کێ دەبێتە شوێنگرەوەی ئامۆریم لە مانچێستەر یونایتد؟

دوێنێ کاژێر 01:06
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز سۆڵشایەر رۆبن ئامۆریم مانچێستەر یونایتید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوورخستنەوەی رۆبن ئامۆریم، یانەی مانچێستەر یونایتد ئەم هەفتەیە دەستپێکردنی پڕۆسەی دۆزینەوەی راهێنەرێکی نوێی راگەیاند.
 
ئامۆریم دوای زنجیرەیەک ئەنجامی بێئومێدکەر لە پرێمەرلیگ دوورخرایەوە، لە کاتێکدا یانەکە نەیتوانی لەم وەرزەدا بگاتە ئاستی چاوەڕوانییەکان، یونایتد رایگەیاند کە بڕیارەکە دوای پێداچوونەوە بە ئاستی ئەم دواییانە و ئاڕاستەی گشتیی تیپەکە دراوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن کێشەی ئامۆریم و کارگێڕیی یانەکە، هێندەی پەیوەندی بە ناکۆکی و دەستتێوەردان لەکاری ئەو راهێنەرە هەبووە، ئەوەندە پەیوەندی بەئەنجامەکانەوە نەبووە.
 
دارن فلێچەر، یاریزانی پێشووی یانەکە، وەک راهێنەری کاتیی تیپی یەکەم دەستنیشانکرا. فلێچەر کە لە ساڵانی رابردوودا لەنێو ستافی راهێنەرایەتی یانەکەدا کاری کردووە، بۆ ماوەیەکی کورت سەرکردایەتی تیپەکە دەکات. سەرچاوە نزیکەکان لە یانەکە دەڵێن ئەگەری هەیە تاوەکو کۆتایی وەرز وەک راهێنەری کاتی بمێنێتەوە، ئەمەش کاتی پێویست دەداتە یونایتد بۆ ئەوەی بە وریاییەوە جێگرەوەیەکی هەمیشەیی هەڵبژێرێت.
 
مانچێستەر یونایتد پێشتر دەستی کردووە بە هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکان، ئۆلیڤەر گلاسنەری راهێنەری ئێستای کریستاڵ پاڵاس، یەکێکە لەو ناوانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئەو راهێنەرە نەمساییە بەهۆی رێکخستنی تەکتیکی و ئەزموونی لە بەڕێوەبردنی یارییەکان لەژێر گوشار لە بەرزترین ئاستەکاندا وەک بەربژێرێک سەیر دەکرێت.
 
ئینزۆ مارێسکای راهێنەری پێشووی چێڵسیش ناوی بەستراوەتەوە بەم ئەرکە، ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە بە شێوازی یاریی رێکخراو و دیدگا مۆدێرنەکەی ناسراوە، سەرەڕای ئەنجامە ناجێگیرەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ چێڵسی، هێشتا وەک یەکێک لە بژاردەکانی یونایتد ماوەتەوە.
 
ناوی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا لە لیستی بەربژێرەکاندا هاتووە. چاڤی کە ئێستا بێ یانەیە، خاوەنی ئەزموونی راهێنەرایەتیکردنی یانەیەکی گەورەیە کە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ دەکرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی لەئارادا نییە.
 
هەروەها دەنگۆ هەن کە ئۆلی گونار سۆلشایەر ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ مانچێستەر یونایتد ئەگەر داوای لێ بکرێت. سۆلشایەر، کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2021 راهێنەری یانەکە بووە، تاوەکو ئێستاش لای بەشی زۆری هاندەرانی یانەکە، وەک کەسێکی خۆشەویست ماوەتەوە، بەپێی نوێترین هەواڵەکان مانچێستەر یونایتد بەڕاستی بیر لەو بژاردەیە دەکاتەوە و وەک بەربژێرێکی سەرەکی سەیر دەکرێت لەم کاتەدا.
 
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ لەم قۆناخەدا وەک بژاردەیەکی دوور دەبینرێت، سەرەڕای پێشبینییەکانی میدیا، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، ئێستا سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەکات، بەو پێیەی بڕیارە مۆندیالی 2026 لەم هاوینەدا دەستپێبکات، ئەمەش وادەکات جێهێشتنی ئەرکی هەڵبژاردەکە کارێکی سەخت بێت.
 
بۆ ئێستا، مانچێستەر یونایتد تەواوی سەرنجی لەسەر جێگیرکردنی ئاستی تیپەکەیە لەژێر سەرپەرشتی دارن فلێچەری راهێنەری کاتی. لە هەمان کاتدا ئۆلی گونار سۆلشایەری راهێنەری پێشوو لە ریزی پێشەوەی ئەو بژاردە سەرەکییانەدایە کە یانەکە کاریان لەسەر دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە