مادورۆ و تۆپی پێ.. هاوڕێی مارادۆنا بوو و بۆ رۆیشتنی مێسی گریا

دوێنێ کاژێر 04:33
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن نیکۆلاس مادورۆ دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەماوەی 12 ساڵ سەرۆکایەتیکردنی ڤەنزوێلادا، نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە، کە ئێستا لە ئەمریکا زیندانە، پەیوەندیی قووڵی خۆی لەگەڵ تۆپی پێ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا دووپاتکردەوە.
 
ئەو ئاشکرایکردبوو پەیوەستییەکی قووڵی بەهەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە هەیە، رایگەیاندبوو هاندەری بارسێلۆنایە و بۆ رۆیشتنی مێسی گریاوە و هاوڕێی نزیکی مارادۆناش بووە.
 
مادورۆ، کە شەممەی رابردوو لەلایەن هێزی دێلتای ئەمریکاوە لە وڵاتەکەی خۆیدا گیرا و برایە ئەمریکا و ئەمڕۆ برایە بەردەم دادگا لە نیویۆرک، لە رۆژانی رابردوودا بووە سەنتەری هەواڵەکانی جیهان. رووداوەکە دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.
 
مادورۆ پێشتر بەر لە چەند ساڵێک ئاشکرایکردبوو، هاندەری بارسیلۆنای ئیسپانییە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە هەوادارێکی دەڵێت، "من گرێبەستی نوێی بارسام و دەچم مەشقیان لەگەڵ دەکەم".
 
ئەوکات گوتی، "دەچمە بارسێلۆنا، منیان بانگکردووە و دەچم مەشق دەکەم". کاتێک لێی دەپرسن دەبیتە هێرشبەر؟ دەڵێ، بەڵێ دەبم.
 
لە بۆنەیەکی دیکەدا مادورۆ بێئومێدی و تووڕەیی خۆی لە کارگێڕیی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتیی خوان لاپۆرتا دەربڕی، بەهۆی رێگەدان بەڕۆیشتنی مێسی بۆ پاریس سانجێرمان.
 
مادورۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە ساڵی 2021 دەڵێ، "ئەوەی بەرامبەر مێسی کردیان قێزەون بوو، لەگەڵ ئەودا منیش گریام. ئەو یەکێکە لە مەزنترین یاریزانانی تۆپی پێی جیهان".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ناتوانی باسی ئەوە بکەیت بەرپرسانی یانەکە چییان بەرامبەر مەزنترین یاریزانی مێژووی یانەکە کرد. مێسی دەیویست کاروانەکەی لە بارسا کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام ئەوان پاڵیاننا بۆ ئەوەی بڕوات".
 
مادورۆ پێشتر هەروەها باسی لە پەیوەندیی قووڵی خۆی و دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتین کردبوو کە چەند جارێک سەردانی ڤەنزوێلای کردبوو.
 
ساڵی 2017 مارادۆنای براوەی مۆندیالی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، گوتی من سەرباز و پشتگیریکاری مادورۆم بۆ رووبەڕووبوونەوەی "ئیمپریالیزم". دواتر مادورۆ و مارادۆنا لە بۆنەیەکی تۆپی پێدا بەیەکەوە دەرکەوتن.
 
ساڵی 2020 ماودرۆ داوای لە مارادۆنا کرد، مەشقدانی هەڵبژاردەی ڤەنزوێلا وەربگرێت، بەڵام ئەو رەتیکردەوە چونکە پێشتر لەگەڵ یانەی خیمناسیای ئەرجەنتینی رێککەوتبوو.
 
دوای گیانلەدەستدانی مارادۆنا، مادورۆ رایگەیاند، دیێگۆی ئەفسانەی وەفاداربوو بەرامبەر هاوڕێیەتی و "شۆڕش" و هاوکاریی ڤەنزوێلای کرد بۆ هێنانی خۆراک بۆ نێو وڵاتەکە، لە کاتێکدا ئابڵووقەی لەسەر بوو.
 
مادورۆ پێیوایە، مارادۆنا بەسرووشتی و بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لە نێو جێگەکەی خۆیدا، تیرۆر کراوە.
 
مادورۆ ئێستا لە ئەمریکا رووبەڕووی تۆمەتی جیاوازی تاوانکارانە کراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە