کاتی ماڵئاواییکردنی ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان ئاشکرابوو

09-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کرانە دەرەوەی یانەی پاریس سانجێرمان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ئەو یانەیە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لە رۆیشتن لە یانەکە و سەرچاوەیەکیش وادەی ماڵئاواییکردنەکەی ئاشکرا دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە لە خولی یانەکانی فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی تۆڵۆز دەکات، کە تەنیا دوو گەڕ ماون رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە کۆتاییبێن، هەرچەند پاریس سانجێرمان سێ یاریی لە خولەکەدا ماوە.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەممە لە یاریگەی پارک دێ پرێنس، کیلیان ئێمباپێ ماڵئاوایی لە یانەی پاریس سانجێرمان و هاندەرانی بکات."
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، ئاڵتراسی هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان پلانیان داناوە، رۆژی یەکشەممە لە یاریگەدا فیکە لە دژی کیلیان ئێمباپێ لێبدەن، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر چوونی یاریزانەکە لەو یانەیە.
 
ئێمباپێ ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەستراوەتەوە، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن" یانەی ریال مەدرید ئامادەکارییەکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی بەجوانترین و سەرنجڕاکێشترین شێوە پێشوازی لە یاریزانەکە بکات."
 
کیلیان ئێمباپێ پێشتر رایگەیاندووە، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بڕیاری خۆی یەکلادەکاتەوە و دەیەوێت بە ئارامییەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە ماوەی رابردوودا لە کاتی سەردانیکردنی شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر بۆ فەرەنسا، ئێمباپێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە بۆ ئێوارەخوانێک بانگهێشتی کۆشکی ئێلیزی کرا و ئەو کاتە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هەردوولا دەیانەوێت گوشار بخەنە سەر یاریزانەکە بۆ ئەوەی لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام کیلیان زەحمەتە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
ئێمباپێ لە 2018 لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسییەوە پەیوەندیی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، یانەکە جارێک چووە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوەکەی لەدەستدا، لەم وەرزەشدا بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند کرایە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە