رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "چاوەڕێی یارییەکی بەهێز دەکەین بەرامبەر ئوردنی سەرکەوتوو بۆ مۆندیال و ئامانجی یەکەمی ئێمەش گەیشتنە بە مۆندیال."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن لە قۆناخی هەشتی جامی عەرەب، قسەی بۆ رۆژنامەڤان کرد و گوتی "هەموو بیرکردنەوەمان لای ئەوەیە هەڵبژاردەی عێراق بگاتە ئامانجی سەرەکی خۆی کە گەیشتنە بە مۆندیال دوای 40 ساڵ، یارییەکەمان بەرامبەر ئوردن زۆر بەهێز دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردنی سەرکەوتوو بۆ مۆندیال، ئێمە سێ یاریی زۆرباشمان کردووە و هەموو توانایەکمان بۆ ئەم یارییە دەخەینەگەڕ."
ئارنۆڵد زیاتر قسەیکرد و دەڵێت "ئێمە چەند پێکانێمان هەیە و حوسێن عەلیش راگیراوە، یاریزانەکانمان لە رووی دەروونییەوە زۆرباش ئامادەن، بەرامبەر جەزائیر بە نزیکەیی یارییەکی تەواومان کرد، سەرەڕای ئەوەی ژمارەمان کەمبوو."
گراهام بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە ئەوەمان بەدەستهێنا کە لە سێ یاریی رابردوودا پێویست بوو بیکەین، ئێمە یاریزانمان لە خولی ناوخۆ هێناوە و بە ئاستەبەرزییەکەیان سەرسامیان کردین، هەڵبژاردەی ئوردن لە 10 ساڵی رابردوودا گەشەکردنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و گەیشتووەتە مۆندیال، داوا لە هاندەرانمان دەکەم پاڵپشتیی هەڵبژاردەکە بکەن، وەکو ئەوەی بەرامبەر ئیمارات کردیان، کاتێک لە دواوە بووین و بەپاڵپشتیی هاندەران گەڕاینەوە."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ستایشی جامی عەرەب دەکات و دەڵێت "جامی عەرەب سەرسامی کردم، لە ناوچەی جیاواز یارییەکانی بەڕێوەدەچن و هاوشێوەی جامی جیهانە، پاڵەوانێتییەکە هەلێکی زۆرباشە بۆ هەڵسەنگاندنی خۆمان و دەمانەوێت بگەینە بەرزترین ئاستی خۆمان."
رۆژی هەینی لە یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی عەرەب، کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئوردن یاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، ئاکام هاشم، ئەستێرەی کورد یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکان و لە پێکهاتەی سەرەکی یاری دەکات، شێرکۆ کەریم بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، ئەیمەن حوسێن پێکانی هەیە و ئامادە نابێت، حوسێن عەلی، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ