بڕۆنۆ فێرناندێز: لەبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەمەوێت نازناوی مۆندیال ببەینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن هەڵبژاردەی پۆرتوگال مۆندیالی 2026 کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕۆنۆ فێرناندێزی کاپتنی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیز، پێزانینی زۆری بۆ بەخشین و کارە گەورەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەربڕی، هیوای خواست نازناوی مۆندیالی 2026 لەبەرخاتری ئەو ببەنەوە.
 
بڕۆنۆ لە 2017ەوە یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە و ماوەیەکی بەرچاوە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی یارییدەکات و لەپاڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە. ئەو دوو ئەستێرەیە ماوەی وەرزێک و نیو لە یانەی مانچێستەر یونایتد پێکەوە بوون.
 
بڕۆنۆ لە نوێترین لێدواندا لەبارەی ئاواتی پۆرتوگال لە مۆندیالی داهاتوو دەڵێ، "بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووداوێکی ناوازە دەبێت".
 
زیاتر گوتوویەتی، "لەناخەوە هیوادارم ئەوە بەدەست بهێنین. نەک تەنیا لەبەر پۆرتوگال، بەڵکو وەک رێزلێنان بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هەموو ئەوەی پێشکەشی تۆپی پێ و جیهانی کردووە، پێموایە ئەوە کۆتاییەکی بێوێنەی وەرزەکەمان دەبێت".
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە کۆمەڵەی یانزەی مۆندیالی داهاتوو یارییدەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کۆنگۆی دیموکرات، ئۆزباکستان و کۆڵۆمبیا دەبێتەوە.
 
پۆرتوگالی ناسراو بە بەرازیلی ئەورووپا، پێشبینیکراوە بەهەڵبژاردەیەکی بە‌هێز و رکابەرەوە لە مۆندیالدا دەربکەوێت، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری ئەستێرە و یاریزانی لێهاتوو لە ریزەکانی هەڵبژاردەکە.
 
پۆرتوگال بۆ نۆیەمجار بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات و شەشە مۆندیالیشە کریستیانۆ رۆناڵدۆ تێیدا دەردەکەوێت.
 
دیارترین ئەنجامی پۆرتوگال لە مۆندیالدا، بەدەستهێنانی پلەی سیێەمی مۆندیالی 1966ی ئینگلتەرایە کە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە