فەرمی.. مووچەی مێسی لە ئینتەرمەیامی ئاشکرا دەکرێت

02-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ئینتەرمەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خۆرخی ماس، خاوەنی یانەی ئینتەرمەیانی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار مووچەی لیۆنێل مێسی، یاریزانی نوێی یانەکە ئاشکرا دەکات.
 
خۆرخی ماس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلبایێسی ئیسپانی دەڵێت "مێسی ساڵانە لەنێوان 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکە وەردەگرێت."
 
خاوەنی یانە ئەمریکییەکە زیاتر لەبارەی ئەو گرێبەستەیان قسەیکردن کە بڕیارە لەگەڵ لیۆنێل مێسی واژۆی بکەن و گوتی "دوای وازهێنانی لە یارییکردن مێسی خاوەنداریەتیی بەشێکی پشکەکانی یانەکە دەکات، جگە لەوەش سوودمەند دەبێت لە داهاتەکانی دیکە وەک قازانجی ئەپڵ تیڤی کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، هەروەها لە فرۆشتنی درێس و کەلوپەلە وەرزشییەکانیش سوودمەند دەبێت."
 
ملیاردێرە کۆبییەکەی خاوەنی ئینتەرمەیامی بە رۆژنامەکەی گوت "لە ساڵی 2019ـەوە پلانی گواستنەوەی لیۆنێل مێسییان داناوە، بەڵام لە ماوەی ساڵێک و نیوی رابردوودا گفتوگۆکان لەنێوان بارسێلۆنا، رۆساریۆ، مەیامی و دەوحەدا خێراتر بوون."
 
ماس زیاتر قسەیکردووە دەڵێت "یارییکردنی مێسی لە مەیامی بۆ یاریزانەکە زۆر گونجاو دەبێت، بەهۆی ئەوەی کە نزیک دەبێت لە کەش و هەوای زێدی خۆی، بازاڕێکی دارایی کراوە هەیە و هیچ بوارێک بۆ دانی باج لەلایەن حکومەتەوە نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خۆرخی ماس دووپاتیدەکاتەوە کە مێسی دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە خولی ئەمریکادا بکات و ببێتە هۆکاری ئەوەی کە خولەکە ببێتە، دووەم یان سێیەم باشترین خولی جیهان، هاتنی ئەو بۆ ئێرە لە دوو رووداوی زۆر گەورەی ئەمریکا دەچێت، هاوشێوەی هاتنی پێلی بۆ نیویۆرک کۆسمۆس و دەیڤد بێکهام بۆ لۆس ئانجلێس گالاکسی.
 
خاوەنی یانە ئەمریکییەکە پێشبینی دەکات لە ماوەی سێ ساڵدا ژمارەی ئەندامەکانی یانەکەی 5 بۆ 10 جار هێندەی ئێستا ببێت، دوای پەیوەندیکردنی لیۆنێل مێسی بە یانەکەوە.
 
خۆرخی لەبارەی گرێبەستەکانی داهاتووی یانەکەی قسەیکرد و گوتی "لەگەڵ دوو بۆ سێ یاریزانی دیکەش لە گفتوگۆداین، قسەمان لەگەڵ خۆردی ئەلبا کردووە، لویس سوارێز پابەندە بە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هەیە، نازانین دەتوانین گرێبەستی لەگەڵ بکەین یان نا، قسەمان لەگەڵ دیماریاش کردووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت بچێتە یانەیەکی دیکە، بەشێوەیەکی گشتی بەر لە 15ـی مانگ گرێبەستەکانمان بەفەرمی رادەگەیێنین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە