لێدوانی ئەنچێلۆتی دوای گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

09-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنیان بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی بایرن میونشنیش قسەی هەیە.
 
ئەنچێلۆتی دوای ئەو ریمۆنتادایە مێژووییەی بەرامبەر یانەی بایرن میونشن تۆماریانکرد و گەیشتنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "جارێکی دیکە ئەنجامماندا، ئەمە زۆرجار روویدا و شتەکە هیچ شرۆڤەکردنێکی نییە، هاندەران پاڵپشتیانکرد و یاریگە یارمەتیدەر بوو کەشێکی نایاب."
 
کارلۆ زیاتر گوتی "یاریزانەکان ناتوانن واز لە باوەڕەکەیان بهێنن بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ئەمە شتێکی ئەفسوناوییە، زۆر شرۆڤە هەڵنگارێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێمە یارییەکی باشمان ئەنجامدا، لە راستیدا یارییەکی زەحمەت بوو، بەڵام هەلمان دروستکرد و بەشێوەیەکی زۆرباش کۆنتڕۆڵی یاریگەمان کرد، زۆر سوپاسی هاندەران دەکەم، پێش هەموو شتێکیش سوپاس بۆ یاریزانەکان بۆ ئەو وەرزە نایابەی پێشکێشیانکرد کە کەس چاوەڕێی نەبوو، تەنانەت خۆشم چاوەڕێی ئەوەم لەم تیپە نەدەکرد ئەوە بکەن کە تاوەکو ئێستا کردوویانە، گەیشتن بە یاریی کۆتایی سەرکەوتنە، ئەوەی روودەدات (بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند) روودەدات."
 
لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی بایرن میونشن لەبارەی ئەو گۆڵەی ماتیاس دیلێخت کە لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتکرایەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵاکەی بەرزکردەوە، ناوبژیوان فیکەی لێدا و یارییەکە وەستا، ناوبژیوانەکە یاریی کۆتایی مۆندیالی بەڕێوەبردووە، ناوبژیوانێکی زۆر ئاستبەرزە، ئەگەر ئەوان گلەیی لە رەتکردنەوەی گۆڵەکەیان دەکەن، ئێمەش دەتوانین بۆ رەتکردنەوەی گۆڵەکەی ناچۆ بیکەین کە بەهۆی کەوتنی کیمیچ رەتکرایەوە، پاڵدانێک بۆ بەڵام ئەوان پاڵیان بەقسەکانیانەوە دەنا."
 
ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، دواکەوتنی بەرامبەر بایرن میونشن بۆ بردنەوەیەکی دراماتیکی و سەرنجڕاکێش گۆڕی و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی پێشتر 4 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، ئەمە جاری شەشەمە لە مێژووی راهێنەرایەتیکردنیدا دەگاتە یاریی کۆتایی و لەبەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی یانەکانی ئەوروپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە