رووداو - هەولێر
ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار، ئەمە ئەو پەندە کوردییەیە، کە رێک لەسەر رەوشی وەرزش بەشێوەیەکی گشتی و خولەکانی کوردستان دەچەسپێت، چونکە هیچ ساڵێک نەبووە بڵێین بەراستی ئەم وەرزە خولی کوردستان بێ کێشە بوو.
وەرزی 2018-2019ـی خولی نایابی کوردستان کۆتاییهات، وەرزێک کە بەراستی جێگەی شەرم و تێڕامانێکی زۆربوو، ئەگەرچی خولەکە لەرووی رکابەرییکردنی تیپەکانەوە باش و بەهێزبوو، بەڵام بەراستی بەداخەوە هەفتە نەبوو خولەکە شەڕ و ئاژاوەی تێدا نەبێت، یاریگە نەما جنێوی تێدا نەدرێت و پەیژە نەشکێندرێت.
هەموو ئەم شەڕ و ئاژاوانە لە خولی کوردستان پێمان دەڵێت، ئاستی رۆشنبیری یاریزانی کورد هێشتا زۆر لە خوارەوەیە، یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش نەیتووانیووە رێگری لەوە بکات، ئەگەر بەشێک نەبووبێت لە هۆکارەکان، رێگە چارەیەکی پێ نەبووە.
کە دەڵێم خولەکانی کوردستان راگرن بێ هۆکار نییە، چەند هۆکارێک هەن کە بەراستی ئەگەر بەمشێوەیە بۆ چەند ساڵی داهاتوو بەردەوامبن، لە تۆپی پێی کوردستاندا دار لەسەر بەرد نامێنێت و وەرزشی کوردستانیش لە جێگەی بەرەوپێشچوون زیاتر دوادەکەوێت.
هۆکارەکان ئەمانەن، یەکەم؛ یاریگەکانی کوردستان ئەوانەی شایستەی ئەوەن یاریی تێدا بکرێت لە پەنجەی دەست تێناپەڕن، باقی ئەوانەی دیکە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا زیاتر لە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەلەوانگە دەچن نەک یاریگە، کە بەراستی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرەوپێشچوون و بەرزبوونەوەی ئاستی یاریزان چیمەنی یاریگەیە، کە ئەمە لە کوردستان هەر نییە.
دووەم؛ کڕین و فرۆشتنێکی ئاشکرا لەنێو یانەکانی خولی کوردستان هەیە، یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش وەک ئەوەی لە گوێی گادا خەوتبێت خۆی لێ بێ ئاگا کردووە و هیچ کاردانەوەیەکی نییە، خێرە هەمووان بەمە دەزانن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئاگادار نییە، ئەگەر هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەمە نەدۆزرێتەوە، بەراستی ئایندەیەکی خراپ چاوەڕێیە.
سێیەم؛ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە بڕیاردان بوێر نییە و ناهاوسەنگییەکی زۆر بەبڕیارەکانییەوە دیارە، یانە هەیە دەیان کیلۆمەتر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییکردووە، بەهۆی ئەوەی لە یاریگەی ئەواندا شەڕ بووە، یانەش هەیە هەموو شتێکی کردووە لێی بێدەنگبوون.
چوارەم؛ لەگەڵ هەموو ئەو خولانەی ساڵانە دەکرێنەوە، هێشتا ناوبژیوانەکانی کوردستان لەرووی کۆنتڕۆڵکردنی یارییەوە زۆر لاوازن و بەئاسانی کۆنتڕۆڵ لە دەستدەدەن، ئەمەش بەشێکی پەیوەندیی بە کەسایەتی خۆیان و بەشێکیشیان لەژێر پاڵەپەستۆی ئەم و ئەوە.
پێنجەم؛ ئەوانەی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کار دەکەن بەشێکی زۆریان وەک ئەوەی نە بایان دیتبێت و نەباران، بێ ئاگان لە زۆرترین گۆڕانکارییەکانی وەرزشی کوردستان چ جای هی جیهان و نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە گۆڕانکارییەکی ریشەیی بکرێت، ئەگەر ئامانج بەرەوپێشبرنە، ئەگەر تەنیا بەرێکردنیشە با هەر وەک خۆی بمێنێتەوە.
شەشەم؛ ئەوەی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستاندا بیری لێ ناکرێتەوە و تەنیا کاتێک کاریان پێی بوو بیریان دەکەوێتەوە، میدیا و رۆژنامەڤانە، کە بەراستی ئەگەر ئێمەی میدیاکار نەبووینایە خولەکە بەمشێوەیەش نەدەبوو، بەڵام لەدوایین رێورەسمی خولەکەدا تەنانەت ئاوێکیشیان بە رۆژنامەڤان نەدا.
حەوتەم؛ لە هەموو خولێکی دونیا ساڵانە باشترین یاریزان، باشترین گۆڵکار، باشترین گۆڵپارێز، باشترین تیپ خەڵاتدەکرێن و هیچ یەکێکیان باسی لایەنی دارایی و پارە ناکەن، بەڵام لە کوردستان گۆڵکار کە تەنیا یەک ملیۆن دیناری پێدرا بەشانازییەوە باسی دەکرێت، کە هیچ پێویست بەوە ناکات بڕی پارەی پێدراو بە تیپ و یاریزان دیاریی بکرێن، هەروەها ئەو میدالیایانەی بە تیپەکانی یەکەم و دووەم دران وەختی خۆی لە کوڵان ئێمە لە خولەکاندا دابەشمان دەکردن.
ئازیزان و هاوڕێیانم لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و یانەکان، جیهان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و رۆژانە بە چرکە و خولەک دەتوانن ئاگاداری دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان بکەن، بڕۆن سەیری خولی سعودیە بکەن، سەیری ئەکادیمیاییەکانی قەتەر بکەن، زۆر دوور نەچن، سەیری شارەکانی عێراق بکەن، چ یاریگەیەکیان دروستکرد لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، بۆ هەر بێدەنگ دەوەستن و هیچ هەنگاوێک ناهاوێژن، بۆ بیر لەوە ناکەنەوە خولەکە بۆ دوو وەرز رابگرن با هەموو ئەو داهاتەی دێتە دەست یانەکان لەپێناو باشکردنی یاریگەکانیان بخەنە کار، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سەر لە نوێ خۆی تازە بکاتەوە و گۆڕانکارییەکی گەورە بکات، ئەو کاتە گەنجەکانیشمان هیوایان بە ئایندە زیاتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ