بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە زۆربەی وڵاتەکان کۆتاییان هات

02-09-2015
سه‌فین ته‌ها @safintaha
رووداو
رووداو
نیشانەکردن گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە زۆربەی وڵاتەکان کۆتاییان هات، گرنگترین دەنگۆی گواستنەوە تا رادەیەکی زۆر یەکلایی بووەوە، کە گواستنەوەی داڤید دی خیای گۆڵپارێزی ئیسپانی بوو بۆ یانەی ریال مەدرید.
بەڵام ئەوەی مایەی شۆک بوو بۆ مێدیا و هەوادارە وەرزشییەکان، سەرنەگرتنی ئەو گواستنەوەیە بوو بە هۆکارێکی زۆر سەیر ، ئەویش درەنگ ناردن و نەگەیشتنی بەڵگەنامەی گرێبەستەکە بوو لە کاتی یاساییدا، ئەمەش رەنگە چارەنووسی گۆڵپارێزێک بەرەو رۆژگارێکی تەمومژاوی ببات.




لە کۆتاییدا گواستنەوەی دایڤد دیخیای گۆڵپارێزی ئیسپانی بۆ یانەی ریال مەدرید، سەرینەگرت و کۆتایی بەهەموو ئەو چوون نەچوونانە هێنا کە لە رۆژنامەکان ماوەی زیاتر لە دوومانگە بابەتی سەرەکی بوو.

لە هەموو سەیرتر، هۆکاری سەرنەگرتنی گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە تەمەن ٢٤ ساڵانە بۆ مەدرید زۆر پێکەنیناویی و گوماناوییە، چونکە باسەکە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە، خۆ ئەگەر یانەی مانچێستەر یونایتد پێنچ یان دە خولەک زووتر بەڵگەی گریبەستکردنی ریال مەدرید و دیخیای بۆ یانە ئیسپانییە بناردایە و ئەوانیش رەوانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیان دەکرد و دوور نەبوو ئەمڕۆ لە سانتیاگۆدا ئاهەنگی پێشکەشکرندی دیخیامان ببینیایە.

ئەم بابەتە خویندنەوەی زۆر هەڵدەگرێ، لە سەرووی هەمووشیانەوە مەسەلەی کاتە، خۆ دەکرا پێش مانگێک یان هەفتەیەک یانیش هەر هیچ نەبووەیا پێش کاژێرێک لە داخستنی دەرگای گواستنەوەکان ریال مەدرید و مانیونایتد هەمووشتێکیان کۆتاییپێبهێنایە.

رۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرترین قسەیان لەسەر ئەم بابەتە کرد، هەندێک دەڵێن مانچێستەر یونایتد تاوانباری سەرکییە، هەندێکی دیکەش پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی مەدرید رادەکێشن کە بابەتەکەیان بە پشطگوێخراوی وەرگرت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی ماڵوێران و ئاوارە بوو، داڤید دیخیایە، چونکە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڤانخال لەو پەڕی خراپیدایە و ئەمساڵیش دەبێ لە تا کۆتایی وەرز رایبکێشت، ئینجا گرێبەستەکەی لەگەڵ یونایتددا کۆتایی دێت و بەخۆڕایی دێتە مەدرید، بەڵام پاش چی، ئەی ئەگەر بەدرێژایی ئەمساڵ لەسەر کورسی یەدەک بوو، ئاستیشی بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزی، خۆ ریال مەدیرد وەفای بۆ کاسیاس نەبوو کێ دەڵێ گرێبەستی لەگەڵدا واژوو دەکات، کەواتە دیخیا لە کەو و کۆتریش بوو.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە