ئامەدسپۆر؛ هەڵبژاردەی نیشتمانیی کورد و ناسنامەی وەرزشیی باکوور

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆپی پێ لە باکووری کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژ لەدوای رۆژیش لە پێشکەوتنێکی زیاتردایە، ئەوەی لەم وەرزەدا لە خولە جیاوازەکانی تورکیادا دەبینین، دەرخەری ئەم قسەیەی منن.
 
لە خولی پلەیەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر و وان سپۆر دوو یانەی باکووری کوردستانن و رکابەری دەکەن. لە خولی پلە دووی تورکیا یانەی باتمان پەترۆلسپۆر تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە و بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە 26 ساڵ ببێتە پاڵەوان و بگاتە خولی پلەیەک. لە خولی پلەسێی تورکیا، یانەی بینگۆل پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوان، ئەو یانەیەش وەرزی داهاتوو لە خولی پلەدوو یاریی دەکات.
 
لەگەڵ ئەم یانانەدا یانەی موش سپۆریش هەیە، لە خولی پلەدووی تورکیا یاریی دەکات و لە پلەی چوارەمی ریزبەندە، ئەو یانەیەش رکابەری دەکات بۆ ئەوەی بگاتە خولی پلەیەکی تورکیا.
 
ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا سەرنجی ئێوەی بۆ رابکێشم، ئەوەیە کە ئێستا لە باکووری کوردستان، هەمووان بە هاندەر و وەرزشڤانانەوە، بە یانەکانی باکووری کوردستانیشەوە وەکو برا گەورە سەیری ئامەدسپۆر دەکەن و هەمووان پێیانوایە ئامەدسپۆر نوێنەرێکی راستەقینەی وەرزش و تۆپی پێی کوردستانە لە خولەکانی تورکیادا.
 
ئەمەی بۆ ئامەدسپۆر لە باکووری کوردستان دەکرێت، لە خۆوە دروست نەبووە، لە ماوەی 53 ساڵی دامەزرانیدا بە کات و بارودۆخێکی جیاواز و زەحمەتدا تێپەڕیوە، یانەکە لە 1972 وەک تیپێکی میللی دەرکەوت، دوای ئەوە لە 1994 گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و ئیدی وەک یانەیەکی فەرمی دەرکەوت و لە خولی پلەسێ یاریی دەکرد.
 
ئامەدسپۆر لە 2024 گەیشتە لووتکەی ئاستی خۆی و خۆی گەیاندە خولی پلەیەک، کاتێک نازناوی کۆمەڵەی سووری لە خولی پلەدوو بردەوە، ئەوە بووە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە و دروستکردنی پێگەیەکی گەورەتری یانەکە.
 
ئامەدسپۆر ئێستا تەنیا وەک یانەیەکی وەرزشی دەرناکەوێت، بەڵکو خەریکە دەبێتە ناسنامەیەک بۆ کورد لە تۆپی پێی ئەورووپادا، بەو پێیەی یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ لە پێشکەوتنی زیاتردایە و هاندەری زیاتری لێ کۆدەبێتەوە.
 
کەسک و سوور، ئێستا لە خولی پلەیەکە، بەڵام رکابەری یانە گەورەکانی وەک گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە، بێشکتاش و ترابزۆن سپۆر دەکات و پێنجەم نێودارترین یانەیە لەڕووی هاندەرانەوە و رۆژ لە دوای رۆژیشەوە ژمارەی هاندەرانی زیاتر دەبن.
 
ئەو ئاڵنگارییانەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی دەبنەوە، سزادان و رێگریکردن لە هاندەرانی یانەکە کاتێک دەچنە یاریگەیەکی دەرەوەی ئامەدسپۆر، کۆبوونەوەی هاندەران لەبەردەم شوێنی مانەوەی یاریزانانی ئامەدسپۆر و بێزارکردنیان، بەکارهێنانی رەگەزپەرستی لە دژی یانەکە، نەک ئامەدسپۆری لە رکابەریکردن سارد نەکردووەتەوە، بەڵکو یانەکەی خۆشەویستتر کردووە و نێوبانگیشی زیاتر کردووە.
 
ئێستا ئامەدسپۆر لەسەر ئاستی هەموو جیهان نێوبانگی خۆی هەیە، ئەوەتا هاندەران کاتێک قسە بۆ رووداو دەکەن، هەریەکە و لە شارێکی باکووری کوردستانەوە چووەتە ئامەد، هەیە لە کەنەدا، لە ئەڵمانیا، لە نەرویج و وڵاتەکانی دیکەوە بۆ یارییەکانی ئامەدسپۆر دەچنە باکووری کوردستان.
 
لە پاڵ ئەمەشدا خواستی زۆری هاندەران بۆ کڕین و بەدەستهێنانی درێسەکانی یانەی ئامەدسپۆر لە ماوەی رابردوودا و زیادبوونی خواست لەسەر درێسەکانی بۆ چوار هێندە، ئەو یانەیەی بردە قۆناخێکی دیکە و ئەرکی یانەکەی زەحمەتتر کردووە، بەوپێیەی ئەوان ئێستا لەوە تێدەگەن تەنیا نوێنەرایەتیی ئامەد ناکەن و ئەوان تەنیا تیپی یەک شار نین.
 
ئێمە وەک کورد یاریزانی نێوداری وەک دێنیز ئونداڤ، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم و چەندین ئەستێرەی دیکەمان هەیە کە لە خولە جیاوازەکانی ئەورووپا و ناوخۆ یاریی دەکەن، یانەی نێوداری زۆرمان هەن و دەستکەوتی زۆریان بردووەتەوە، بەڵام بێ هەڵبژاردەیەن، پێشتر دالکورد لە سوێد هەوڵیدەدا ببێتە ناسنامەی تۆپی پێی کوردستان و چەند ساڵێک قۆناخی زۆری لە رکابەریکردندا بڕی، بەڵام زوو بەرەو دواوە گەڕایەوە. ئێستا ئامەدسپۆر بە رەنگە کەسک و سوورەکانی، بە پاڵپشتییەکی کوردستانیانە خەریکە دەبێتە ئەو ناوەی هەمووان وەکو هەڵبژاردەی نیشتمانی سەیری بکەن.
 
لە ماوەی رابردوودا لە نزیکەوە سەرۆکی ئامەدسپۆر و کارگێڕیی یانەکەم بینی، ئەوان خەونی گەورەیان هەیە و نایانەوێت تەنیا بە گەیشتن بە سوپەرلیگ بوەستن، ئەوان لەم وەرزەدا تەنیا بەدەستهێنانی بلیتی سوپەرلیگیان نەکردووەتەوە ئامانج و چاویان لەوەیە ببنە پاڵەوان و بە یەک بەرد دوو چولەکە بکوژن، هەم نازناوەکە ببەنەوە، هەمیش بگەنە سوپەرلیگ، دوای ئەوەش وردە وردە کار بۆ ئەوە بکەن بگەنە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی کە ئەگەر ئەوە رووبدات ئیدی دەبێتە مێژووییەکی درەوشاوە و لەبیرنەکراو.
 
ئەگەر ئامەدسپۆر وەرزی داهاتوو لە خولی سوپەرلیگی تورکیا یاریی بکات، یانەکە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەچێتە پێشەوە، تیپەکەی باکووری کوردستان لە خولێکدا دەبینرێت، دەیان ئەستێرەی نێوداری وەک ڤیکتۆر ئۆسیمێن، ماورۆ ئیکاردی، ئیلکای گوندۆگان، لێرۆی سانێ، کانتێ، ئێدرسۆن و چەندین ئەستێرەی دیکە تێیدا یاریی دەکەن.
 
بە یارییکردن لە سوپەرلیگ، ئیدی لە باکووری کوردستان یاریگەی ئامەدسپۆر دەبێتە شوێنە دڵخوازەکەی هەمووان و هەر هەفتەی یانەکە میوانداریی یانەیەکی گەورەی تۆپی پێی تورکیا دەکات، هەر جارە و کەسک و سوور رووبەڕووی چەند ئەستێرەیەکی بەهێز دەبێتەوە.
 
بەو هەنگاوە چەند لەرووی ئاست و کوالێتییەوە ئامەدسپۆر بچێتە پێشەوە هێندەش خزمەت بە دۆخی ئابووریی یانەکە دەکات، بەڵام ئەوانیش پێویستییان بە پاڵپشتییەکی زیاتری هەمەلایەنە دەبێت، بەتایبەتیش لەڕووی داراییەوە کە لە ماوەی رابردوودا کاتێک لەگەڵ سەرۆکی یانەکە کۆبووینەوە هەستمان بەوەکرد کە دۆخی دارایی یانەکە هێندە باش نییە، بەڵام ئەوە ئەنجامە باشەکانی یانەکەن کێشەکانی شاردووەتەوە.
 
ئێستا ئامەدسپۆر تەنیا 5 یاریی ماوە، دوو خاڵ لە یەکەمی ریزبەندەوە دوورە و چوار خاڵ لە پێش خاوەنی پلەی سێیەمە، لە وەرزی داهاتوودا دوو یانە دەگەنە سوپەرلیگ و خاوەنی پلەی سێیەم یاریی پلەی ئۆف دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو بلیتە، هەلی ئەم وەرزەی ئامەدسپۆر هەلێکە رەنگە چەندین ساڵی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە