بازرگانیكردن بە گورچیلە لە هەرێمی كوردستان پەرەدەستێنێ

11-09-2013
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەرنامەی (بلاك بۆكس) لە تەلەڤزیۆنی (رووداو)، لە دووەمین حەلقەی خۆیدا كە رۆژی 6/9/2013 پەخش بوو، ئەوە دەردەخات كە باندەكانی بازرگانیكردن بە گورچیلە لە هەرێمی كوردستان لە تەشەنەكردندان، ئەندامانی ئەو باندانەش دكتۆر و كارمەندانی نەخۆشخانەكانن كە هەماهەنگییان لەگەڵ دەڵاڵەكانی پەیداكردنی (نێچیر) هەیە و سوود لەو كەلێنە وەردەگرن كە نەبوونی لێپێچینەوەی جددی و رۆتینی نێو نەخۆشخانەكان دروستی كردووە.

یەكێك لەوانەی گورچیلەی خۆی بۆ پارە فرۆشتووە، دەڵێ “لەبەرئەوەی لە بەغدا باری ئەمنی ناجێگیرە، ناوێرن لەوێ مامەڵەكانیان بكەن، بۆیە دەستیان لەگەڵ چەندین كەس تێكەڵ كردووە لە هەرێمی كوردستان و ئەو دیاردەیە پەرەی سەندووە، كارەكە بە ئاشكرا ناكرێ، بەڵام ئەگەر بتەوێ زۆر بە ئاسانی گۆرچیلەت دەستدەكەوێ، بە تایبەت لەو نەخۆشخانانەی كە نەشتەرگەری گورچیلەیان تێدا دەكرێت”.

دكتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئەو لێژنە پزیشكییەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی كە بۆ كۆنترۆڵكردنی دیاردەی بازرگانیكردن بە گورچیلە پێكهاتووە، دەڵێ “ئەو كەسانەی كە گورچیلە دەبەخشن لە هەموو شارەكانی عێراق هەن، لە بەغدا، موسڵ، كەركووك و لە كوردستانیش، بەڵام زۆربەیان عەرەبن”.

كاری ئەو لیژنەیە ئەوەیە كە لە راستی و دروستیی پرۆسەی بەخشینی گورچیلە بكۆڵێتەوە و دڵنیابێتەوە لەوەی بازرگانییەك لەو ئاڵوگۆڕەدا نییە، بەڵام بەدواداچوونی (رووداو) ئەوەی دەرخست كە كاری لیژنەكە تەنیا رۆتینە و ئەندامانی ئەو لیژنەیە چاو لە راستیەكان دەپۆشن.

یەكێك لەوانەی گورچیلەی بۆ نەخۆشێكی نزیكی خۆی كڕیوە دەڵێ “من و كەسێكی عەرەب دەچینە بەردەم لیژنەكە، لەوێ پرسیاری لێدەكەن كە ئایا گورچیلەی خۆی فرۆشتووە، ئەویش دەڵێت نەخێر دەیبەخشم، بەڵام شتەكە روون و ئاشكرایە كە ئەو كەسە عەرەبە و خزمی من نییە تاوەكو گورچیلەم پێ ببەخشێ”. 

هۆگر چەتۆ، پارێزەر و بەرپرسی رێكخراوی پاو لە كوردستان، نمونەی كچ و كوڕێك دێنێتەوە كە هەردووكیان بێ دایك و باوكن و خەڵكی بەغدان، بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بكەن، كوڕەكە گورچیلەیەكی خۆی فرۆشتووە بە 8 ملیۆن دینار، دوای زەواج رێككەوتوون كە كچەكەش گورچیلەیەكی خۆی بفرۆشێ بۆئەوەی بە پارەكەی بگەنە ئەوروپا، ئەوان سەرەتا لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە ویستوویانە بچنە توركیا، بەڵام لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراون، چونكە پاسپۆرتەكەیان ساختە بووە، دوای لێكۆڵینەوەش دەركەوت ئەوەی پاسپۆرتەكەی بۆ دەرهێناون فێڵی لێكردوون”.

هۆگر چەتۆ كە بەدواداچوونی بۆ چەندین كەیسی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە كردووە، دەڵێت “رێككەوتنەكان لە دەرەوەی بازنەی یاسا دەكرێن، كڕیار و فرۆشیار و دكتۆریش لەسەر پرۆسەكە رێككەوتوون، ئەوان گوێ بە پرەنسیپە یاساییەكان نادەن، بۆیە هەموویان دەكەونە ژێر بەرپرسیارێتییەوە”.

دكتۆر رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان دەڵێ “هەر كەسێك سكاڵای هەبێت، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ دروست دەكەین بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی، بەداواچوونی بۆ دەكەین، هەر كەسێكیش بە دۆكیۆمێنت بیسەلمێنێ و بڵێ ئەو كەسە پارەی لە كەسێكی دیكە وەرگرتووە، لەبەرامبەر ئەندامەكانی لەشی، ئەوا دەیدەینە دادگا”.

ئەو قسانە لەكاتێكدایە كە بەردەمی هەندێك لە نەخۆشخانە و نۆرینگە پزیشكییەكانی شاری هەولێر پڕن لەو دەڵاڵ و فرۆشیارانەی هەماهەنگییان لەگەڵ چەند پزیشكێك كردووە بۆ پەیداكردنی ئەوانەی پێویستیان بە كڕینی گورچیلە هەیە. بەرنامەكە ئەوە دەردەخات كە پەیداكردنی دەڵاڵەكانی ئەو بازرگانییە كارێكی زۆر زەحمەت نییە.

تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە رێگەگرتن لە بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ نییە، بەڵام ماوەیەكە پڕۆژە یاسایەك نێردراوەتە پەرلەمان و تاوەكو ئێستا هیچ قسەیەكی لەسەر نەكراوە.

بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ئەو كەسانەی كە گورچیلە دەكڕن و دەفرۆشن و ئەو دكتۆرانەی كە كارەكەش ئەنجام دەدەن، سزا دەدرێن بە سێ ساڵ تاوەكو 6 ساڵ زیندانی یان بە غەرامەكردن، ئەو كەسانەی كە تاوانباریش دەكرێن بە بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ، ئەوە سزاكەیان 15 ساڵ زیندانییە.

هۆگر چەتۆ، باس لە یاسای سزادانی عێراقی دەكات و دەڵێ “ئەو یاسایە باس لە مەرجەكانی پێدانی بەشێك لە لەشی مرۆڤ بۆ كەسێك دەكات كە سنووردار كراوە، دەكرێ بەشێك یان ئەندامێكی لەشی مرۆڤ بدرێتە كەسێكی نزیكی خۆی، یان كەسێك كە ژیانی لە مردن رزگار بكات”.

هەروەها دەڵێ “یاسایەكی تایبەت بە قەدەخەكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، كە بە روونی باس لەوە دەكات، بەهیچ شێوەیەك كڕین و فرۆشتن لەسەر ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ نییە، هەر كەسێك كڕین و فرۆشتن بە ئەندامەكانی مرۆڤ بكات سزادەدرێت”.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، عێراق لە پلەی سێیەم دێت لە بازرگانیكردن بە گورچیلە لە دوای بۆلیڤیا و بەرازیل، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كارێك بكات، بۆ رێگەگرتن لەزیاتر تەشەنەكردنی ئەو بازرگانییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە