راهێنەری عێراق لەبارەی یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا هۆشداری دەدات

11-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گراهام ئارنۆڵد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەر لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئیندۆنیزیا هۆشداری دەدات و دەڵێت "پێویستە یاریزانەکان تەنیا بیر لە یارییەکە بکەنەوە و ئێمە ئامادەین."
 
راهێنەری عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە قسەیکرد و گوتی "زۆر بەپەرۆشین بۆ یارییەکە، یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیال زۆر گرنگن و ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێین، ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە. ئەگەر سەیری رێکخراوەیی یاریزانەکان بکەین 10 لە 10 یە، رێکخراوەیی یاریزانەکان هەرگیز بۆ من کێشە نەبووە، 100 لە 100 بۆ یارییەکە ئامادەین، دوو یەکەی راهێنانمان کردووە و ئامادەین بۆ یارییەکە."
 
ئارنۆڵد لەبارەی بیرکردنەوەی تیپەکەی دەڵێت "یاریزانەکان پێویستە بیرکردنەوەیان لای یارییەکە بێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بڕیارەکانی ناوبژیوان بیرکردنەوەمان لە دەستدەین، هیوادارم یاریزانەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن. ئێمە باس لە یاریی گرنگ دەکەین کە پاڵاوتنی مۆندیالە و من ئەزموونێکی زۆرم تێیدا هەیە، ئەمە یاریی یەکلاکەرەوەن بۆ گەیشتن بە مۆندیال، گرنگترین شت ئەوەیە هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین، گرنگترین شت ئەوەیە لەرووی هزرییەوە ئامادەبین، ئێمە بیر لە دوو یاری ناکەینەوە، سەرەتا بیر لە یاریی ئیندۆنیزیا دەکەینەوە پاشان بیر لە سعودیە دەکەینەوە، ئێمە ئێستا یەک یاریمان هەیە بەرامبەر ئیندۆنیزیایە و تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر قسەیکرد و گوتی "یاریزانەکان 100 لە 100 ئامادەن و ئەگەر ئامادەنەبوونایە لێرە نەدەبوون، پشتیوان بەخوا هەموو یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە ئامادەن و بەشداری دەکەن و چاومان لەو ئەنجامەیە کە دەمانەوێت، یاریزانەکان لەرووی جەستەییەوە ئامادەن و گۆڕانکاریی زۆر بە سەر یاریزانەکاندا هاتووە، لە چاو چوار مانگ لەمەوبەر."
 
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا باس لە دۆخی ئەیمەن حوسێن دەکات و دەڵێت "سەیری دۆخی ئەیمەن حوسێن دەکەین، ئەو بەشێوەیەکی زۆرباش جولە دەکات، بەڵام من پێویستیم بەو یاریزانانەیە کە 100 لە 100 ئامادەن."

 
محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو سپۆرتس بۆ رووماڵکردنی یارییەکانی عێراق لە سعودیە رایگەیاند، ئەیمەن حوسێن، لە دۆخێکی زۆرباشدایە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەییە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەدا نابێت.
 
ئەمشەو لە یەکەم یارییدا لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، کاژێر 22:30 هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر ئیندۆنیزیا یاری دەکات و رۆژی سێشەممەش رووبەڕووی سعودیە دەبێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتێکی راستەوخۆی مۆندیالی 2026.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە