رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێزی دەستگیرانی، هاوبەشییەکی تایبەت و نموونەیی پێکدەهێنن.
لەکاتێکدا پابەندییە وەرزشی و بازرگانییەکانی ئەستێرە پپرتوگالییەکە رێگرن لەوەی بەتەواوی کات بۆ ئەرکە خێزانییەکانی تەرخان بکات، جۆرجینا بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە هەموو کارەکان لەئەستۆ دەگرێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئەستێرە ئەفسانەییەی جیهانی تۆپی پێ، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارێکی گرنگی داوە: تەرخانکردنی بودجەیەکی مانگانە بۆ خەرجییەکانی خێزانەکەی.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری داوە مانگانە بڕە پارەیەک تەرخان بکات و بداتە جۆرجینا بۆ داپۆشینی هەموو خەرجییەکانی خۆی و منداڵەکانی. چەندین دەزگای راگەیاندن ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕی پارەکە دەگاتە 100 هەزار یۆرۆ لە مانگێکدا، واتە 1.2 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا.
ئەم بڕە پارەیە بەمەبەستی دابینکردنی تێچووی جلوبەرگ، پێداویستییەکانی قوتابخانە، پێڵاو و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکەی پێنج منداڵەکەیانە کە بریتین لە: کریستیانۆ (بچووک)، ماتیۆ، ئیڤا، ئالانا و بێلا.
جۆرجینا لە لێدوانێکدا کە تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی گواستوویەتییەوە، دەڵێت "من هەل و ئاسوودەییەکم بۆ ڕەخساوە کە زۆر لە دایکان نییانە، بەخۆم دەڵێم: بۆچی ماڵەکەم جێبهێڵم و کاری دیکە بکەم، لەکاتێکدا ئەوەی بەڕاستی دڵخۆشم دەکات مانەوەیە لەگەڵ منداڵەکانم، پشتگیریکردنیان لە گەشەکردنیاندا، چاندنی بەهاکان تێیاندا و دڵنیابوونەوە لە گەورەبوونیان بە سەلامەتی لە سایەی دایکیاندا".
هاوبەشەکەی رۆناڵدۆ ئاشکرای دەکات کە ژیانی رێک بەو شێوەیەیە کە لە منداڵییەوە خەونی پێوە بینیوە و دەڵێت "لە منداڵیمدا خەونم بە خێزانێک و سوارچاکی خەونەکانمەوە دەبینی، ئەمڕۆ خەونەکەم بووەتە راستی لەگەڵ منداڵانی ناوازە. ئەوان پڕیان کردووم لە خۆشەویستی. من زۆر میهرەبانم و کەمێک هەستیارم، ئەوەندە خۆشم دەوێن ناتوانم لەگەڵیان تووند بم".
لە کۆتاییدا دەڵێت "من شانازی بەوەوە دەکەم ئەو پارەیەی لە بانکدا هەمە، بەرهەمی کارکردنی خۆم و شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانمە، چونکە توانیومە هاوسەنگییەک لەنێوان پابەندییە پیشەیی، کەسی و خێزانییەکانمدا بدۆزمەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ