
لە هەندێك ناوچەی كوردستاندا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی تەندروستی سادەی وەكو ئازاری سك، كردەیەكی ترسناك و ناتەندروست بۆ كۆرپە ئەنجام دەدرێت كە بە "رنین" ناودەبرێت و بەشێكی زۆر لە پێستی منداڵەكە بریندار دەكرێت كە گوایە خوێنی پیسی تێدایە.
د.كۆیان لەوبارەیەوە دەڵێت "حاڵەتم بینیوە كە بەهۆی رنینەوە تووشی هەوكردن بووە و منداڵەكە مردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ